بە موبارەکەی یەکێتی و گۆڕان، پارتی گرەوەکەی لە هەموان بردەوە

یەکێتی و گۆڕان چیان دەست کەوت، لە درێژکرندەوەی تەمەنی پەرلەمان؟
2022-10-09

پارتی چۆن، گۆڵەکەی خۆی بە فیکەی یەکێتی و بە پاسی گۆڕان و بە شوتی رێواز فایەق، تۆمارکرد.

بە موبارەکەی یەکێتی و گۆڕان، پارتی گرەوەکەی لە هەموان بردەوە و بە دەستی پڕەوە، لە پرۆسەی درێژکردنەوەی پەرلەمان هاتە دەرەوە.

ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان، بە ٨٠ دەنگی پەرلەمانتارانی پارتی و یەکیتی و گۆران و پێکهاتەکان، تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ساڵێک درێژکرایەوە.

لە چەند مانگی رابەدودا پارتی بەردەوام فشاری دەکرد بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، لە کاتێکدا یەکێتی بە پێچەوانەوە بەردەوام پاساوی دەهێنایەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەکرێت، ئەمەش وایکرد هەموان بەوشێوەیە تێبگەن کە پارتی لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردن بکرێت و یەکیتی دژی هەڵبژاردنە، بەڵام راستیەکەی ئەمە یارییەکی زیرەکانەی پارتی بوو، کە بە ئامانجەکەی گەیشت و ئۆباڵەکەشی خستە ملی یەکێتی.

پارتی بۆ حەز بکات هەڵبژاردن بکرێت؟ لەکاتێکدا پۆستی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم و زۆرینەی کابینەی حکومەت لای خۆیەتی؟ پارتی بۆ حەز بکات هەڵبژاردن بکرێت، لەکاتێکدا ٥٤ پەرلەمانتاری لە پەرلەمانی کوردستان هەیە و بە دەنگی پێکهاتەکانەوە کە هەمیشە هاوراین، ٥٦ پەرلەمانتاری هەیە، کە دەکاتە ٥٠ زائید یەکی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان.

پارتی بۆ حەز بکات هەڵبژاردن بکرێت، لەکاتێکدا لەبەردەم کۆنگرەی خۆیدایە و چەندین کێشەی رووبەروو بۆتەوە.

بەڵام پارتی زیرەکانە یارییەکەی کرد و تەمەنی پەرلەمانی درێژکردەوە بێ ئەوەی هیچ ببەخشێت لەبەرامبەردا، نەک هیچی نەبەخشی، یەکێتی منەتباریش کرد و دوور نیە بە رێکەوتن و بە مقابیلیش ئەو شتەی نەکردبێت.

ئەی بزوتنەوەی گۆڕان چی؟

بە هەمان شیوە پارتی گۆڕانیشی هێنایە ناو یارییەکەی خۆیەوە، لەژێرفشاردا بەوەی یان دەبێت دەنگ بە درێژکردنەوەی پەرلەمان بدەن، یان دەبێت لە حکومەت بکشێنەوە، رازی کردن.

رازیکردنی گۆڕان بۆ پارتی کەمترین تێچوی هەبوو، هەموو ئەوەی گۆران بەدەستی دەهێنێت لەم پرۆسەیەدا، تەنها جەند پۆستێکی دیکەیە لە حکومەت، کە لەراستیدا، حەقی شەرعی بزوتنەوەکە خۆی بوە، ئەمڕۆ پارتی لەبەرامبەر رازی بونی بە دەنگدان بە درێژکردنەوەی پەرلەمان ئەو پۆستانەی پێ دەدات.

لە راستیدا، بزوتنەوەی گۆڕان هەر خۆی خواستی ئەوەبوو کە هەڵبژاردن نەکرێت، چونکە لە دۆخێکی خراپدایە، بەڵام دەکرا نەچێتە ژێرباری درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و لە حکومەت بکشێتەوە و ئەمە بکاتە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ هەستانەوەی بزوتنەوەکە، بەلام گۆڕان بۆ ئەوەی نەکرد، راستیەکە هەر ئەوەیە، کە دەسەڵاتدارانی ئێستای گۆڕان زۆرینەیان لە حکومەت پۆستیان هەیە و لەپێناو خۆیاندا ئەو بریارەیان بە گۆڕاندا.

نابێت ئەوەشمان بیر، دواجار گۆڵەکەش بە رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان کرا و دارەکە لەسەری ئەودا شکایەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی لە پەرلەمانێکدا تەمەنی پەرلەمان درێژکرایەوە، کە ئەو سەرۆکیەتی.