لـوبــنــان، دەبێتە گرێکوێرەی ڕێکەوتنەکە؟

2026-04-11
دیبلۆماتیک

لە ئیسلام ئاباد، شاندی ئەمەریکاو ئێران کۆدەبنەوەو حیزبوڵڵا لە ئاڕاستەکردنی مووشەک بەرەو ئیسرائیل نەوەستاوەو ئیسرائیلیش لە بۆردومانکردنی باشووری لوبنان بەردەوامە، 

ئێران دەڵێت، دەبێت ئاگربەست و ڕاگرتنی هێرشەکان هەموو شوێنێک بگرێتەوەو بوردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر  حیزبوڵڵاش لە لوبنان بوەستێت، ناتانیاهۆش دەڵێت لوبنان لەناو ڕێکەوتنی ئاگربەستدا نییە.

حیزبوڵڵا، لە جەنگەکەدا کۆڵەکەیەکی گەورەو گرنگبوو بۆ ئێران و زۆرێک لەو مووشەکانەی شارەکانی ئیسرائیلیان دەپێکا، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە باشوری لوبنانەوە ئاڕاستەی دەکردن، بۆیە ئەو هێزە چەندە بۆ ئێران گرنگە زۆر لەوە زیاتر ئیسرائیل بە مەترسی بۆ سەر خۆیی دەزانێت، هەر ئەمەش بوو وایکرد کە لەیەکەم ڕۆژی وەستانی جەنگەکەدو ئەو ڕۆژەی ئاگربەستکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەو،  ئیسرائیل زۆر بە سەختی و فراوانی بۆردومانی بنکەو پێگەکانی حیزبوڵڵای دەستپێکردو لەو ڕۆژەدا لە نیو کاتژمێردا سەدو سی جار هێرشیکردە سەریان.
هاوکات هەر ئەو ڕۆژە، بەپێی هەواڵی کەناڵی 12ی ئیسرائیلی، زیاتر لە 100 موشەک لە لوبنانەوە بەرەو ئیسرائیل ئاراستە کراون.

ئێران ڕاگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوڵڵا لە لوبنان کردووەتە یەکێک لە بنەماکانی دانووستان و ڕێکەوتن و سەرۆکی لوبنانیش دەڵێت، نابێت کەس لە بری ئێمە بڕیاری دانووستان لەسەر وەستاندنی جەنگ لە لوبنان بدات.

جۆزیف عەون، سەرۆکی لوبنان، پەیامێکی توندی بڵاوکردەوە لە بارەی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران و ڕایگەیاند، ڕێگە نادەین  هیچ کەسێک لە جیاتی ئێمە بڕیاربدات و دانووستان بکات، خۆمان وڵاتێکی خاوەن سەروەرین و توانای ئەوەمان هەیە دانووستان بکەین

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاویکردەوە کە ناوەڕاستی ئەم  هەفتەیە میوانداری کۆبوونەوەی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەکەین.

ئاژانسی سی بی ئێس، بە پشتبەستن بە سەرچاوە دیپلۆماسییەکان باسیلەوە کردووە کە ترەمپ هاوڕا بووە کە ئاگربەستەکە لوبنانیش بگرێتەوەو بۆ ئەو مەبەستە داوای لە ناتانیاهۆ کردووە هێرشەکان بۆسەر لوبنان ڕابگرێت.
سەبارەت بە ڕاگرتنی هێرشەکان بۆسەر لوبنان، ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە کە ئیسرائیل لەژێر گوشاری ئەمەریکادایە بۆ ڕاگرتن یان کەمکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان.
 .
سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە بەردەوام دەبن لە شەڕکردن لە لوبنان و هەوڵ دەدەن بۆ لابردنی مەترسی ڕاستەوخۆ بۆ سەر شارۆچکەکانی باکوری ئیسرائیل کە حیزبوڵڵا دروستیکردووە.

کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە کە ئیسرائیل هیچ چاوەڕوانییەکی بۆ دانووستان و ڕێکەوتن لەگەڵ لوبنان نییەو پێداگر ە لەسەر لەناوبردنی ئەو مەترسییەی کە لە بنشووری لوبنانەوە لەسەریەتی.

هەرچەندە سەرۆکایەتی لوبنان ڕایگەیاندووە، لەگەڵ ئیسرائیل ڕێکەوتووین، بۆ ئەوەی ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو کۆببینەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست بەڵام ئەکسیۆس دەڵێت، ئیسرائیل تا ئێستا بڕیاری ڕاگرتنی شەڕو ئاگربەستی  لوبنان نەداوو ئامادەش نییە  ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ لوبناندا لە واشنتۆن کۆ

ڕۆژنامەی مەعاریف"ی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە کە بەپێی ڕاپرسییەک، 77%ی ئیسرائیلییەکان بیرۆکەی ئاگربەست لە لوبنان ڕەتدەکەنەوە و داوای بەردەوام هێرشەکان دەکەن دژی حیزبوڵڵا.

ئەمڕۆش کە شاندنی ئێران لە پاکستانن بۆ گفتوگۆکردن، ئێران جەختدەکاتەوە کە ڕاگرتنی جەنگ لە لوبنان و کۆتاییهێنان بە هێرشەکان بۆ سەر حیزبوڵڵا یەکێک لە مەرجەکانی ئەوانە بۆ گفتوگۆکردن.

هاوکات، ئیسرائیل جەخت لە بەردەوامی هێرشەکان بۆسەر  لوبنان دەکاتەوەو هەر ئەمڕۆش باشووری لوبنانی بە سەختی بۆردومان کرد، هەر لێرەوەیە کە چاودێران پێیانوایە کە پێدەچێت لوبنان ببێتە گرێکوێرەکەی دانووستانەکەو هەڵگیرسانەوەی گەڕی سێیەمی جەنگەکە.