مام جەلال چۆن باسی ۳۱ی ئاب دەکات

" مەسعود بارزانی دەخیلی سەددام بوو كە یەکێتی سەری ڕەش نەگرێت"
2022-08-29

لە 31ی ئابی 1996دا شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی‌و یەكێتی گەشتە لوتكەو، پارتی بەهاوكاری سوپای عێراق یەكێتی لە هەولێرو زۆرینەی خاكی كوردستان دەرپەڕاند.

دەربارەی ڕووداوی 31ی ئاب مام جەلال دەڵێت:" دەمێكبوو برادەرانی پارتی هەڕەشەیەیان دەكرد، هانی فەكیكی لەگەڵ لێپرسراوێكی گەورەی پارتی قسەی كردبوو كە دەتانەوێت " ئای ئێن سی" بكەوێتە نێوان ئێوەو یەكێتییەوە، ئەویش وتبوو" مایحل المشكلە الا دبابات ابو عدی"، پارتی دەمێكبوو لەگەڵ عێراقدا پەیوەندی هەبوو، بەداخەوە پارتی بۆ سەپاندی دەسەڵاتی خۆی هەموو شتێكی دەكرد، واتە نە ئەسڵەمییەوە لە هیچ هەنگاوێك، جارێك ئێرانیان هێنایە سەرمان‌و جارێك سوپای توركیاو جارێك سوپای عێراق".

وەكو تاڵەبانی باسیكردووە ئەوان بەر لە هەفتەیەك لە 31ی ئاب زانیویانە كە سوپای عێراق دێت بۆ هەولێر:" پارتی لەوە نە سڵەمییەوە هاوكاری سوپای عێراق بكات‌و بیهێنێت بۆ داگیركردنی كوردستان، ئێمە دەمانزانی عێراق دێت، پێشئەوە بە حەفتەیەك دەمانزانی كە عێراق لەگەڵ مەسعود بارزانی دێت".

لە " دیداری تەمەن"دا، مام جەلال زۆر لەبارەی سیویەكی ئاب‌و هاتنی سوپای عێراقەوە بۆ هەولێر دواوەو وتوویەتی:" پارتی زۆر هەوڵیدا خۆی بە تەنها هەولێر بگرێت، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، ئەو شكستە بێهیوایكردن كە ئەوان بەتەنها ناتوانن هەولێر بگرن، تاریق عەزیز لە كتێبەكەیدا دەڵێت: مەسعود داوای لێكردین‌و وتی كە هەولێر لەژێر دەسەڵاتی ئێرانییەكاندایەو جەلال‌و ئێرانییەكان هەوڵی لەناوبردنی من دەدەن، منیش داوای یارمەتی دەكەم".

لە 31ی ئابدا، هێزی یەكێتی بەتەواوی ڕووخاو لە لایەن پارتییەوە تا "سەیرانبەن" ڕاونران، مام جەلال باسلەوە دەكات ئەو شكستەیان دەرئەنجامی بەلێنی ئەمەریكا بووە بۆیان كە ئەگەر حكومەتی عێراق هێرش بكاتە سەر هەولێر ئەمەریكا لێیدەدات، مام جەلال دەڵێت:" پێشئەوەی سوپای عێراق هێرش بكات، ئێمە لەگەڵ ئەمەریكییەكاندا قسەمان كرد، ئەوان بەڵێنیان پێداین‌و وتیان ئەگەر عێراق هێرش بكات ئەوا ئێمە لێیان دەدەین، ئێمەش پێمانوابوو ئەگەر سوپای عێراق هێرش بكات‌و ئەمەریكا لێیان بدات ئەوا ئێمە نەك هەر دەیانشكێنین، بەڵكو دەچین چەكەكانیشیان كۆ دەكەینەوە، هەڵەكەی ئێمە لەوەدابوو كە نەدەبوایە ئێمە ئەوەندە خۆشباوەڕبین بە ئەمەریكا".

وەكو مام جەلال باسیدەكات، دواتر ئەمەریكییەكان وتوویانە، ئەوە شەڕی نێوان دوو هێزی كوردییەو یەكێكیان دەعوەتی حكومەتی عێراقی كردووە كە هەولێر ڕزگار بكات‌و ئەوەیان كردووەتە بیانوو بۆ دەخالەت نەكردن.

