کامیان لە بەغداد گێمی دووەمی یارییەکە دەبەنەوە؟

کێکی بەغداد پارتی و یەکێتی دەگەیەنێتە سەر مریشکە ڕەشە
2022-10-28

لەسەر پۆستی حکومەتی ئەو عێراقەی کە تا دوێنێ تەڵاقیان دەدا، ئێستا شەڕو ململانێیانەو گەڕێکی دیکەی هێرشیان بۆسەر یەکدی دەستپێکردووە.

هێشتا تەپوتۆزی هاژو هوژی شەڕو ململانێکانیان لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق نەنیشتووەتەوە،  کێک و پشکی وەزارەتەکای حکومەتی نوێی عێراق، گەڕێکی دیکەی شەڕو هێرشی میدیایی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا خولقاندووەتەوە.

 ئێستا پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵادا، هێندە توند بەرانبەر یەکدی دەدوێن و بەجۆرێک هێرش دەکەنە سەر یەکدی، ئەگەر کەسێک ئاشنای سروشتی ململانێ و بەرژەوەندییەکانی ئەوان نەبێت، پێیوادەبێت ئیدی کار لەکار ترازاوەو پوشی پەیوەندی نێوانیان تەنها دەنکە شقارتەیەکی ماوە بۆ داگیرسان و گڕ گرتن.

پارتی دەڵێت، پاش وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، یەکێتی مافی وەرگرتنی پۆستی دیکەی نییەو یەکێتیش دەڵێت پۆستی سەرۆککۆمار لە بەرانبەر سەرۆکی حکومەتی هەرێمدایەو ئەوە دەمێ ساڵە ڕێکەوتنی لەسەر کراوە.

 پۆستی چوار وەزارەتی حکومەتی عێراق، پارتی و یەکێتی بەرانبەر یەکدی جۆشداوەو یەکێتی دەڵێت دەبێت ئەو چوار وزارەتە بە هاوبەشی و پەنجا بە پەنجا دابەشبکرێت و پارتیش سیانیان بە مافی خۆی دەزانێت و دەڵێت یەکێتی تەنها وەزارەتێکی بەر دەکەوێت.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت، دەبێت ئەو چوار وەزارەتەی کە لە حکومەتی عێراق دەدرێت بە کورد بۆ پارتی بێت، بەوتەی ئەو یەکێتی پۆستی سەرۆککۆماری وەرگرتووەو خاڵی پێوویستی بۆ وەرگرتنی وەزارەت نەماوە.

 مەسعود حەیدەر، ڕاوێژکاری مەسعود بارزانییش ڕایگەیاند، هەرچەندە یەکێتی مافی وەرگرتنی وەزارەتی نەماوە، بەڵام ئەگەر هەیە، یەکێک لەوەزارەتەکانی کوردی لە حکومەتی نوێی عێراقدا پێبدرێت.

ستران عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لەبەرانبەر لێدوانی بەرپرسانی پارتیدا دەڵێت، ئەمە حکومەتی هەرێم نییە، ئەوان تێیدا باڵادەست بن، ئەمە حکومەتی عێراقەو ئێمە بەرکەوتەی خۆمان دەوێت کە دوو وەزارەتە.

ستران عەبدوڵا، دەشڵێت، ئێمە مامەڵە لەگەڵ دەستی دوودا ناکەین کە پارتییە، بەڵکو ئێمە مامەڵە لەگەڵ کاندیدی سەرۆکی نوێی حکومەتی عێراقدا دەکەین.

 

 

بەرپرسانی پارتی، زیاتر گڕ لە یەکێتی بەردەدەن، کاتێک ڕایدەگەیەنن کە یەکێتی نابێت چاوەڕوانی وەرگرتنی هیچ وەزارەتێکی دیکە بێت لەبەغدادو بەهۆی وەرگرتنی سەرۆک کۆمارەوە هیچ خاڵێکی بۆ وەرگرتنی وەزارەت نەماوە.

 ستران عەبدوڵا، کە لەم پرسەدا پارتی بە دەستی دوو ناو دەبات، دەڵێت، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ناچێتە ناو چوارچێوی هاوسەنگی و خاڵەوە، چونکە ئەوە دەمێکە ڕێکەوتنی لەسەر کراوە.

 حەسیبە عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، پۆستی سەرۆککۆمار لەبەرانبەر پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا دادەنێت و ڕوو بە پەیامەکانی پارتی ڕایگەیاند کە یەکێتی لە دوو وەزارەت کەمتری ناوێت و ئەو دەشڵێت، ئەگەر پارتی سەرۆک کۆمار بە مافی یەکێتی نەزانێت، ئەوا ئێمەش داوای پۆستی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم دەکەین.

سەباح سوبحی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، هەر چوار وزارەتەکەی حکومەتی نوێی عێراق بە مافی پارتی دەزانێت و ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر چوار وەزارەت بدرێت بە کورد، ئەوا پارتی لە پشکی خۆی وزارەتێک دەدات بەیەکێتی، بەڵام ئەگەر سێ وەزارەت درا بە کورد، ئەوا هەرسێکیان بۆ کورد دەبێت و یەکێتی هیچ وەزارەتێکی بەر ناکەوێت.

بەرپرسانی باڵای پارتی، لەم گەڕەی شەڕی میدیایی نێوان یەکێتی و پارتیدا، بە جۆرێک هێرش دەکەن کە لە وەزارەتێک زیاتر نادەنە یەکێتی و یەکێتیش دەڵێت هەروەکو چۆن یاری سەرۆککۆمارمان لێبردنەوە، بەو شێوەیەش ئەم یارییەتان لێدەبەینەوەو دوو وەزیر لە حکومەتی نوێی عێراقدا مسۆگەر دەکەین.