شەڕی ساردی چین و تایوان، مەترسییەکی دیکە لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی..

2022-08-17

فرسەت سەیدشکور

لە دوای ڕاگەیاندنی شەڕ لەلایەن ڕوسیاوەوە و گەیشتنی سەربازانی ڕووسیا بەنێو خاکی ئۆکراینا، جیالە کوژرانی ھەزاران سەرباز لەھەردوولا و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و وێرانبوونی بەشێکی زۆر لەو شارانەی کە جەنگ تێیاندا بەردەوامە، کاریگەرییە فراوانەکەی ئەم جەنگە ھەر زوو لەسەر دۆخی سیاسیی، سەربازیی،ئابووریی دەرکەوتن.

جەنگەکە، ئاراستەو تێروانینی ووڵاتانی ئەوروپا و ھەتا ئەمریکاشی بەرانبەر ڕووسیا گۆڕی، بە دروستی کاریگەریی تەواوی خستە سەر نرخی نەوت و خۆراک لەسەرانسەریی ئەوروپا و لە ھەندێک شوێن قەیرانی گەورەی خۆراکی دروستکردووە.

چین و تایوان

دەوڵەتی كۆماری چین لە ساڵی 1911 بنیات نرا  و لە ساڵی 1912 بە فەرمی ناسرا. ئەو دەوڵەتە لە رابردوودا هەموو چین و مەغۆلستانی لەخۆ دەگرت. لەدوای شەڕی دووەمی جیهانیی دوورگەكانی تایوان و پەینگۆی لە ژاپۆن ستاندەوە و دەستوورێكی نوێشی دانا كە لە ساڵی 1947 پەسند كرا. لە ماوەی شەڕی ناوخۆیی چین لە ساڵی 1949پارتی ناسیۆنالیستی چین كە بەسەر وڵاتدا زاڵ بوو بەرانبەر بە پارتی كۆمۆنیسیتی چین پاشەكشەی كرد و بە ناچار حكوومەتی كۆماری چین لە دوورگەی تایوان بنیات نرایەوە و تایپەش بوو بە پایتەختی ئەو حكوومەتە و خۆی بە خاوەندارییەتی یاسایی  وشەرعی هەموو خاكی چین و مەغۆلستان هەژمار كرد.

ئەو حكوومەتەی لە تایوان دامەزرابوو لە سەرەتای شەڕی سارد لە لایەن زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا و رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بە تاكە حكوومەتی یاسایی چین هەژمار دەكرا و تەنانەت لە دامەزرێنەرانی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانیش بوو و تا ساڵی 1971 ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی رێكخراوەكە بوو. هەر لەو ساڵەدا لە رێكخراوەكە دەركرا و كورسییەكەی بە كۆماری گەلی چین بەخشرا.

رووبەری تایوان 35 هەزار و 980 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانی سەرووی 23 ملیۆن كەس دەبێت. دراوی فەرمی تایوان دۆلارە. كۆمپیوتەر، ئامێرەكانی كۆمپیوتەر و ئامێری ئەلیكترۆنیكی لە گرنگترین ئەو بەرهەمانەن ئەو وڵاتە هەناردەیان دەكات.

ھۆکاری ئاڵۆزییەکان

كۆماری گەلی چین حكوومەتی تایوان بە نایاسایی هەژمار دەكات و خوازیارە بگەڕێندرێتەوە سەر وڵاتەكەی. تایوان سەرەتا یەك حزب تیایدا حوكمی دەكرد بەڵام دواتر بوو بە وڵاتێكی فرە حزبی. زۆرێك لە وڵاتانی جیهان لە ژێر كاریگەری چین پێوەندییان لەگەڵ تایواندا نییە و بە گشتی 21 وڵاتی دنیا تایوان بە فەرمی دەناسن، بەشێکی زۆر لە «زلھێزان»ی جیھان، لە ترسی لەدەستدانی پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکانیان لەگەڵ چین نایانەوێ ھاوسۆز و ھاوکاریی تایوان بن لە ھیچ ڕوویەکەوە.

لەم چەند ساڵەی دواییدا لە تایوان گۆڕانكاری سیاسی رووی داوە، پێوەندییەكانی نێوان چین و تایوانیش تارادەیەك ئاسایی ببوویەوە و تایوان بە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی چین هەژمار دەكرێت، بەڵام لەدوای دەستپێکی شەڕی نێوان ڕوسیاو ئۆکراینا و تاڕادەیەک کاردانەوەی ئاسایی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا، بە ڕادەیەکی زۆر خەونی دەستخستنەوەی تایوانی لەلایەن چینەوە زیندووکردووەتەوە.

تایوان بە «نۆزدەیەم» ئابووری جیهان هەژمار دەكرێت و لە رووی تەكنەلۆجیا و پیشەسازیی زۆر پێشكەتووە و لە رووی دیموكراسیی و چاودێری تەندروستی و پەروەردەش پێگەیەكی باڵای هەیە، (گەشە ئابوورییەکانی تایوان لەلایەن چینەوە ھەرس ناکرێت) بەوپێیەی لە ئێستادا چین لە ململانێی گەورەی ئابووریی و سیاسیی و ھەتا بابەتی تەکنەلۆجیاشدایە لەگەڵ ئەمریکا، خواست و ئارەزووی ئەوەی نییە، لە بندەستی خۆیەوە دەوڵەتێکی دیکە گەشە بکات، کە تا ڕاددەیەکی زۆر لەژێر ھەژموونی و کاریگەریی ئەمریکادایە.

