چیرۆكی دوا ساتەكانی ژیانی قادری حاجی عەلی

ژیان بەتامی مەرگ
2022-11-10

شیلان ئەحمەد

هاوسەری قادری حاجی عەلی

 

وا بەنیاز بووم "گەڕانەوە بۆ ژیان" بکەمە ناویشانی وتارێک، ئەویش دوای ئەوەی لە دەردی کۆرۆنا رزگارمان بوو پێکەوە گەراینەوە ماڵ، بەڵام بەداخەوە مەرگی ناوەختی هاوسەرە شیرینەکەم بوو بەخەمێکی قوڵی بێ کۆتایی و، ژیانی بەتامی مەرگیش بۆمن بەجێهێشت.

 

دوو ساڵە من و شاکۆی کورم ( دیارییە خواهانییەکەی قادری حاجی عەلی) لەنێوان خەم و دوری ئەبەدی باوکی، لەنێوان ژیان ومەرگدا ئەتلێینەوە، ژیانێکی بێ رۆح، هەناسە ساردو ساکاو لە یادەورییەکانی رابردودا.

 

خۆزگە ئەمتوانی بەوحاڵەشەوە ئەوهەقەی بۆبگێرمەوەو یادگارییەکانی شەش ساڵەی پێکەوەبونمان لەدوو توێی کتێبێکدا کەشایستەی ئەوبێت بنوسمەوە، بەسەرهاتی نەخۆشییەکەی و کورتەیەک لە چیرۆکی بەدبەختی خۆم لەدوای کۆچی ئەو بڵاو بکەمەوە.

 

کەم جار ڕێک ئەکەوێ کۆمەڵێ تایبەتمەندی و ئاکاری جوان و ناوازە لەمرۆڤێکدا کۆببێتەوە، کۆمەڵێک تایبەتمەندی جوان و باڵا لەکەسایەتی مرۆڤێکدا ڕەنگ بداتەوە. باوکی شاکۆ بە شاهیدی دۆست و نەیار کەسایەتییەک بوو کە وێنایەکی وای هەبوو پراو پر ببێتە جێگەی شانازی کەسوکارو هاوڕێکانی و بگرە میللەتەکەشی، بەخشندە، دەست و دڵ پاک، بەئەمەک وکۆمەڵایەتی و خاکەڕا، تا ئاستی ئەوەی هاوڕێی لەهەموو تەمەنەکان هەبوو .

 

مرۆڤێک تاسەر ئێسک بڕوای بەنوێ گەری و دادپەروەری و ژیانێکی شایستە بوو بۆ خەڵکی کوردستان کە بارتەقای رەنج و قوربانییەکانی بێت، ئەو بەمانا خەمی گشتی لەکۆڵ نابوو، هاوکاری گەنج و پاڵپشتی هەموو هەنگاوێکی بوێرانەیان بوو بۆ بەرژەوەندی گشتی، پاڵپشت و بەرگریکارێکی سەرسەختی میدیای ئازادو ئازادی وتن و رادەربڕین بوو، هەموو ئەوانەشی بە ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانی ئەزانی و وەک تەواوکەری ئەزموون و تێکۆشانی رابردوی لێی دەڕوانی.

 

ئەو بڕوای بەوە بوو مرۆڤەکان خۆیان دەتوانن جوڵێنەری سەرەکی ئەو واقیعەبن کەتێدا دەژین. بڕوا بەخۆ بوون لای لەئاستێکی باڵادا بوو، نەترس و بوێر بوو، سڵی لەئەرکی قورس نەدەکردەوە. بۆیە هەمیشە هاوتەریب لەگەڵ هەموو گۆڕانکاری و ئاڵانگاریەکانا دەستوپەنجەی نەرم دەکرد، بەبێدەنگی دەجەنگا، بەو ئەزموون و شارەزاییەی هەیبوو سەرکەوتوانە توانی مێژویەکی پڕ شانازی بۆ خۆی بنەخشێنێت.

 

لەلوتکەی دەسەڵاتا دەستبەرداری پۆست و ئیمتازاتە بێشومارەکانی بوو، لەبری بەرژەوەندی و ژیانی تایبەت، پارێزەرایەتی مافەکانی خەڵک و بەرگریکردنی لەژیانی گشتی هەڵبژارد، ئەو هەموو هەوڵ و تێکۆشانی بۆ بەدیهێنانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی بوو، بەردەوام هەوڵی بەرزڕاگرتنی شکۆی تاکی کوردی دەدا، زۆر ڕاستگۆیانە لەخەمی ئەوەدا بوو ئینسانی کورد بە پشتبەستن بە توانا و بڕوا بوون بەخۆ و بە کۆدەنگی دەنگە ناڕازییەکان و دوور لەخۆبەستنەوە بە کاریزما و چوارچێوەکانی حزب، خۆیان ڕێگەی گۆڕانکاری بگرنە بەرو چاکسازی بکەن.