پاش زیاتر لە مانێگ بەسەر ڕووداوی سیویەكی ئابدا، یەكێتی بە پاڵپشتی‌و هاوكاری ئێران هەمان شكستی بەسەر پارتیدا هێناو جگە لە شاری هەولێر، پارتی ڕاونایەوە بۆ ئەو شوێنانەی كە پێش 31ی ئاب لێیبوون.

دەربارەی گەڕانەوەی یەکێتی بەهاوکاری ئێران، مام جەلال دەڵێت:" پاش سیویەكی ئاب چەند هەزار پێشمەرگەیەكمان كۆكردەوە، پێشتریش كۆسرەت چوو بوو بۆ ئێران‌و پێمان وتن كەوا پارتی لەگەڵ عێراق ڕێكەوتووەو هێرشمان ئەكەنە سەر، ئێرانییەكان وتیان مەترسن، ئێمە ئەو چەكەی كە عێراق بەكاری دەهێنێت ئەوەتان دەدەینێ‌و هەركات عێراق پەلاماری ئێوە بدات ئێمەش پاسدار دەنێرین بۆ پشتگیریتان".

دەربارەی ڕۆڵ‌و هاوكاری ئێران بۆ یەكێتی لەپاش 31ی ئاب، مام جەلال دەڵێت:" ئێرانییەكان چەكیان پێفرۆشتین، وتیان پشتیوانیتان دەكەین، هەڵەمان كردووە كە پیشتر هاوكاریمان نەكردوون، ئێستا لەسەرتان دەكەینەوە، ورەی پێشمەرگە بەرز بوویەوە كە بیستیان ئێران هاوكاریمان دەكات".

بەوتەی مام جەلال، لەگەڕانەوەی یەكێتیدا بەهاوكاری ئێران، یەكێتی دەیتوانی هەولێرو شەقلاوەش بگرێت، بەڵام ئەمەریكاو توركیاو عێراق‌و ئێران ڕێگەیان نەداون لەوە زیاتر بچنە پێشەوە،" هێزی پارتی بەتەواوی ڕووخابوو، ئەوەی بەسەر ئێمەدا هاتبوو خراپتر بەسەر ئەواندا هاتبوو، لەكاتی شكستەكەی پارتیدا ئێمەیان ڕاگرت، عێراق هەڕەشەی بۆ ناردین ئەگەر بچینە هەولێر لێمان دەدەن، ئەمەریكییەكانیش تەلەفۆنیان بۆ كردم وتیان ئەگەر بچنە هەولێر ئەوا عێراق تەداخول دەكاتەوە، ئێرانییەكانیش پێیانوتین مەچنە هەولێرەوە، ئەگینا دەمانتوانی بەئاسانی هەولێرو شەقلاوەش بگرین، ئێمە سەفینمان گرتبوو، بەتەمای گرتنی سەری ڕەش بووین، بەڵام بەهۆی گوشاری توركیاو تكای ئەمەریكاو داخوازی عێراقەوە هەڵوێستەیەكمان كرد".


دەربارەی داخوازییەكەی عێراق‌و داواكەی توركیاوە مام جەلال وتوویەتی:"دیڤید وێڵش یاریدەدەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری خۆرهەڵات تەلەفۆنی بۆ كردم‌و وتی وەزیر لەسەر خەتە پێم دەڵێت با جەلال شەڕەكە بوەستێنێت‌و چیتر نەچنە پێشەوە، حكومەتی عێراقیش هەواڵیان بۆ ناردین‌و وتیان مەسعود بارزانی دەخیلی سەرۆك بووە كە سەری ڕەش نەگیرێت، سەرۆك تكات لێدەكات كە نەچنە سەری ڕەش‌و سەری ڕەش مەگرن، چونكە لەوكاتەدا سەرۆك ناچارە بەرگری لەسەری ڕەش بكات، ئێمە ئەمجارە نامانەوێت بەشداری شەڕ ببین لەگەڵتان".