دەنگی ئەمریكا: بەتۆمەتی سپیكردنەوەی پارە و بەرتیل،ئەمریكا  دەستبەسەر كۆشكە 30 ملیۆن دۆلاریەكەی مەنسور بارزانیدا دەگرێت

2026-04-25
 لە پشتی پەردەی دادگاکانی کالیفۆرنیاوە دۆسیەیەکی "سەرسوڕهێنەر" هەڵدرایەوە. حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە ڕێگەی وەزارەتی دادەوە، جەنگێکی یاسایی ڕاگەیاندووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی یەکێک لە گرانبەهاترین موڵکەکانی ناوچەی "بێڤەرلی هیڵز"، کە بەپێی بەڵگەنامەکانی دەنگی ئەمەریکا، خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مەنسور بارزانی، فەرماندەی سەربازی و کوڕی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان.

چیرۆکەکە لە ساڵانی ٢٠١٦ بۆ ٢٠٢٠ دەست پێ دەکات، ڕێک لەو کاتەی هەرێمی کوردستان لە شەڕێکی خوێناویدا بوو دژی داعش. بەپێی سکاڵاکە، کۆمپانیایەکی ئەمەریکایی بە ناوی (دی جی سی ئای ئینتەر ناشنال) کە بنکەکەی لە ڤێرجینیایە، پلانێکی نایاسایی داڕشتووە.
کۆمپانیاکە لە بەرامبەر بەدەستهێنانی گرێبەستی ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکردنی سووتەمەنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا، بڕی ٢٥ سەنتی وەک بەرتیل بۆ هەر لیترێک سووتەمەنی داوەتە مەنسور بارزانی. ئەم پارەیە لە بەرامبەر "دەستڕاگەیشتنی تایبەت" بە بنکە سەربازییەکان و قۆرخکردنی بازاڕی سووتەمەنی بووە، بە جۆرێک ڕێگری لە کۆمپانیا ڕکابەرەکان کراوە فڕۆکەخانەی هەولێر بەکاربهێنن.

ئەو پارانەی کە واشنتن بە "نایاسایی" وەسفیان دەکات، تەنها لە ژمارە بانکییەکاندا نەمامەتەوە. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئیف بی ئای و ئای ئار سی لە ساڵی ٢٠١٨دا نزیكەی ٣٠ ملیۆن دۆلار لەو داهاتە گواستراوەتەوە بۆ سندوقێکی متمانە  و دواتر کراوە بە کۆشکێکی ئەفسوناوی لە شەقامی "فوت هێڵ" لە بێڤەرلی هیڵز.
كۆشكەكەی مەنسور بارزانی دەكەوێتە ویلایەتی كالیفۆرنیا و نرخەكەی بە 30 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
بەپێی راپۆرتەكەی دەنگی ئەمریكا ڤێلاکە بە دیزاینی کلاسیکی فەرەنسی لەسەر ڕووبەری زیاتر لە ٤ هەزار مەتر دووجا دروستكراوە و پێکهاتووە لە ٦ ژووری خەوتن و مەلەوانگەیەکی گەورە و باخچەی شێواز ئەوروپایی و تەنانەت "شانۆیەکی تایبەتیشی تێدایە.

ئەوەی ئەم کەیسە جیادەکاتەوە، قورسایی ئەو لایەنانەیە کە لێکۆڵینەوەی تێدا دەکەن. نەک تەنها وەزارەتی داد، بەڵکو بەهێزترین دەزگا ئەمنییەکانی ئەمەریکا (ئ]ف بی ئای) و دەزگای باج  پێکەوە کار لەسەر ئەم دۆسیەی "سپیکردنەوەی پارەیە" دەکەن.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی سیستەمی دارایی ئەمەریکا بۆ حەشاردانی ئەو پارانەی لە ڕێگەی گەندەڵی و فێڵکردن لە وەزارەتی بەرگری  بەدەستدێن.

هەرچەندە تا ئێستا ئەم دۆسیەیە لە چوارچێوەی "سکاڵای مەدەنی" و "تۆمەت" دایە، بەڵام وەک دەنگی ئەمەریکا ئاماژەی پێ کردووە، ئەرکی حکومەتی ئەمەریکا لە ئێستادا سەلماندنی ئەو پەیوەندییە داراییە نایاساییەیە لە دادگا. ئەم کەیسە نەک تەنها چارەنووسی کۆشکێکی گرانبەها، بەڵکو پەردە لەسەر پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان بزنس و دەسەڵاتی سەربازی لە سەردەمی جەنگی دژ بە داعش لادەدات.

دەنگی ئەمەریکا دەڵێت هەوڵی داوە پەیوەندی بە لایەنە تۆمەتبارەکانی ئەم كەیسەوە بکات،بەڵام هێشتا وەڵامێكی لەو لایەنانەوە بەدەستنەگەیشتووە.