هاکان فیدان، پیاوە مەترسیدارەکەی ئەردۆگان،چیدەکات لە هەولێر؟

2022-10-08

کۆکردنەوەی تورکمانەکانی هەولێر، ناکرێت هەروا سانا سەیر بکرێت
دەرکەوتنی ئەو لە هیچ کوێیەک ئاسایی نیە
لە هەفتەیەکدا رووی لە پایتەختی سێ وڵات کرد
ئەو نهێنی ترین و مەترسیدارترین دەزگای وڵاتەکەی و ناوچەکە بەرێوە دەبات.
پاسەوانی نهێنیەکانی ئەردۆغان
لە مانگی رابردودا بەنهێنی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری سوریا و میسر کۆبویەوە.
دواتریش راستەوخۆ هاتە هەولێر.
هاکان پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی لە ساڵی ٢٠١٠، بۆ ماوەی سێ ساڵ لە نوسینگەی ئەردۆغان راوێژکاری سیاسەتی دەرەوە بوە.
هاکان، نزیکترین و کەس و متمانەپێکراوترین کەسی ئەردۆغانە.
ئەردۆغان بە ئاشکرا وتویەتی، فیدان پاسەوانی نهێنیەکانە.
وۆڵستریت جۆرناڵ لەبارەی فیدانەوە دەڵێت، فیدان پیاوی جێبەجێکردنی خواستەکانی ئەردۆگانە.
فیدان، ئەو پیاوەبوو کە ئەردۆغان رایسپارد بۆ دانوستان لەگەڵ ئۆجالان، ساڵی ٢٠١٣.
پەیمانگای واشنتۆن دەڵێت، لەو کاتەوە فیدان هەواڵگری تورکیای وەرگرتوە، سەرکردایەتی روبەروبونەوەی کورد دەکات لە سوریا و عێراق.
فیدان هەرگیز پیاوێکی خۆشەویست نیە، لای ئەمریکی و ئیسرائیلیەکان.
بەتایبەت کە فیدان لە جەندین دۆسیەی گرنگدا، لەگەڵ ئێرانیەکان زانیاری ئاڵوگۆڕکردوە، کە ئیسرائیلەکان پێیانوایە پەیوەندی بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانەوە هەیە.
رۆژنامە ئیسرائیلیەکان دەڵێن، فیدان، زانیاری نهێنی ئیسرائیلی بە ئێرانیەکان فرۆشتوە.
هاکان، لە ٢٠١٦ دا چەند کاتژمێرێک پێش کودەتاکەی ٢٠١٦ زانیاری هەبوە، بەڵام ئەردۆگانی ئاگادار نەکردەوە.

 


تەنانەت لەو شەوەدا ئەردۆگان، نەیتوانیوە دەستی بگات بە فیدان.
هەر ئەو کات ئەردۆگان وتی، ئەوەی رویدا، فەشەلی دەزگای هەواڵگرییە.
سەرەرای هەموو ئەوانە، فیدان وەک پیاوی متمانەپێکراوی ئەدۆگان مایەوە بۆ بەرێوەبردنی دۆسیە هەستیارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست.
ئەم پیاوە، لەم کاتەدا، زیاتر لە هەر کاتێک چاوی لەسەر هەرێمی کوردستانە.
جوڵە و تەراتینی میتی تورکیا، لە هەرێمی کوردستان، هیچ سنورێکی نەهێشتۆتەوە.
لە ئێستادا، پیاوەکانی فیدان، لە هەموشوینێکن چ لە هەولێر و چ لە سلێمانی.
تیرۆرکردنی، زیاتر دەیان سەرکردەی پەکەکە، تەنها لەمساڵدا، لە هەرێمی کوردستان، ئەم راستیە پشتراست دەکەنەوە.
وادیارە پڕۆژەکەی فیدان لەوەی هەیە گەورەترە...
ئەم جارە لەسەر پەتی جوڵاندنی هەستی نەتەوەیی کار دەکات.
ئەو بریار دەدات جیتر رێگا نەدات، پارێزگاری هەولیر روو لە تورکیا بکات، لەسەر ئەوەی دیاریەکی بە ناوی کوردستانەوە بەخشیوە بە بەرپرسانی شاری ئامەد.
بەڵام فیدان خۆی دێت و لە هەولێری پایتەختی کوردستان لەگەڵ حیزبە تورکمانەکان کۆدەبێتەوە و چەند وێنەیەکیش بۆ یادگاری دەگرێت.
پەیامی فیدان، روونە، ئەو لەسەر هەمان بیرکردنەوەی سەرۆکەکەی، هێشتا بروایان بە ویلایەتی موسڵی سەردەمی عوسمانی هەیە و هەولێر بە قەڵەمرەوی خۆیان دەزانن.
ئەمە خەونی پیاوی نهێنیەکانی ئەردۆگانە، گەرانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و گەیشتنەوە بە تەواوی ویلایەتی موسڵی ئەو سەردەمە، بیگومان، دەرگای یەکەمی ئەم خەونەش، پشتیوانیکردنی تورکمانەکانە لە کوردستان.
رای تۆ چیە، هاکان فیدان دەتوانێت بەو خەونەی بگات؟