جۆرەکانی پارتی

2022-11-02

د. فایەق گوڵپی

پارتیی دیموکراتی کوردستان (پارتیی) ساڵی ١٩٤٦ وەکو حیزبێکی سیاسیی بۆ ڕابەرایەتییکردنی بزوتنەوەی کوردایەتیی دامەزراوە، بەڵام ئەو حیزبە لە پێوانەی کوردایەتیی لایداوە و ئێستا حیزبی بنەماڵەی بەرزانییەکانە.
 پارتیی بە شێوەیەكی گشتیی حیزبی پیاوانە، ئەگەر ڕۆژێك‌ لە ڕۆژان ئەندامێكی ژنیش پلەیەكی حیزبیی تێیدا بەدەستخستبێت، نەك دەبێت وەكو پیاوان و بۆ پیاو بیربكاتەوە و بڕیاربدات، دەبێت بۆ بنەماڵە و خێزانی نێریینەی باڵادەست بیربكاتەوە و كاربكات. بەو واتایە ئەو ژنە لە جەوهەری ژنێتیی دووردەکەوێتەوە و کار بۆ ماف و ئازادیی ژن ناکات.

لە ناو پیاوانیشدا دەسەڵاتداران پۆلێنكراون، بەرپرسە پلە یەكەكانی حیزب لە خێزانی بنەماڵەی دەسەڵاتدارن. ئەم پێكهاتە دەسەڵاتدارە سودیان لە مێژووی تێكۆشانی باووباپیرانیان وەرگرتووە. جڵەوی پارتیی و شۆڕشی كورد و حكومەتی هەرێمیان بەدەستەوەگرتووە. تاك و پێكهاتەكانی تری نەتەوەی كوردیان لە مافی سیاسیی دوورخستووەتەوە. دەسەڵاتدارێتیی بنەماڵەی بارزان كە لە سێكوچكەی باب و كوڕ و برازا تێپەڕناكات، بڕیار لەسەر سیاسەتەكانی پارتیی و كارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدات.

 ئەو سیكۆچكەیە كاروباری وڵات بەڕێوەدەبات، بەگوێرەی سیاسەتی سەردەم دەبێت ئەو سێکوچکەیە ملكەچی ڕەخنە و چاودێریی و لێپێچینەوە بن، بەڵام مافی پادشا خواوەندی كوردستانیان بە خۆیان داوە و کەس بۆی نییە لێیابپرسێتەوە. ڕۆڵی شازادە دەسەڵاتدارەكانی دەوڵەت_شارەكانی سەردەمی یۆنانی كۆن دەگێڕن، كە لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەموو شتێک هەر خۆیان بوون.

لە مێژووی خەباتی پارتییدا، لە کاتی شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی گوڵاندا، لە سەردەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بنەماڵەی بەرزانیی چەندیین هەڵەی ستراتیژییان کردووە، چەندیین جار سەنگەری بەرگریی گەلی کوردیان بۆ دوژمن چۆڵکردووە، بەڵام هەتا ئێستا ڕووبەڕووی ڕەخنەوە لێپێچینەوە نەبوونەتەوە.  

 

دیاردەی بنەماڵەگەریی دەسەڵات هەتا دێت قووڵ و فراوانتر دەبێت. لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلولدا تەنها مەلا مستەفا و دوو لە کوڕەکانی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی و سەرکردەی شۆڕشی ئەیلول بوون، بەڵام لە دوای کۆنگرەی ١٣ی پارتیی ( ٢٠١٦) ١١ بەرزانیی پلە و پۆستی مەکتەب_سیاسیی و سەرکردایەتیی و شوێنە هەستیارەکانی حیزب و حکومەتیان بەدەستەوەگرتووە. 

  لە مێژووی خەباتی پارتییدا، لە کاتی شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی گوڵاندا، لە سەردەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بنەماڵەی بەرزانیی چەندیین هەڵەی ستراتیژییان کردووە، چەندیین جار سەنگەری بەرگریی گەلی کوردیان بۆ دوژمن چۆڵکردووە، بەڵام هەتا ئێستا ڕووبەڕووی ڕەخنەوە لێپێچینەوە نەبوونەتەوە.  

  لە دوای دەسەڵاتی خێزانی بەرزانییەوە كۆمەڵێك كادر و بەرپرسی حیزبیی نابەرزانیی پارتیی دێن، كە تێكۆشانی سیاسییان لە ناو پارتییدا دەستپێكردووە و هەتا ئێستایش لە تێكۆشاندا بەردەوامن. ئەمانە لە ڕووی ماف و دەسەڵاتەوە پێكهاتەی پلە دووی حیزبن. سنوور بۆ كار و چالاكییە سیاسییەكانیان دانراوە، مافی سیاسیی و دەسەڵاتیان لە لایەن پێكهاتەی یەكەمەوە دیاریدەكرێت، بۆیان نییە داهێنانبكەن، بۆیان نییە دەست لەو بابەتانە وەربدەن كە ماف و ئەركی بەرزانییەكانە، ئەم توێژە بۆی نییە پۆستی سەرۆکی پارتیی وەربگرێت. ئەم توێژە دەسەڵاتدارەی ناو پارتیی لەو توێژە كۆمەڵایەتییەی دەوڵەت_شارەكانی سەردەمی یۆنانی كۆن دەچن كە لە بنەڕەتدا هاوڵاتیی یۆنانیی نەبوون، بەڵام  بۆیان نەبوو لە بڕیاری سیاسییدا بەشدارییبكەن و تەنها بازرگانییاندەكرد.

  لە دوای ئەمانیشەوە پێكهاتەیەكی تر دێن كە بە پێكهاتەی پلە سێی ناو پارتیی دەژمێردرێن، ئەمانە لەو كەسانە پێكدێن كە یەكەم جار تێكۆشانیان لە دەرەوەی پارتییدا دەستپێكردووە. سەرەتا ئەندام و كادری حیزبی شیوعیی عێراق و یەكێتیی و (پ. ك. ك) بزوتنەوەی گۆڕان و حیزبەكانی تر بوون، ئەم پێكهاتەیەی ناو پارتیی ئەركیان پاراستنی پێكهاتەی یەكەمی پارتییە (بەرزانییەکان)، مافی ئەوەیان نییە دەست لە كاروباری بەرپرسە پلە یەك و پلە دووەكانی ناو حیزبەكەیان وەربدەن. خاوەنی بەرهەم و داهێنان نین، ئەو ئەركانەی بۆیان دیاریدەكرێت جێبەجێیدەكەن و ناتوانن لێیلابدەن. ئەم پێکهاتەیە زۆربەیان وەکو ڕاوێژکاری بەرپرسەکانی بنەماڵەی بەرزانیی کاردەکەن.