دەستی ئێرانیەکان، لە یارییەکەی سەرۆک کۆماردا

هەموو ئەوەی پێنج شەممەی رابردوو لە پەرلەمانی عێراق رویدا، ناکرێت خوێندنەوەی بۆ بکەیت و بیر لە رۆڵی ئیرانیەکان نەکەیتەوە.
2022-10-15

لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە، هیچ روداوێک بەبێ کاریگەری و رۆڵی ئێرانیەکان روی نەداوە، بە مانایەکی تر، هیچ یارییەک نیە لە عێراقدا، ئێرانیەکان یاریزانی سەرەکی نەبن تێیدا، بۆیە هەموو ئەوەی پێنج شەممەی رابردوو لە پەرلەمانی عێراق رویدا، ناکرێت خوێندنەوەی بۆ بکەیت و بیر لە رۆڵی ئیرانیەکان نەکەیتەوە.

هەموو ئەو پاڵەوانانەی لە کوردستان و عێراق دروست دەکرێن و هەرکەسە و بە شان و باڵی سەرۆکەکەی خۆیدا هەڵی دەدات، تەنها دەچێتە چوارچێوەی پیاهەڵدان و بە پاڵەوانکردن و خۆبردنەپێشەوە، راستیەکە بەم شیوەیەیە هەموو ئەوەی رۆژی پێنج شەممە رویدا، لە ئەلف تا یای ئێرانیەکان بون.

لە ٤٨ کاتژمێری رابردودا بەردەوام بەرپرسانی پارتی و کادرانی ئەو حیزبە دەڵێن ئەوە بارزانی بوو، بریاریدا و لە عێراقدا ئەو سەنتەرە و تەنانەت هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ لە وتارێکدا لەوەش زیاتر دەروات و دەڵێت، شیعەکان داوای لێبوردنیان لە بارزانی کردوە و پێیان وتوە، سەرۆک بارزانی چی بکەین؟

پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر بارزانی ئەو رۆژە بریاریدا یارییەکە بەو شیوەیە بێت، ئەی بۆ بارزانی چەند مانگ پێش ئێستا بە خۆی و موقتەدا سەدر و حەلبوسی و خەمیس خەنجەر و نزیکەی ١٣٠ پەرلەمانتارەوە نایانتوانی، سەرۆک کۆمار هەڵبژێرن؟

بێگومان، ئەمە بۆ بافڵ تاڵەبانیش راستە، ئەوە بافڵ تاڵەبانی نەبوو بریاریدا د. لەتیف رەشید دەرچێت، ئەگەر بە خواستی ئەو بوایە سەرکەوتنی د. بەرهەم ساڵح، سەرکەوتنە گەورەکە بوو بۆ ئەو، بەڵام دەرچونی د. لەتیف، کورد وەتەنی بۆ بافل تاڵەبانی و بۆ بارزانیش نە شیش بسوتێ نە کەباب بوو، ئەگەرنا، بە دڵی بارزانی بوایە ئێستا رێبەر ئەحمەد لە کۆشکی سەلام دەبوو، بە دڵی بافڵ تاڵەبانیش بوایە، د، بەرهەم دەبوو.

کەواتە، ئەوەی رویدا، شەترەنج ئاسا یەک یاریزانی سەرەکی هەبوو، کە ئێرانیەکان بون.

پلانەکەش بەم شێوەیە بوو، لە ئێستادا کە سەدر چۆتە خەڵوەتەوە و خۆی دوور گرتوە، هەرچی زوترە پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق، بۆ ئەوەش پێویست بوو، یەکەم شت هاوپەیمانی سێ قۆڵی بارزانی و حەلبوسی و سەدر تەفروتونا بکرێت و یەکەم جاریش لە حەلبوسییەوە دەستیان پێکرد و بە بەرچاوی هەموانەوە جارێکی تر لە دانیشتنی پەرلەماندا متمانەیان پێدایە و کردیان بە سەرۆکی پەرلەمانی چوارچێوەی هەمانهەنگی و کوردیش، تاوەکو حەلبوسی لەژێر منەتی سەدر دەربهێنن کە بە دەنگی ئەوان ئەو پۆستەی وەرگرتبوو.

هەنگاوی دوەم ئێرانیەکان، هێنانی بارزانی بوو بۆناو گەمەکە و دوور خستنەوەی بوو لە سەدر، بۆ ئەمەش، ئێرانیەکان باش بارزانی دەناسن و مامەڵە لەگەڵ سیاسەتی قین لە دڵی بارزانی دەکەن، ئەوان تێگەشتن، کە ئەگەر بەرهەم ساڵح بکەن بە سەرۆک کۆمار، بێگومان بارزانی رازی نابێت و ئامادەی هەموو سەرکێشییەکە، بۆیە ئامادە نەبون لە پێناو بەرهەم ساڵحدا کۆی سیناریۆکەیان تێک بدەن و بریار دەدەن بەرهەم ساڵح بکەن بە قوربانی، د. لەتیف رەشیدا بکەن بە سەرۆک کۆمار، کە لە یەک کاتدا هەم بافل تاڵەبانی و هەم بارزانیش رازی دەکات.

هەربۆیەش دوای دەرچونی، ئەو پیاوەی تا پێنج شەممە کەس خاوەنی نەبوو، هەموان خۆیان کرد بە خاوەنی و دوو رۆژە لەسەر تا خواری پارتی و یەکێتی شەری ئەوەیانە هەرکەسەیان دەڵێت، د، لەتیف کاندیدی منە.

راستیەکەش ئەوەیە د. لەتیف کاندیدی کەس نیە، کاندیدی چارەسەری ئێرانیەکان بوو بۆ ئەو دۆخەی عێراق تێی کەوتبوو، بەوەش ئێرانیەکان، سەرۆک کۆماریان لای یەکێتی و خۆیان هێشتەوە و بارزانیشیان پەلکێشی حکومەتەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد و هاوپەیمانێتیەکەی سەدریشیان تەفر و تونا کرد.