هاوشێوەکەی پۆتین

ئەو پیاوەی سەرۆکەکانی فریودا
2022-08-14

کەس باوەڕناکات، ڕاست بێت یاخود نا، بە ئەستەم جیاوازییەکی دەدۆزیتەوە، هەندێک دەڵێن تۆزێک خرپنترە، هەندێکی دیکە دەڵێن بە تاڵە مووش جیاوازی نییە، بەڵام دەزگای هەواڵگری ئۆکرانیا دەڵێت ڕاستە و ئەوەی ئەردۆغان و سەرۆکی ئێرانی بینی کەسێکی دیکە بوو.

کریلۆیا بودانۆڤ، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئۆکرانیا بە رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی راگەیاندووە، " "ئەو کەسەی سەردانی ئێرانی کردووە پۆتین نەبووە بەڵکو هاوشێوەکەی بووە، ئەگەر سەرنجیش بدرێت کاتێک لە فرۆکە تایبەتییەکەی دادەبەزێت، بە ئاشکرا ئەوە بە دی دەکرێت کە ئەوە کەسێکی دیکەیە و لاشەیەکی پلاستیکی دەستکردی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی هاوشێوەی پۆتین دەربکەوێت و تەنانەت روخساریشی جوانکاری تایبەتی بۆ کراوە." 

کریلۆیا بودانۆڤ، ئەوەشی خستووەتەڕوو، "جوولە و چالاکی پوتین لەو دیدارەیدا نائاسایی بوو، ئەو پیاوەی لە فیلمەکە دەبیندرا، ڤلادیمێر پۆتین نەبوو. سەرنج بدەنە کاتی دابەزینی لە فرۆکەکەی، ئەرێ ئەوە پۆتین بوو؟ بێگومان نەخێر بە هیچ جۆرێک".
ماوەیەکی زۆرە دەنگۆی ئەوە هەیە کە ڤلادیمێر پۆتین تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە، بەڵام لە کاتی سەردانیدا بۆ تاران و کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی ئیبراهیم رەئیسی، زۆر چالاکتر و پڕ وزە تر لە ئاستی ئاسایی خۆی بوو.

 


تەنانەت پشوو درێژ بوو، کاتێک ئەردۆغان دواکەوت چاوەڕێی کرد، پێدەکەنی و ڕووە گرژەکەی نەمابوو.
 ئەفسەرێکی پێشووی دەزگای زانیاری رووسیا وتوویەتی" "زیاتر لە کەسێکی هاوشێوەی پۆتن، ئامادەکراوە بۆ ئەو کاتەی کە نەشتەرگەری بۆ سەرۆکی رووسیا دەکرێت."

دەشڵێت، "هەندێ ڤیدیۆی پۆتین لە کاتی ئیمزاکردن و لە کۆبوونەوەکاندا نیشان دەدرێن، لە راستیدا ئەو ڤیدیۆیانە پێشتر تۆمار کراون و تەنیا بۆ ئەوە نمایش دەکرێن تا بڵێن کە تەندروستی سەرۆکی رووسیا جێگیرە.
ئەم بابەتە پاش ئەوە دێت، کە دەزگای هەواڵگری رووسیا لە ساڵی 2000 پێشنیاریان بۆ پۆتین کردووە لە کاروبار و رێوڕەسمە سەربازییەکاندا، کەسێکی هاوشێوەی ئەو دابندرێت، بەڵام پۆتین ئەوەی رەتکردووەتەوە.
ئێستا پۆتینێی گرژ و مۆن هەیە و پۆتینێکی دیکەش هەیە توندو ڕەق، هەردووکیشیان لەگەڵ گەورەترین سەرۆکە جیهانییەکان کۆدەبنەوە، ئەگەر ئەم چیرۆکە ڕاست بێت، ئەوە پیاوێک هەیە سەرکردە گەورەکان فریودەدات، بەبێ ئەوەی خۆی نە سەرۆک بێت نە هیچ، بەڵام دەتوانێت فڕۆکەی سەرۆکیش بەکاربهێنێت.