ڕووداوە سەرنجڕاکێشەکانی ناو سیازدە کۆنگرەکەی پێشووی پارتی

2022-11-03

لە حەفتاو شەش ساڵ تەمەنیدا، پارتی سیازدە کۆنگرەی بەستووە، ئەوە لەکاتێکدا دەبوو، نۆزدە کۆنگرەی گرێبدایە، زۆرینەی ئەو کۆنگرانەشی کە پارتی بەستوویەتی لە وادەی خۆیدا نەبووەو ئێستاش سیازدە ساڵ بە سەر  کۆنگرەی سیازدەی ئەو حیزبەدا تێپەڕیوەو ئەمڕۆش ۳ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۲ پارتی لە شاری دهۆک کۆنگرەی چواردەی بەست.


کۆنگرەی یەکەم

لە ۱٦ی ئابی ۱۹٤٦ لە ماڵی سەعید فەهیم لەشاری بەغدادو بە بێ ئامادەبووی مەلا مستەفا، پارتی یەکەم کۆنگرەی بەستووەو کۆنگرەکەش کۆنگرەی دامەزراندنی پارتی بووە.
لەو کۆبوونەوەیەدا، مەلا مستەفا بە سەرۆک و شێخ لەتیفی شێخ مەحمود بە جێگری یەکەم و کاکە زیادی کۆیە بەجێگری دووەم دیاری کراون و هەمزە عەبدوڵاش بووەتە سکرتێری پارتی.

کۆنگرەی دووەم

لە مانگی ئازاری ساڵی ۱۹٥۱، واتە پێنج ساڵ لە دوای کۆنگرەی یەکەم، لە ماڵی " عەلی حەمدی" لەشاری بەغداد، کۆنگرەی دووەمی پارتی بەستراوەو لە کۆنگرەکەدا بڕیاردراوە کە هەمزە عەبدوڵای سکرتێرو ئەندامانی پێشووی سەرکردایەتی بەرپرسیارێتیان پێنەدرێت و تا کۆنگرەی سێهەم لیژنەیەک کاروباری حیزب بەڕێوە ببات و مەلا مستەفا کە لەڕووسیا بووە بەسەرۆکی پارتی دیاری کراوەتەوە.
دوای کۆنگرەی دووەم، هەمزە عەبدوڵا بە بڕیارەکانی کۆنگرەی دووەم ڕازینابێت و لە شاری سلێمانی ڕێکخستنێک بەناوی " باڵی پێشکەوتنی پارتی" دروستدەکات.

کۆنگرەی سێیەم

کێشەکانی ناو پارتی و جموجوڵەکانی هەمزە عەبدوڵا، وا لە لیژنەی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی دووەم دەکات کە هەر لەو ساڵەداو لە هاوینی ساڵی ۱۹٥۱ لەکەرکووک کۆنگرەی سێهەمی پارتی ببەستن.

لە کۆنگرەی سێهەمدا، مەلا مستەفا بە سەرۆک هەڵبژێردراوەتەوەو برایم ئەحمەد بووە بە سکرتێری پارتی و هەمزە عەبدوڵاش لە ڕیزەکانی پارتی دەرکراوەو جەلال تاڵەبانیش هاتووەتە سەرکردایەتی پارتی.

کۆنگرەی چوارەم

لە مانگی ۱۰ی ساڵی ۱۹٥۹ و هەشت ساڵ لەپاش کۆنگرەی سێهەم، لە شاری بەغداد کۆنگرەی چوارەمی پارتی بەستراوەو یەکەم کۆنگرەی پارتی بووە کە مەلا مستەفا بەشداری تێدا بکات.
لە کۆنگرەی چوارەمی پارتیدا، مەلا مستەفا بەسەرۆک هەڵبژێردراوەتەوەو ئیبراهیم ئەحمەدیش بە سکرتێر.

ئەم کۆنگرەیە بە کۆنگرەی پاکتاوکردنی چەپەکانی ناو پارتی ناو دەبرێت و ئەم ئەندامانەی سەرکردایەتی لە پارتی دەرکران " هەمزە عەبدوڵا ــ حەمید عوسمان ــ ساڵح حەیدەری ــ نەژاد ئەحمەد عەزیز ــ خەسرەو تۆفیق ــ ساڵح ڕووشدی".

کۆنگرەی پێنجەم

کەمتر لەساڵێک بەسەر کۆنگرەی پێشوودا، لە مانگی ئایاری ۱۹٦۰ دا، بە بێ ئەنجامدانی هیچ گۆڕانکارییەک، پارتی کۆنگرەی پێنجەمی گرێدا، گرێدانی ئەم کۆنگرەیە دوای ئەوە هات کە پارتی مۆڵەتی فەرمی لە عێراقدا وەرگرت و کۆنگرەکەش بۆ بە ئاشکرا ناساندنی پارتی بوو.

کۆنگرەی شەش

ئەم کۆنگرەیە لە دۆخێکی دژوارو پڕ لە ناکۆکی ناوخۆییدا لە ۱ی مانگی ۷ی ساڵی ۱۹٦٤دا گرێدراو کۆنگرەی پاش توندبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان باڵی مەکتەبی سیاسی و مەلا مستەفابوو.

لەم کۆنگرەیەدا، حەبیب محەمەد کەریم کرایە سکرتێری پارتی و دکتۆر مەحمودیش هاتە سەکردایەتی پارتییەوەو بڕیاری دەرکردنی هەریەکە لە " برایم ئەحمەدو جەلال تاڵەبانی و عومەر دەبابەو سەید عەزیز شەمزینی و عەلی حەمدی و عەبدولڕەحمان زەبیحی و نوری شاوەیس و عەلی عەبدوڵاو حیلمی عەلی شەریف و نوری ئەحمەد تەهاو عەلی عەسکەری و مەلا ماتۆڕ" درا، هەموو ئەمانە لەسەرکردەکانی باڵی مەکتەبی سیاسی بوون.

