بۆچی هێمەتی لە ئیسلام ئابادە؟  ١٠٠ ملیار دۆلار پارەی بلۆککراوی ئێران لەسەر مێزی گفتوگۆیە

2026-04-11
بەشداریی عەبدولناسر هێمەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی لە شاندی دانوستانکارى ئێران، لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو دۆسیانەی لە نێوان تاران و واشنتۆن خراونەتە ڕوو کە لە چوارچێوەی ئەتۆمی و سەربازی دەرچوون و پرسە داراییە ئاڵۆزەکانیش دەگرنەوە؛ لە سەرووی هەمووشیانەوە پارە بلۆککراوەکانی ئێران و میکانیزمەکانی دەربازبوون لە سزاکان.
سامانی بلۆککراوی ئێران لە دەرەوە بە زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت،ئێران بەدواى هەڵێکدا دەگەڕێت لە چوارچێوەى دانوستانەکان ئەم پارنەش بگەڕێنێتەوە.
بوونی هێمەتی لە شاندەکەدا ئاماژەیە بۆ چارەسەری ئەم دۆسیەیە بە شێوەیەکی تەکنیکی، بەتایبەت کە بانکی ناوەندی لایەنی بەرپرسە لە یەدەگی دەرەکی، نرخی ئاڵوگۆڕی دراو، و میکانیزمەکانی گەڕانەوەی ئەم پارانە بۆ ناو ئابووری ناوخۆ بەبێ دروستکردنی بەبێ‌ كێشە.
بەشداریی هێمەتی تەنها هێما نییە، بەڵکو لایەنێکی کردەیی و ستراتیژی هەیە. ئەو شارەزایەکی ئابووری دیارە کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥دا دوای دەستلەکارکێشانەوەی "محەمەد ڕەزا فەرزین" دووبارە کرایەوە بە پارێزگاری بانکی ناوەندی، ئەمەش دوای دابەزینی بەهای ڕیالی ئێرانی و هەڵاوسانی بەرز.
هێمەتی، کە لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٧ـە و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە ئابووری لە زانکۆی تاران، پێشتریش لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨-٢٠٢١ هەمان پۆستی هەبووە. ئەو سەرۆکایەتی لیژنەی ئابووری لەناو شاندی دانوستانکاردا دەکات، ئەمەش نیشانەی جددییەتی تارانە لەوەی دۆسیەی ئابووری بکاتە چەقی گفتوگۆکان.
بوونی هێمەتی ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی تاران هەوڵ بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیر دەدات کە ئەمانە لەخۆ بگرێت: ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان، سەقامگیرکردنی دراوی ئێران، و سوککردنی سزاکان لەسەر بانک و بازرگانی، هاوتەریب لەگەڵ دانوستانە سەربازی و سیاسییەکان.
بە بڕوای چاودێران، ئەم بەشدارییە "کارتێکی زێڕینە" بۆ ئێران؛ چونکە هێمەتی دەتوانێت چارەسەری تەکنیکی بۆ کێشە داراییە ئاڵۆزەکان بدۆزێتەوە، لەگەڵ سوودوەرگرتن لەوەی کە سەرۆکایەتی شاندی ئەمریکی لەلایەن جێگری سەرۆک "جی دی ڤانس"ـەوە دەکرێت، کە ئێرانییەکان وا هیوای بۆ دەخوازن توندڕەویی کەمتری هەبێت لە دانوستانەکاندا.
هەژموونی هێمەتی لە سنووری پۆستێکی کارگێڕی تێدەپەڕێت؛ ئەو تەکنۆکراتێکە کە شارەزایی بانکی و دیپلۆماسی پێکەوە گرێداوە. کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر سەقامگیری دراو، بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان و بەڕێوەبردنی سەرمایە بلۆککراوەکان.
بەپێی میدیاکانی ئێران، هێمەتی بە ئەڵقەی پەیوەندی نێوان ڕەوتی چاکسازیخواز و دامەزراوە ئابوورییەکان دادەنرێت، ئەمەش خاڵێکی زیادەیە بۆ هۆکاری بەشداریکردنی لە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد.
 ڕژێمی ئێران پشت بە هێمەتی دەبەستێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی سزاکان و ڕاکێشانی وەبەرهێنان؛ سەرەڕای ڕەخنەکان لە هەندێک سیاسەتی، ئەو وەک یەکێک لە بەهێزترین دەنگە ئابوورییەکانی تاران دەمێنێتەوە کە هاوسەنگی لە نێوان پراگماتیزم و دڵسۆزی بۆ سیستەمەکەدا دروست دەکات.
لە نوێترین هەواڵایشدا لەسەر ئەم پرسە،ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لە زاری "سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی" بڵاویکردەوە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕەزامەندی داوە لەسەر ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران. سەرچاوەکە ئەوەشی زیاد کردووە کە تاران ئەم هەنگاوە وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ نیازپاکی و بەڵگەیەک بۆ جدییەت سەبارەت بە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی دەبینێت.