كارەكتەرێكی نوێ‌ لە ناو بنەماڵەی بارزانیدا دەردەكەوێت

2022-08-17

هەرچەندە هێشتا گەنجێكی تازە پێگەیشتووە،بەڵام زۆربەی كۆبونەوە و دەركەوتنەكانی لەگەڵ كەسانی بەتەمەن و سەرۆك هۆزەكاندایە 
هەرچەندە ئەو لە زانكۆكانی ئەمریكا خوێندویەتی،بەڵام زۆربەی كاتەكانی بە كاروباری خێڵەكەیەوە بەسەر دەبات


پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەکاتەوە و ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگەش لە بەردەمیدا دەوەستن و وەزیریش لەلای خوارویەوە دادەنیشێت، تەنها ئەوانیش نا، بەڵکو مەسعود بارزانیش لە بەردەمیدا هەڵدەستێتە سەرپێ، ئەو پیاوە، مەلا مستەفا مەسعود مەلا مستەفا بارزانییە، کوڕی سەرۆکی پارتی دیموكراتی كوردستان.
مانگی سێی ساڵی ١٩٩٦ ژمارەیەک لە کادرانی پارتی کە خەڵکی سلێمانی و گەرمیان و کەرکوک بوون، دەچنە ماڵی مەسعود بارزانی، منداڵێکی ١٠ ساڵان بە جلوبەرگی کوردییەوە خۆی دەکات بە ژووردا، لەو کاتەدا مەسعود بارزانی لە بەری هەڵدەستێت و هەمووان شۆک دەبن، مەسعود بارزانی دەڵێت ئەوە جەنابی مەلا مستەفایە، ئیدی هەموان هەڵدەستنەوە و ئەویش دوای ئەوەی تەوقەیان لەگەڵ دەکات لە سەروو هەمویانەوە دادەنیشێت.

 

مەلا مستەفای دووەم، لەناو بنەماڵەی بارزاندا زۆر جار بە بابۆش بانگ دەكرێت، هۆكاری ئەم ناوەشی دەگەڕێتەوە بۆ بانگكردنی بەناوی شێخ بابۆی برا گەورەی مەلا مستەفا و مامی مەسعود بارزانیەوە.

ئێستا مەلا مستەفای نوێ، کە بە شێخ بابۆ ناسراوە، کەسی یەکەمی ناوچەی بارزانە، بە بێ ئەوەی هیچ پۆستێکی فەرمی هەبێت پڕۆژە دەکاتەوە و وەزیر لە بەردەمیدا دەوەستێت و تەنانەت فەرماندە سەربازییەکانیش لە بەردەمیدا دەنوشتێنەوە.

 

 مەلا مستەفا برایەكی  گەورەی هەبووە بەناوی ناوی شێخ بابۆ ،خاوەنی چەندین خەسڵەتی تایبەت بووە.
بەپێی گێڕانەوەكانی هەژاری موكریانی، شێخ بابۆی برای مەلا مستەفا. پیاوێک بوو هەمیشە ڕقی لە تفەنگ بووە و بەردەوام سەرقاڵی نوێژ بووە، لەماڵێكی شێوە ئەشكەوتدا دەژیا، هەژار موکریانی شاعیر، لە بارەی شێخ بابۆی یەکەمەوە دەڵێت. ئەگەر بڵێن پەپوولەی بەهەشت بووە، درۆیان نەکردووە. ڕۆژێک لە مێرگێک دانیشتبوو، سەد میترێک درێژایی دەبوو؛ گوتی: هەژار! ئەوە موڵکی منە. گوتم: جەناب! من سەد ئەوەندەشم هەبوو، نەمگوت موڵکم هەیە! دەعوەتی کردم بۆ ماڵە ئەشکەوتەکەی. نان و چام خوارد، ئەو هەر نوێژی نەپساندەوە؛ ئیتر منیش بەجێم هێشت.


ئێستا مەلا مستەفای نوێ، کە بە شێخ بابۆ ناسراوە، کەسی یەکەمی ناوچەی بارزانە، بە بێ ئەوەی هیچ پۆستێکی فەرمی هەبێت پڕۆژە دەکاتەوە و وەزیر لە بەردەمیدا دەوەستێت و تەنانەت فەرماندە سەربازییەکانیش لە بەردەمیدا دەنوشتێنەوە.


تەنانەت دەوترێت یەکێک بووە لەوانەی لەم کۆتاییانەدا لە ناوچەی بارزان دژی ئەدهەم بارزانی جوڵەی کردوە لەناو ماڵە بارزاندا.


مەلا مستەفا،لەلایەن باوكیەوە تەرخانكراوە بۆ سەرپەرشتیكردنی بنەماڵەی بارزان و بەڕێوەبردنی كۆنفیدراسیۆنی هۆزایەتی بارزان كە زیاتر لە 5 هۆزی ناوچەكە لەخۆدەگرێت.
بابۆ، زیاتر گرنگی بە ناوچەی بادینان دەدات و کەمتر لە ناو هەولێردا دەبینرێت، بەڵام لە ئێستادا بێ ڕکابەر بەهێزترین پیاوی ناوچەی بادینانە و ئەوەی ئەو بیڵێت ڕەتکردنەوەی نییە.