 

باسکردنی کەسایەتیەکی وا، کە بەر لەمەرگی ببووە ئومێدێک بۆ هەموو ئەوانەی بێ ئومێدببون لەو دۆخە ناهەموارەی کەدەسەڵات دروستی کردبوو، لەم نامیلکە بچوکەدا هەرگیز هەقی خۆی پێ نادرێت، بەتایبەتی کە ئەم نامیلکەیە تەنها بۆ باسکردن و گێڕانەوەی ئەو ڕۆژانەیە کە تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بوو تا دواین ساتەکانی ژیانی، دواتریش باسکردنی بارودۆخی بەندە لەدوای کۆچی ئەو، کەچی کارەسات و خەسارەتێکی ژیانما خولقاند، نە ئەتوانم وەسفی بکەم، نە تواناشم هەیە گوزراشتی لێبکەم.

 

نەخۆشکەوتن و ماڵئاوایی یەکجاری

 

 

ڕۆژی ٢٣/٩/٢٠٢٠ وەک هەموو ڕۆژێکی ئاسایی هەستاین لەخەو بەڕوویەکی خۆشەوە خۆی گۆڕی و نانی بەیانی خواردوو چوە دەرەوە بۆ بینینی چەند برادەرێک کەپێشتر گۆڕان بوون، نیوەڕۆ کە گەڕایەوە ماڵەوە زۆر بێتاقەت بوو دەتوت کەسێکی ترە، دەموچاوی تەواو پێوەی دیار بوو کەهەواڵێکی ناخۆش یان شتێکی ناخۆش ڕوی دابێت، کەپرسیارم لێ کرد هیچی نەدرکاند و ووتی هیچ نەبوە، من بڕوام پێ نەکرد چونکە دەموچاوی هاواری ئەکرد، بۆ شەوەکەی سەرئێشە دایگرت و کەمێک تای هەبوو، بۆ ڕۆژی دوایی هەروەک ڕۆژانی ئاسایی هەستا بەڵام بێتاقەتییەکە بەری نەیابوو جارێکی تر پرسیارم لێکرد هەر ئینکاری لێ کرد و ووتی هیچ نەبوە، ئەوەی لەنزیکەوە قایەری حاجی عەلی ناسیبێت ئەزانێ کە کەسێکی نهێنی پارێز بوو هەرگیز نهێنی خۆی و دەوروبەرەکەشی لای کەس باس نەئەکرد، بەڵام زۆر شتی لەلای من باس ئەکردو سەرگوزشتەی زۆری خۆی و هاوخەباتەکانی و هاوڕێ نزیکەکانی باس ئەکرد.

 

زۆرجار کەبێتاقەت ئەبوو ئەیوت بابڕۆین پیاسەیەکی ئەزمەڕو ئەودیوی سلێمانی بکەین و بەدەم ڕێگاوە ئەکەوتە قسەکردن، بەڵام ئەمجارەیان جیاواز بوو بەزەردەخەنەیەک ئەیویست دڵنیام کاتەوە کەهیچی وا نیە بەڵام دەموچاوی وای نەئەوت، ئەو ڕۆژەش وەک ڕۆژەکانی تر چوە دەرەوەو کەسی وای نەبینیبوو هاتەوە ووتی گیانم داهێزراوە خەریکە تووشی پەتای وەرزی ئەبم، دوو پاراسیتۆڵی خواردوو تۆزێ شێلام ئازاری سەری کەم بوەوە، بەڵام بۆ ڕۆژی دوایی کەڕۆژی هەینی بوو کەچوە دەرەوە ئەوەنەی پێ نەچوو هاتەوە ووتی سەرم زۆر ئازاری هەیە، وردە وردە تاکەشی بەرز ئەبوەوە، ووتم بۆ ناچی فەحسێک بکەی ووتی خۆم ئەزانم هەموو پایزێک پەتای وەرزی ئەگرم هەر ئەوەیە هیچی تر نیە، بۆ ٢٦ و ٢٧ ی مانگ تاکەی بەرزتر بوەوە بەڵام بەردەوام پاراسیتۆڵی ئەخوارد لەماوەی ئەو دوو ڕۆژەیا خوشکو براو خوشکەزاکانم سەردانیان کردین، هەموو بەسەرە ئەیانشێلا تاوەکو تۆزێ ئازاری سەرو شان و ملی کەم بێتەوە.

