سەدر، لە هێرشبردنەوە بۆ دیفاعكردن

ئەم جوڵەیەی سەدر بەتێكدانی دەوڵەت لێكدەدرێتەوە
2022-08-24

 

سەرتیپ جەوهەر

پەلاماردانی دامەزراوەی دادوەریی هەڵەیەكی دیكەی موقتەدا سەدر بوو لەدوای كشانەوەی لەپرۆسەی سیاسی كە وادەكات سەدر لەباری هێرشبردن بچێتە باری دیفاعكردن لەخۆ.

موقتەدا سەدر بەكێشانەوەی ئەندامانی لەپەرلەمان هەڵەیەكی زۆر گەورەیكرد كە نەدەبوو بیكات، چونكە هەر گۆڕانێك یان بڕیارێك بدرێت دەبێ‌ لەپەرلەمان بدرێت. ئەو وایزانی بەكشانەوەی، پەرلەمان لەكارەكانی دەوەستێت، بەڵام وانەبوو هەر زوو شوێنەكانیان پڕكرایەوە.

 

هێنانی خەڵك بۆ شەقام لەسەرەتا سەركەوتنێكی باش بوو بۆ سەدر، چونكە كۆی پرۆسەی سیاسی وەستا. سەدر بەم جوڵەیە پرۆسەی سیاسی بەناوی چاكسازیی و داواكاری خەڵك راگرت، خۆیشی بووە رابەری خۆپێشاندان و خواستی شەقام. هەروەك بەو خۆپێشاندانانەوە پشتیوانی نەتەوەیەكگرتووەكان و بەشێك لەلایەنە سیاسیەكان و وڵاتانی دیكەی بەدەستهێنا چونكە كەس جورئەتی ئەوەی نەبوو خۆی لەتوڕەیی خەڵك بدات، بەڵام بەم جوڵەیەی ئەمڕۆ بەپەلاماردانی دامەزراوەی دادوەریی هەموو ئیشەكانی خۆی لەباربرد. بەم كردەوەیە رەوایەتی خۆپێشاندان و خواستی خەڵكی لەدەستدا. خۆی لەحالەتی پەلاماردن و هێرشبردنەوە بردە حالەتی داكۆكی لەخۆكردن. واتە ئەگەر تا دوێنێ هێرشی دەكردە سەر لایەنەكان و ئامادەنەبوو لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی دابنیشێت و خواستی بەسەر هەمووان فەرز دەكرد، ئەوا لەمڕۆوە دەبێ داكۆكی لەخۆی بكات و خۆی لەم هەڵە گەورەیە رزگاربكات.

موقتەدا سەدر بەكێشانەوەی ئەندامانی لەپەرلەمان هەڵەیەكی زۆر گەورەیكرد كە نەدەبوو بیكات، چونكە هەر گۆڕانێك یان بڕیارێك بدرێت دەبێ‌ لەپەرلەمان بدرێت. ئەو وایزانی بەكشانەوەی، پەرلەمان لەكارەكانی دەوەستێت، بەڵام وانەبوو هەر زوو شوێنەكانیان پڕكرایەوە.

بەهۆی ئەم جوڵەیەی ئەمڕۆ، واتە پەلاماردانی دامەزراوەی دادوەریی كە بنەمای بوونی دەوڵەتە لەبەغدا، بەهۆی ئەم جوڵەیەی ئەمڕۆ نەیارەكانی رژدتر كردو دۆستەكانیشی چ ناوخۆیی یان دەرەكی لەدەستدا. ئەم جوڵەیەی ئەمڕۆ بەهەوڵی تێكدانی دەوڵەت لێكدەدرێتەوە، چونكە خواستەكانی سەدر هیچ پەیوەندی بەدامەزراوەی دادوەرییەوە نییەو هەموو ئەو خواستانەی ئەو دەیەوێت لەڕێی پەرلەمانەوە دەكرێت كە ئەو بەخۆی لێی كشاوەتەوە. سەدر بەهێنانی خەڵك بۆ شەقام دەیتوانی بەئاسانی پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوەو دووبارە هەڵبژاردن بكرێتەوە، هەروەك گفتوگۆی لایەنەكان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بوو، بەڵام بەم جوڵەیەی ئەمڕۆ هەم هەقیانەتی خۆی لەدەستدا، هەمیش رەنگە زۆر زەحمەت بێت بتوانێت مەرجەكانی خۆی بسەپێنێت.

 

ئەم هەڵەیەی ئەمڕۆی موقتەدا سەدر لەخزمەت ئێران و گروپەكانی نزیك ئێرانە وەك چوارچێوەی هەماهەنگی و گروپەكانی دیكە.