هەرێمی کوردستان، کاروانسەرای ماددە بێهۆشکەرەکان

2022-10-25


دیبلۆماتیک

مەترسییەکی هەرە گەورەیەو بۆمببێکە لە لێواری تەقینەوەدایە

شارەزایان و چاودێران دەڵێن، ماددەی بێهۆشکەر لە هەرێمی کوردستاندا، بە گشت قۆناغە مەترسیدارەکانی تێپەڕاندووەو هەر هێندە ماوە کە مافیای ماددەی بێهۆشکەر سەرهەڵبدات.

جیا لە فراوانبوونی بەکارهێنەرانی لە نێوان گەنجان و لاوان و لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە زۆرتر دەبێت.

ڕۆژ نییە، هێزە ئەمنییەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، دەستگیرکردنی بازرگانانی تلیاک ڕانەگەیەنن.

لایەنە پەیوەندیدارەکان و شارەزایانی بوارەکە دەڵێن کە هەرێمی کوردستان بووەتە ترانزێت و کاروانسەراو ناوەندی گواستنەوەی ماددەبێهۆشکەرەکان لە ئێرانەوە بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و تەنانەت بۆ وڵاتانی ئەوروپاش.

بە وتەی ئەوانەی کە لەمەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا کار دەکەن، ئێستا هەرێمی کوردستان هەم بەکاربەری ماددە هۆشبەرەکانەو هەم ناوەندی دابەشکردنەو هەم خەریکە دەبێتە شوێنی بەرهەمهێنانیش.

 ئامارەکان دەڵێن، کە بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان بەردەوام لە هەڵکشاندایەو زیندانەکان پڕن لەوکەسانەی کە بەهۆی کێشانی ماددەی هۆشبەرەوە لە زینداندان.

ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان، بەردەوام دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر بڵاو دەکەنەوەو زۆرجاریش ئەو بازرگانانە بە چەک و تەقەکردن بەرانبەری هێزەئەمنییەکان دەبنەوە.

جیا لەبەکارهێنان و بازرگانی پێوەکردن، شارەزایانی بوارەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە هەندێک ناوچەی کوردستاندا تلیاک دەچێنرێت و هەرێمی کوردستان لەسەرەتاو ڕێگەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەردایە.

شارەزایان و ئەوکەسانەی کە کار لە ڕووبەڕووبوونەوەیدا دەکەن، ماددەی هۆشبەر بە هەڕەشەو مەرترسی و بەڵایەکی هەرە گەورە بۆسەر هەرێمی کوردستان دەزانن و بە بڕوای ئەوان ئەگەر بەری پێنەگیرێت بۆمبەکە بە جەستەی کۆمەڵگەی کوردیدا دەتەقێتەوە.

 کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی و دارایی، بیماری و کۆڵەوارکردنی جەستەو تێکچوونی باری دەروونیی وتەڵاق و هەڵوەشاندنەوەی خێزان، لێکەوتە هەرە مەترسیدارەکانی ماددەی هۆشبەرن لە کۆمەڵگەی کوردیداو سەدان کەسیان گیرۆدەو سەرگەردان کردووە.

پاکستان و ئەفغاستان و ئێران، بە سێکوچکەی ئاڵتونی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر دەدەنرێن و ئەوان سەرچاوەی سەرەکین و لەوانەوە دەگاتە وڵاتانی ناوچەکە.

 وەکو شارەزایانی ئەمنی باسیدەکەن، جیا لەوەی کەسانی باڵا دەست لە پشت قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوەن، سروشت و هەڵکەوتەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێراندا کە ڕووبەربەرێکی فراوان و شاخاوییە، وایکردووە هێنانی ماددەی هۆشبەر لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان گەلێگ زۆربێت و کوردستانیش ببێتە کاروانسەراو ناوەندی گواستنەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و تەنانەت بۆ وڵاتانی ئەوروپاو جیهانیش.

 لەگەڵ ئەوەدا کە بەشی هەرە زۆری ماددەی بێهۆشکەر لە ئێرانەوە دێتە هەرێمی کوردستان، تورکیاو سووریاش دوو دەروازەیترن لەئاستێکی نزمدا کە لێیانەوە ماددەی بێهۆشکەر دەهێنرێت بۆ هەرێمی کوردستان.

وەکو چاودێرانی دۆخەکە ئاماژەی پێدەدەن، مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستاندا، لە زۆر بواردا دەرکەوتوون و تەنها هەر هێندە ماوە کە مافیای ماددە هۆشبەرەکان دروست ببێت و سەرهەڵبدات.

 ئاماری فەرمی دەزگا ئەمنییەکان و شارەزایانی بوارەکە دەڵێن، دیاردەی بازرگانیکردن و بەکاروانسەرابوونی هەرێمی کوردستان بۆ ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان گەشتووەتە ئاستێک کە بە بڕیاری زۆر گەورەو باڵا نەبێت سنووردار ناکرێت.

جیا لەوەش ئەوکەسانەی کار لەبواری ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەردا دەکەن، پێیانوایە کارکردن بەو یاسایەی کە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ۲۰۲۰ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دەریکردووە زۆر گرنگ و پێوویستە، بە تایبەت کە یاساکە ئاماژە بە سزای زۆر توندی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر دەکات و کردنەوەی ناوەندی چارەسەرکردنیشی بۆ ئالودەبوان تێدا هاتووە.