کۆنگرەی حەوت

لە ڕۆژی ۱٥ی ۱۰ی ساڵی ۱۹٦٦، لە شارۆچکەی گەڵاڵە، کۆنگرەی حەوتەمی پارتی گرێدرا، ڕووداوی دیاری ئەم کۆنگرەیە بڕیاردان بوو بە کردنەوەی " نوری شاوەیس و عەلی عبدوڵا" بە ئەندامی سەکردایەتی کە ڕیزی باڵی مەکتەبی سیاسیان جێهێشتبوو، هەروەها لەم کۆنگرەیەدا " سامی عەبدولڕەحمان"یش کرا بە ئەندامی سەرکردایەتی.

کۆنگرەی هەشت

چوار مانگ دوای ڕێکەوتننامەی ۱۱ی نێوان سەددام و مەلا مستەفاو لە سەرەتای مانگی حەوتی ساڵی ۱۹۷۰، کۆنگرەی پارتی ئەنجامدراو لەم کۆنگرەیەدا باڵی مەکتەبی سیاسی گەڕانەوە بۆناو پارتی.

کۆنگرەی نۆ

ئەم کۆنگرەیە لە ٤ ــ ۱۰ ی مانگی یازدەی ساڵی ۱۹۷۹ لە ئۆردوگای زێوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسترا.

ئەم کۆنگرەیە یەکەم کۆنگرەی دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول و کۆچی دوایی مەلا مستەفا بوو، لەم کۆنگرەیەوە مەسعود بارزانی بوو بەسەرۆکی پارتی و عەلی عەبدوڵا بوویە سکرتێر.

لەم پاش ئەم کۆنگرەیەوە هەریەکە لە نوری شاوەیس و سامی عەبدولڕەحمان و عارف تەیفور لە پارتی جیابوونەوە.

کۆنگرەی دە

لە ڕۆژانی ۱۰ ــ ۱۲ی مانگی دوازدەی ساڵی ۱۹٨۹، واتە  دوای دە ساڵ لە شاری " مەرگەوەڕ" ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پارتی کۆنگرەی دەیەمی گرێداو مەسعود بارزانی بویەوە بە سەرۆک و عەلی عەبدوڵا بوویە جێگری و بۆیەکەمجاریش نێچیرڤان بارزانی هاتە سەکردایەتی پارتییەوە.

کۆنگرەی یازدە

لە  ٦ی مانگی ئابی ساڵی ۱۹۹۳ لەشاری هەولێر، پارتی کۆنگرەی یازدەهەمی گرێدا، ئەم کۆنگرەیە یەکەم کۆنگرەی پاش ڕاپەڕینی بەهاری ۱۹۹۱و هاتنەوە بوو بۆ کوردستان.
ئەم کۆنگرەیە ناونرا کۆنگرەی یەکگرتن، چونکە لەم کۆنگرەیەدا هەریەکە لە حیزبەکانی " سۆسیالست و پاسۆک و پارتی گەل" لەگەڵ پارتیدا بڕیاری یەکگرتنیاندا.

دیسان مەسعود بارزانی بە سەرۆک هەڵبژێردرایەوەو عەلی عەبدوڵاش بە جێگری دیاری کرا.

بەهۆی یەکگرتنی حیزبەکەی " پارتی گەل" لەگەڵ پاتیدا، دوای دوازدە ساڵ لە جیابوونەوەی جارێکیتر سامی عەبدولڕەحمان گەڕایەوە سەرکردایەتی پارتی.

هەر بەهۆی یەکگرتنی حیزبی سۆسیالست لەگەڵ پارتیدا، لە کۆنگرەی یازدەی پارتیدا، محەمەدی حاجی مەحمود بە ئەندامی سەکردایەتی پاتی هەڵبژێردرا.

گۆنگرەی دوازدە

لەپاش شەش ساڵ و لەساڵی ٦ ــ ۱٤ ی مانگی ۱۰ی ساڵی ۱۹۹۹ لەشاری هەولێر کۆنگرەی دوازدەی پارتی بەستراو لەم کۆنگرەیەدا مەسعود بارزانی بە سەرۆک هەڵبژێردرایەوەو عەلی عەبدوڵاش بەجێگری و جەوهەر نامیقیش بوویە سکرتێری مەکتەبی سیاسی.


کۆنگرەی سیازدە

لەدوای یازدە ساڵ و لە مانگی دوازدەی ساڵی ۲۰۱۰ پارتی کۆنگرەی سیازدەی بەست، ڕووداوی دیاری ئەم کۆنگرەیە بوونی نێچیرڤان بارزانی بوو بە جێگری مەسعود بارزانی و هەروەها هاتنی مەسرور بارزانی و سیداد بارزانی و سیروان بارزانی و ئەدهەم بارزانی و  یوسف ئیدریس بارزانی بوو بۆ سەرکردایەتی پارتی.

پارتی و کۆنگرەی چواردە

سیازدە ساڵ بەسەر کۆنگرەی سیازدەی پارتیدا تێپەڕیوەو لە ساڵانی ڕابردووشدا چەند جارێک سەکردایەتی پارتی بە فەرمی وادەی بەستنی کۆنگرەی دیاریکرد، بەڵام کۆنگرە نەبەستراو دواجار له ۳ ــ ۱۱ ــ ۲۰۲۲ پارتی کۆنگرەی چواردەهەمی لە دهۆک گرێدا.