ڕۆڵی ئەمریکا لە گرژییەکان

کاریگەریی گەورەی ئەمریکا و حاکمێتییەکەی ئێستای لە جیھاندا لەلایەن دەوڵەتانی وەک چینەوە قبوڵ نەکراوە، ئەمریکاش بەوە ناسراوە، ھەمیشە پاڵپشتی ئەو گرووپ و ھەرێم و دەوڵاتانە دەکات کە دژی چین یان ئێران ھەریەک لەو وڵاتانەی دژبەرین بە ھەموو ڕێگەیەک دەگرێتە بەر.
ڕەنگە پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ تایوان ھێندەی دیکە چینی توڕەکردبێت.
بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی (CNN)ی ئەمریکی ھەفتەی ڕابردوو 
‎وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوید ئۆستن  پشتیوانی ئەمەریکای بۆ تایوان دوپاتکردەوە و پێشنیاری کردووە، لە سەکۆی بەرگری یەکەم لە (ئاسیا) پێویستە چین چالاکییەکانی کەم بکاتەوە.

‎ئۆستن لەدیالۆگی "شانگری لا" لەسەنگافورە قسەیکرد و باسی لەزیادبوونێکی جێگیری چالاکیە سەربازییەکانی کرد لەنزیک تایوان.

تایوان و چین لە ماوەی شەڕی ناوخۆیدا لە ساڵی 1949دا دابەش بوون، بەڵام چین ئەو دوورگەیە وەک خاکی خۆی بانگەشە دەکات و بەڵام بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ بڕیاری نەداوە.

ئۆستن لە ناونیشانەکەیدا گووتی: ئێمە جەخت لەسەر پاراستنی ئاشتی، سەقامگیری و بارودۆخی تایوان دەکەینەوە . 
بەڵام جوڵەکانی پی ئاڕ سی هەڕەشەی لاوازکردنی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە هیند و ئۆقیانووسیا دەکات.

‎ئۆستن ڕووئیای (ئەمریکا)ی بۆ ئەم بابەتە خستووەتەڕوو، ڕوونی کردووتەوە، لە کاتێکدا ئەمریکا پشتگیری سەربەخۆیی تایوان ناکات، بەڵام نیگەرانییەکی گەورەی هەیە سەبارەت بە هەڵسوکەوتی ئەم دواییەی چین و پێشنیاری کرد کە پەکین لەوانەیە هەوڵی گۆڕینی دۆخەکە بدات
بەڵام 
‎وتەبێژی وەزارەتی بەرگری چین (کۆل وو کیان) دەلێت:
‎ چین وەڵامی هەر جوڵەیەک دەداتەوە کە ئارمانج لێی بە سەربەخۆیی ناساندنی فەرمی تایوان بێت و  بە تێکشکاندن، ھەتا بە جەنگیشەوە.

نیگەرانییەکانی چین

‎ چین وای دەبینێت: 
‎ئەمریکا بەنیازە ناتۆیەکی ئاسیایی دەست پێبکات بە چوونەدەرەوەی هیند و هێمن بەڵام ئەمریکا چەندین ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردووەوە، کە ئەوان بەدوای ڕووبەڕووبوونەوە و ململانێدا ناگەڕێن و بەدوای شەڕێکی ساردی نوێدا ناگەڕێن، نە ناتۆیەکی ئاسیایی، یان هەرێمێک دابەشی کوتلە نەیارەکان دەکەین.
چین دەڵێت لە ئەمەریکا پشتیوانی لە تایوان دەکرێت سەرۆکی چین (جی سی پینگ) بە ئەمریکا دەڵێت " یاری بە ئاگر دەکەن."

لە ڕاستیدا چین دەیەوێت گفتوگۆ و هاریکارییەکان لەگەڵ ئەمەریکادا بپارێزێت.بەڵام لای وایە؛ ئەمەریکا کۆمەڵێک شتی نابەرپرسانەی وتووە و کۆمەڵێک کاری وروژێنەرانەی لە تایوان و دەریای باشووری چین ئەنجامداوە و لەڕێی فڕۆکە و کەشتیە جەنگیەکانیەوە ئەرکی چاودێری لە نزیکەوە ئەنجامداوە."
ھەروەھا " چین مەرجی هەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان سوپاکانی ئەمەریکا و چین، سەروەریی و یاسا و بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی نابێت پێشێل بکرێن، بەتایبەتی لەسەر بابەتی تایوان، چین هیچ دەرفەتێک نادات بە سازدان و ئەمەریکاش دەبێت هیچ خەیاڵێک نەکەنەوە سەبارەت بەمە."
تایوانی دیموکرات دژایەتی فشارە سەربازیی و سیاسییەکانی چین دەکات بۆ سەر دورگەکە، چین دەیەوێت لەو ڕێیانەوە تایوان ناچار بکات فەرمانڕەوایی چین پەسەند بکات.
سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن بەڵێنیداوە بەرگری لە دورگەکە بکات و دەڵێت تەنها خەڵکی تایوان دەتوانن بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدات.

تایوان کە هیچ پەیوەندییەکی دیبلۆماتی فەرمی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا نیە جگە لە ڤاتیکان نەبێت، بەڵام سوورە لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەندامانی یەکێتی ئەوروپادا پتەوبکات.
پالپشتییە نوێیەکانی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ تایوان لەکاتێکدایە چین فشارە سەربازییەکانی بۆ سەر دورگەکە زیادکردووە، بەردەوام فڕۆکەی جەنگی ڕەوانەی نزیک تایوان دەکات.
ڕافائیل گلوکسمانی ئەندامی فەڕەنسا لە پەرلەمانی ئەوروپا بە سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێنی وت " بە پەیامێکی زۆر ڕوون و سادەوە هاتووین بۆ ئێرە: ئێوە بە تەنها نین. ئەوروپا لەگەڵتاندایە."
سەردانەکەی پەرلەمانی ئەوروپا وەکو یەکەم هەنگاوی گرنگ سەیردەکرێت.