فایەق شێخ عەلی سەرشێتترین پەرلەمانتاری عێراق

2022-08-14

دژی سەدر و مەلا شیعەکانە، توڕە و قسە لەڕووە، زۆر کاتیش لە سودی سەدام قسە دەکات و ئێرانیشی خۆشناوێت، نوکتەی هێندە سەیری هەیە هەموان دەخاتە پێکەنین. 

پارێزەرە و سەرۆکی حزبیشە، هەر کەسێک لەسەر حوکم بێت، سەدام حسێن بێت یاخود کازمی یان مالکی و عەبادی ئەو هەر ئۆپۆزسیۆنە.

دەمی ناوەستێت و هەر كە قسە دەكات ئەوەی لە ژێر بەڕەیە دەیخاتە سەر بەڕە.

فایەق شێخ عەلی ساڵی ١٩٦٣ لەنەجەف لەدایکبووە، یەکێک بووە لەوانەی دژی سەدام لە ساڵی ١٩٩١ ڕاپەڕی، بەڵام شکستی ڕاپەڕینەکە، بەرەو بەریتانیا دەریپەڕاند، کەچی ئێستا ستایشی سەدام حسێن دەکات

تەنانەت ڕقی لە دەسەڵاتی شیعەی ئێرانە و دەڵێت یەکەم کەس کە دەچێتە بەردەم دەرگای بەهەشت شای ئێرانە، كاتێك لێی دەپرسن تۆ ئەو هەموو خراپەیەت کرد ئێستا چۆن دەچیتە بەهەشت، ئەویش دەڵێت خەڵکی ئێران هەموو بەیانی و ئێوارەیەك لە داخی دەسەڵاتی مەلاکان  دوعای خێریان بۆ کردووم و بەو هۆیەوە خودا لێم. خۆش بووە

 

فایەق شێخ عەلی تەنانەت وەختی خۆی لە ناو حزبە شیعییەکاندا لەسەر ئەو بۆچوونانەی جێگەی نەبوویەوە و دەریانکرد

 ئەو دەڵێت هەندێک لە حزبە ئیسلامییە شیعیەكانی عێراق مانگانە ٥٠ ملیۆن دۆلاریان لە قومار و بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەست دەکەوێت.

فایەق  شێخ عەلی بەوە ناسراوە زۆر قسە لەڕووە، تانەت بە حەنان فەتلاوی پەرلەمانتاری پێشووی عێراقی وت تۆ لەشفرۆشێکی لوبنانیت، لەسەر ئەو قسەیەش لە پەرلەمانی عێراق حەسانەی لێ سەندرایەوە.

ئەو تەنانەت ستایشی سەرکردەکانی بەعس دەکات و دەڵێت 
 ئەو سیاسیانەی حوکمی وڵاتەکە دەکەن گوێبگرن کە چەند ڕەوشت نزمن و پـێڵاوەکانی ئەحمەد حەسەن بەکر لەوان خاوێن ترە

تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی وادەی کۆتایی هاتنی عێراقیش ڕادەگەیەنێت و دەڵێت 
لە دوورترین وادەدا، تا كۆتایی ساڵی 2024، عێراقی ئێستا كۆتایی دێت، 
"بەرپرسەكان، ئەوەی شەڕ دەكات، دەکوژرێت، ئەوەی خۆی بەدەستەوە دەدات، دادگایی دەكرێت و هەموو ئەو پارانەی بردویانە و بۆ هەر كوێیان بردووە، دەستی بەسەردا دەگیرێت".

شێخ عەلی تەنانەت ئۆپۆزسیۆنی موقتەدا سەدریشە و دەڵێت 
 بەهۆی ئەوەی ئەمریكا پلانی كوشتنی موقتەدا سەدر-ی هەبووە، بۆیە ناوبراو بەردەوام سەردانی ئێران دەكات، چونكە ئەو وڵاتە شوێنێكی پارێزراو و ئارامە بۆ سەدر.

فایەق  شێخ عەلی 
ئەگەرچی پیاوێکی قسە خۆشە بەڵام هەمیشە بە لێدوانە توندەکانی هەرا دەنێتەوە، کەچی بەرامبەر هەرێمی کوردستان هەڵوێستی ئیجابییە و بەردەوام پشتگیری هەرێمی کوردستان دەکات.