 

 

چەند جارێکی تر لێم دوبارە کردەوە کە بچێت فەحسی کۆرۆنا بکات بەڵام بەقسەی نەکردم هەتا ڕۆژی ٢٨/ ٩ منیش هەموو گیانم یایە ئازار ئازارێک کە یەکەم جار بوو هەستی پێ بکەم نەمەتوانی بەپێوە خۆم ڕابگرم، دەستبەجێ چووم فەحسم کرد، دوای بیستو چوار سەعات ئەنجامەکەیم بۆ هاتەوە بە کورتە نامەیەک لەمۆبایلەکەم، کە ئەنجامەکەیم پیشان دا ئینجا قەناعەتی کرد کە ئەوەی ئەویش کۆرۆنایەو بۆ ڕۆژی دوایی واتا ٣٠/٩ چوو پشکنینی کرد، زۆرم پێ ووت کەپشکنینی خوێن و ئەشیعەی سنگیشی بگرێت بەڵام کەهاتەوە هەر فەحسی ئاسایی کردبوو کە بەقوڕگ و لووت ئەکرێت، ئەنجامی فەحسەکەی ئەو دوای دوو ڕۆژ هاتەوە کە بەچاوی خۆی ئەنجامەکەی بینی ئینجا قەناعەتی کرد کە کۆرۆنایە. لە ٣٠ی مانگەوە خۆمان کەرەنتین کردوو شاکۆم نارد بۆ لای خوشکەکانم لەبەر ئەوەی ئەویش هەڵگری ڤایرۆسەکە بوو هەموویانی تووش کرد.

 

سەرەتا هەستی بەهیچ هەناسە توندیەک نەئەکرد بۆیە وای ئەزانی بەسوکی گرتویەتی تەنها ڤیتامینات و پاراسیتۆڵی ئەخوارد، بەڵام تاکەی تا دەهات بەرزتر ئەبوو، دووی مانگ دووبارە فشارم لێ کرد کە فەحسی خوێن بکات بەڵام بەقسەی نەکردم، بڕوای زۆر بەڕێنمایی دکتۆر هەبوو بۆیە ووتی تلفۆن بۆ دکتۆر هێرش سەید سەلیم ئەکەم با ئەو ڕێنمایمان بکات چی بکەین ئەو شارەزایی پەیا کردوە لەسەر کۆرۆنا، مۆبایلەکەی خۆی داخستبوو بە مۆبایلەکەی من نامەیەکی بۆ دکتۆر هێرش نارد لەبەر ئەوەی ژمارەکەی منی نەئەناسی پاشان تلفۆنی بۆ کرد دوای چەن تەلەفۆنێک وەڵامی دایەوە ووتی ئەم ژمارەیە ئەدەم بە دکتۆرێکی تر ئەویش هێرشی ناوە بائەو ڕێنمایتان بکات، هەر چاوەڕێ بووین تاوەکو ڕۆژی دواییش کەس تەلەفۆنی بۆ نەکردین، ڕەنگە ئەگەر دکتۆر هێرش پێی بوتایە بچێتە خەستەخانەو فەحسی خوێن و ئەشیعەی سنگی بگرێت وەزعەکە بەتەواوی ئەگۆڕاو وای لێ نەئەهات.

 

ڕۆژی دوایی وەزعی زۆر خراپ بوو بەردەوام بەسەهۆڵ تاکەیم خاو ئەکردەوە ، لەتاوا تەلەفۆنم بۆ دکتۆر ئەمیر کرد، دکتۆر ئەمیر هاوڕێی مناڵی بوو ئەو ژمارەی تەلەفۆنی تیمە تەندروستیە گەڕۆکەکانی بۆ پەیاکردین، تەلەفۆنم بۆ کردن بۆ ئێوارە هاتنە ماڵەوە فەحسی خوێنیان بۆ کرد کە ئەنجامەکەی هاتەوە ئیلتیهابەکەی زۆر بەرز بوو هەر بە ڤایبەر ئەنجامەکەم نارد بۆ دکتۆر تەها مەحوی و ئەو عیلاجی بۆ نووسی .

