کەشتییەکەی مالیکی دەگاتە کەنار یان وەکو کەشتی تایتانیک ژێر ئاو دەکەوێت؟

2022-10-25

وەک هێمایەک بۆ دروستکردنی بەرەیەکی سیاسی نوێ بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق، هیشام ڕیکابی، بەڕێوبەری نوسینگەی نوری مالیکی ڕایگەیاند بە پشتیوانی خوا کەشتی " هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کەوتە ڕێ.

ــ پاش دەنگۆی دروستبوونی بەرە سیاسییە نوێیەکە کە مالیکی و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێبەرایەتی دەکەن، بەخێرایی سەکردەو لاینگرانی سەدر، هاتنە دەنگ و ئەوان ڕایانگەیاند ئەگەر ئەو کەشتییە بیشکەوێتە ڕێ، ئەوا ناتوانێت بگاتە کەنارو لە ڕێگادا شەپۆلە بەهێزەکانی دەریا نوقمی دەکەن و ئەو کەشتییەی کە مالیکی دەیەوێت بیخاتە ڕێ، چارەنووسی کەشتی تایتانیکی دەبێت.

ــ لەچەند ڕۆژی ڕابردودا، دروستبوونی بەرەیەکی سیاسی نوێ بەناوی " هاوپەیمانی بەڕێوبردای دەوڵەت" دۆخی سیاسی عێراقی شڵەقاندو وەک ئاماژە بۆ کاردانەوەی سەدرییەکان، زۆرکەس پێیانوایە دروستبوونی ئەو بەرەیە بەمانای ڕاگەیاندنی شەڕدێت و هەرگیز موقتەدا سەدرو ڕەوتەکەی ڕازینابن، ئەو بەرە سیاسییە حکومەتی عێراق پێکبهێنن.

ــ لایەنە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و پارتی و یەکێتی و سووننەکان، پێکهنەری ئەو بەرە سیاسییە نوێیەن کە ناوی " هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت"ی لێنراوە.

ــ وتەبێژی یەکێتی ڕایگەیاند کە پارتی و یەکێتی، بەشدارییان لە نوسینەوەی کارنامەی بەرەی " هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت"دا کردووە.

ــ هەرچەندە چەند ڕۆژێکە لە ڕێگەی نوسینگەی نوری مالیکییەوە کەوتنە ڕێی کەشتی بەرە سیاسییە نوێکە ڕاگەیانراوە، بەڵام ئەو کەشتییەی کە مالیکی بە کاپتنەکەی ناو دەبرێت هێشتا جوڵەیەکی ئەوتۆی نەکردووەو لە بەندەردا ماوەتەوە.

ــ بەپێی کارنامەی هاوپیمانییە سیاسییە نوێیەکە، لایەنەکانی ناو بەرەکە ڕێکەوتوون لەسەر هاوبەشی لە بڕیاری سیاسی و ئابوری و دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی حکومەت و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و یەکخستنی سیاسەتی گومرگی ماددەی ۱٤۰ و پرسی نەوت و غاز لە نێوان هەرێم و بەغداد.

ــ جیا لە هەر بەربەستێکی دیکە کە دێتە بەردەم هاوپەیمانییە سیاسییە نوێیەکە، موقتەدا سەدرو ڕەوتەکەی گەورەترین مەترسی و بەربەستی کەشتی ئەو بەرە ساسییەن کە مالیکی و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە هاوبەشی کوردو سوننەکان دەیانەوێت بەڕێی بخەن و کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی لەسەر پێکبهێنن.

 

 

ــ هەرچەندە هاوپەیمانە سیاسییە نوێیەکە بە بەرەیەکی سیاسی نزیک لە ئێران دێتە هەژمارو ئێرانیش ڕۆڵی گەورەی لە عێراقدا هەیە، بەڵام بەشێک لە چاودێرانی سیاسی بڕوایانوایە کە پێکهێنانی حکومەت بە بێ ڕازامەندی ڕەوتی سەدر مەحاڵە.

ــ ئێستا هەموولایەک چاوەڕوانی کاردانەوەی موقتەدا سەدرن، عەممار حەکیم، ڕێبەری ڕەوتی حیکمەو یەکێک لە سەرکردەکانی بەرە ساسییە نوێیەکە ڕایگەیاند کە ئەوان دڵیان بۆ موقتەدا سەدر کراوەیەو دەیانەوێت ڕەوتی سەدریش بەشێکبێت لە پێکهێنەرەکانی حکومەتی عێراق.

ــ جیا لە ڕاگەیاندنی بەرە سیاسییە نوێیەکەو نوسینەوەی کارنامەی هاوپەیمانییەتییەکە، هەنگاوەکانی داهاتووی دیارو ڕوون نین و چاوەڕوانی کاردانەوەکانی سەدر دەکرێت.

ــ لەناو لایەنە سیاسییە پێکهنەرەکانی هاوپەیمانیەتییە نوێیەکەوە ئەوە ڕادەگەیەنرێت، کە ئامانج لە بەرە سیاسییەکە بەر لە هەمووشت گفتوگۆکردنە لەگەڵ ڕەوتی سەدرداو پاش ئەوە هەنگاوەکانی دیکەی هاوپەیمانییەکە سیاسییەکە دەستپێدەکات.

ــ هادی عامری و حەیدەر عەبادی، کە دوو سەرکردەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگین، پێیانوایە کە بەبێ گفتوگۆکردن لەگەڵ موقتەدا سەدردا، هاوپەیمانییەکە سیاسییە نوێیەکە هەنگاوی دیکە، نەنێت و ئەوان ترسیان لەکاردانەوەی سەدر هەیە، بە پێچەوانەوە نوری مالیکی کە بە عەڕابی دروستبوونی هاوپەیمانی بەڕێوەبرنی دەوڵەت دا دەنرێت، بڕوایوایە کە دەبێت هاوپەیمانییە نوێیەکە خۆی لە گرێ و ترسی ڕەوتی سەدر ڕزگار بکات و کەشتییەکەیان بەڕێ بخەن.

ــ لایەنە سیاسییەکانی هاوپەیمانێتییە نوێیەکە کۆک نین لەسەر هەنگاوەکانی داهاتووی هاوپەیمانێتییە نوێیەکە، موقتەدا سەدر بێدەنگەو لایەنگرانیشی هەڕەشەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی گەورە دەکەن بۆ پەکخستنی بەرە سیاسییەکەی مالیکی و هاوپەیمانە نوێیەکانی، بەم دۆخەوە ئاماژەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق ڕوون نین و نازانرێت ئاخۆ کەشتییەکەی مالیکی دەگاتە کەنار، یان وەکو لایەنگرانی سەدر دەیڵێن بە وێنەی کەشتی تایتانیک بەرگەی شەپۆلەکانی دەریا ناگرێت و ژێر ئاو دەکەوێت؟