رێكخراوێكی ئەمریكی: دۆخی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە هەرێم، لەخوار زیمبابۆی و زامبیاوەیە

بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی سێکتەری ئینتەرنێت و پەیوەندیەكانیان قۆرخكردووە
2022-10-22

دامەزراوەی فریدەم هاوسی ئەمریكی پەردە لەسەر نهێنیەكانی تۆڕی ئینتەرنێت لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەڵدەماڵێت
بەپێی راپۆرتی رێكخراوێكی نێودەوڵەتی هەردوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار لە کوردستان – بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی- سێکتەری ئینتەرنێت و پەیوەندییەکانیان بۆ خۆیان و کۆمپانیاکانیان قۆرخکردووە.
بەپێی راپۆرتی ساڵانەی دامەزراوە ئەمریکییەکە لەژێر ناونیشانی "بەرەنگاربوونەوەی دەستبەسەرداگرتنی ئینتەرنێت لەلایەن دەسەڵاتەتدارە زۆردارەکانەوە"، ئینتەرنێت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەتەواوی ئازاد نییە.
 لەکۆی زیاتر لە ٧٠ وڵات کە راپۆرتەکە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کردوون، عێراق و هەرێم لە ریزبەندی ئەو ڵاتانەیە کە ئازادی بازلڕی ئینتەرنێت لەكۆی 100 نمرە تەنیا ٤٢ ننمرەی پێدراوە. 
حەکیم داود قەرەداغی، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە دیجیتاڵ میدیا کە وەک راوێژکار پێداچوونەوەی بە راپۆرتەکەی کوردستاندا کردووە، ئاماژە بەوە دەکات بۆ یەکەمجارە دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی بە فەرمی رایبگەیەنێت کە هێڵەکانی هاوردەکردن و دابەشکردنی ئینتەرنێت و تۆڕەکانی مۆبایل لە کوردستان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قۆرخکراون.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کۆرەک تیلیکۆم کە یەکێکە لە سێ گەورەترین کۆمپانیاکانی مۆبایل، خاوەنەکەی ماڵی بارزانین لەرێگەی سیروان بارزانی کە فەرماندەی هێزی پێشمەرگەشە خاوەنداری دەكرێت.
جگە لە خاوەندارێتی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی پەیوەندی، حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان دابەشکردنی ئینتەرنێتیشیان لەڕێگەی چەندین کۆمپانیاوە قۆرخکردووە.

 


بەپێی راپۆرتەکە بنەماڵەی بارزانی دەستیان بەسەر هاوردەکردنی ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیک لە تورکیاوە گرتووە و مۆنۆپۆلیان کردووە. راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە "کۆمپانیای ئۆ٣ لە هەولێر و دهۆک، کە پەیوەندی نزیکی لەگەڵ ماڵی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە، تاکە کۆمپانیایە کە رێگەی پێدراوە ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیک لە تورکیاوە هاوردە بکات،دواتریش دەیداتەوە بە کۆمپانیاکانی وەک نەورۆز و فاستلینک هەروەها چەندین کۆمپانیاش لە سنووری سلێمانی وەک ئای کیو گرووپ، کوردتێک و فانسی نێت، خاوەنداری دەکرێن یان زۆر نزیکن لە ماڵی تاڵەبانی و یەکێتی نیشیتمانی کوردستان".  
یەکێک لە گەندەڵییەکانی دیکە کە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی پێکراوە ئەو بەرتیلەیە کە کۆمپانیای ئیریکسن داویەتی بە ماڵی بارزانی بۆ رێگەدان بە فراوانکردنی کارەکانی لە هەرێمی کوردستان. بەپێی راپۆرتەکە بڕی بەرتیلەکە ١.٢ ملیۆن دۆلار بووە کە دراوە بە ماڵی بارزانی. 
بەپێی راپۆرتەكە عێراق و کوردستان بۆ ئازادی ئینتەرنێت لە خوار وڵاتانی وەک بەنگلادش، ئوردن، لوبنان، لیبیا، مەغریب و زیمبابۆ و زامبیا دێت. ئازادترین وڵاتانیش ئایسلەندا، ئیستۆنیا، کەنەدا و کۆستاریکا، ئەمریکا و بەریتانیان کە نمرەکانیان لەسەرووی ٧٥ تاوەکو ٩٣یە. 
ئەو ١٠٠ نمرەیەی بۆ ئازادی ئینتەرنێت دانراوە لەوڵاتانی جیهان  لەسەر سێ بنەمای سەرەکین: یەکەم گرفتەکانی بەردەم دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت کە عێراق و کوردستان تیایدا ١٢ نمرەیان لە ٢٥ وەرگرتووە.
 بواری دووەم سنووردانانە بۆ ئازادی بڵاوکردنەوە، لەم پێوەرشدا عێراق و هەرێم لە 35 نمرە 16 نمرەیان پێدراوە. بواری سێیەمیش پێشێلکاریە بەرامبەر مافەکانی بەکارهێنەری ئینتەرنێت کە عێراق و هەرێم لەم پێوەردا خراپترین ئاستیان تۆمار كردووە و لە 40 نمرە تەنها 14 نمرەیان پێدراوە.