درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، بزوتنەوەی گۆڕان دەکات بە دوو بەشەوە.

2022-10-02

دوا جار گۆڕان، لەژێر فشاری پارتی و یەکێتیدا، واژۆی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کرد.
پارتی و یەکێتی و گۆڕان و پێکهاتەکان ٨٥ ئیمزایان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان کۆکردەوە، کە سەرجەم پەرلەمانتارانی پارتی کە ژمارەیان ٤٥ پەرلەمانتارە و سەرجەم پەرلەمانتارانی یەکێتی کە ٢٢ پەرلەمانتارن، واجۆیان بۆ درێژکردنەوەی پەرلەمان کرد.
هەرچی بزوتنەوەی گۆرانە،  دوێنێ جڤاتی نیشتیمانی بریاریدا بە رازیبون بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، بەڵام بریارەکەی جڤات فراکسیۆنەکەی کرد بە دو بەشەوە و ٧ پەرلەمانتار پابەند بون و ٥ یان رەتیان کردەوە.
لەو پێنج پەرلەمانتارە، دوانیان دەمێکە پابەندی بڕیارەکانی بزوتنەوەکە نابن و زیاتر وەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ ماونەتەوە، ئەوانیش عەلی حەمە ساڵح و دابان محەمەد بون، بەڵام لەم بابەتەدا سێ پەرلەمانتاری تریش ئامادە نەبون پابەند بن بە بڕیاری بزوتنەوەکەوە، کە هەرسێکیان ئافرەت بون، ئەوانیش ئاشنا عەبدوڵا، شایان عەسکەری و شیرین ئەمین بون.
گۆڕان لە پرسی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا، لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە خرایە بەردەم دوو بژاردە، بژاردەی یەکەم ئەوەبوو گۆڕان هاوهەڵوێستیان بێت و رازی بێت بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، بەوەش هەموو ئەو پۆستانەی دیکە لە حکومەت وەردەگرێت، کە پشکی خۆیەتی و تا ئێستا وەری نەگرتوە.

هەرچی بزوتنەوەی گۆرانە،  دوێنێ جڤاتی نیشتیمانی بریاریدا بە رازیبون بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، بەڵام بریارەکەی جڤات فراکسیۆنەکەی کرد بە دو بەشەوە و ٧ پەرلەمانتار پابەند بون و ٥ یان رەتیان کردەوە.



سیناریۆی دووەم، ئەوەبوو ئەگەر رازت نەبێت و واژۆی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نەکات، ئەوا پارتی و یەکێتی لە کابینەی نۆی حکومەت و لە حکومەتی خۆجێی سلێمانیش ئەیکەنە دەرەوە.
بۆ گۆڕان هەردوو بژاردەکە قورس بون، هاتنە دەرەوە لە حکومەت، لە کاتێکدا کە بزوتنەوەکە لە دۆخێکی باشدا نیە و ئاسان نیە لەسەر پێی خۆی بوەستێت و بەرگەی فشارەکانی پارتی و یەکێتی بگرێت، تەنانەت بەرپرسانی بالای گۆڕان لەوە دڵنیا بون کە زۆرێک لە بەرپرسەکانیان لە حکومەت و پەرلەمان ئەگەر بریار بدەن بێنە دەرەوە پابەندی بریارەکە نابن و دەمێننەوە، جگە لەوەش بەرپرسانی گۆڕان لەوە تێگەیشتون بە هاتنە دەرەوەیان ناتوانن تەجاوەزی نەوەی نوێ بکەن، کە بێ سلەمینەوە هێرش دەکاتە سەر پارتی و یەکێتی و لە دۆخێکی باشدایە.
دواجار بەرپرسانی گۆڕان بڕیار دەدەن پیاڵە ژەهرەکە بخۆنەوە و رازی بن پێچەوانەی تەواوی مێژوی خۆیان بوەستنەوە، کە ئەویش رازی بونە بە درێژ کردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، رۆژگارێک گۆڕان لەسەر درێژکردنەوەی پەرلەمان، ئامادە بوو هەموو شت لەدەست بدات و ئەو ئیمزایە نەکات، لەکاتێکدا سەرۆکی پەرلەمانەکە لەخۆیان بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئیمزای بزوتنەوەکە دەچێتە پڕۆتۆکۆڵی ئەو پەرلەمانەوە، کە تەمەنی خۆی درێژ دەکاتەوە.
بەرپرسانی گۆڕان باش دەیان زانی لەناو فراکسیۆنەکەیاندا ژمارەیەک پەرلەمانتار بەقسەیان ناکەن، بەڵام ئەوەیان پێ باشتر بوو لەوەی بە تەواوەتی لە دەسەڵات بێ بەش بکرێن و تەنانەت، دەستی ئەو بەرپرسانەشیان ئاشکرا بێت، کە ئەگەر بریار بدەن بکشێنەوە، ئەوان دەست لە کێکی دەسەڵات هەڵناگرن.
هەرچۆنێک بێت، بەم بڕیارە بەرپرسانی گۆڕان، زەبرێکی دیکەی کوشندە لە کێرڤی جەماوەریان دەدەن، کە چاوەڕی دەکرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستاندا، تاڵیەکەی بچێژن.