 

ئەو چەند ڕۆژەی لەماڵەوە بوین تیمەکە ڕۆژی دوو جار ئەهاتن عیلاجیان ئەیایە، هەتا ڕۆژی پێنجی مانگ واتا ٥/١٠ هەستم کرد هەناسەی بەزەحمەت بۆ ئەدرێ کە ئۆکسجینەکەیم پێوا دووسێ دەرەجە دابەزیبوو بۆیە یەکسەر تەلەفۆنم بۆ دکتۆر تەها کرد، ووتم دکتۆر بەقسەی من ناکات تەلەفۆنەکە ئەیەمە دەستی بەڵکو پێی بڵێی بێت لەگەڵم بچین ئەشیعەی سنگی بگرێت، کە دکتۆر تەها پێی ووت قەناعەتی کرد، خۆمان گۆڕی و بردم بۆ خەستەخانەی FMC، لەوێ ئەشیعەی گرت بەڵام بێتاقەت بوو نەیتوانی چاوەڕێی ئەنجامەکەی بکات هێنامەوە ماڵەوەو دوای نیو سەعات تەلەفۆنم بۆ دکتۆر ئەمیر کرد ووتی بەپەلە بیخەرە ژێر ئۆکسجینەوە لەسەدا هەشتای سیەکانی گرتویەتی بەڵام بەخۆی مەڵێ، منیش یەکسەر تەلەفۆنم بۆ بەرهەمی یانەی شاری خێزانی کرد ئەو پێشتر زۆر بەخراپی کۆرۆنای گرتبوو، لەماوەی نیو سەعاتا دوو بتڵ ئۆکسجینی بۆ هێنا و دکتۆرێکیشی لەگەڵ خۆیا هێنا، ئۆکسجینیان بۆ داناو بەجێیان هێشت.

 

هێشتا ئەوان لەوێ بوون کاک فاروقی مەلا موستەفا تەلەفۆنی بۆ کردم ووتی پێی بڵێ ئیسعافی بۆ ئەنێرم بابێتە خەستەخانە باشترە بەڵام ڕازی نەبوو ووتی ناچم.

لەنیوەشەوا کەخەوی لێ کەوت ئۆکسجینەکەی بەرەو دابەزین ڕۆشت زۆر ترسام لەجیهازەکەشم نەئەزانی زۆر، بەپەلە تەلەفۆنم بۆ بەرهەم و دکتۆرەکە کردەوە هاتن ئۆکسجینەکەیان بۆ زیا کردوو تۆزێ مەساجیان بۆ کرد هەتا ڕۆژبۆوە، خۆی زانی کەوەزعی بەرەو خراپی ئەڕوات بۆیە ووتی بمبەنە خەستەخانە، ئەوەبوو تەلەفۆنم بۆ ئیسعاف کردو بردمانە خەستەخانەی FMC.

 

٦/١٠بوو چووینە خەستەخانە، پێم وابێت لەقاتی چوار بوو ژورێکیان داینێ و خستیانە ژێر ئۆکسجینەوەو دکتۆر هادی هات دەرمانی بۆ نوسی و پلازمای یەکێکیان بۆ هێناین بیرم نەماوە ناوی چی بوو، ووتی هەوڵ بدە بیدۆزیتەوە بۆ ئەوەی سوپاسی بکەیت، ناوەکەشیم لای خۆم تۆمار کرد بەڵام دواترلەلام نەما، ئەو دوو ڕۆژە هەستم کرد تۆزێ بەرەو باشی ئەڕوات لەگەڵ دەرمانە تازەکانا.

 

من خۆشم بێتاقەت بووم، ڕاستە بەقورسی نەمگرتبوو بەس پێویستم بە ئیسراحەت بوو پێویستم بەخەو بوو بەڵام لەبەر ئەو نەمەتوانی بۆ پێنج دەقەش چاو داخەم، زوو زوو تەئکیدی لێ ئەکردمەوە کەبەجێی نەهێڵم بەهیچ شێوەیەک، شەوان تاکو بەیانی چاوم لەسەر جیهازی ئۆکسجینەکە بوو، چاوم ئەوەندە هیلاک بوو تاوەکو نەچومایەتە بەردەمی جیهازەکە بۆم نەئەخوێنرایەوە.

 

 

شەش و حەوت و هەشتی مانگ باش بوو، بەڵام نۆی مانگ بێتاقەت بوو لەبەر ئەوەی خەوی لێ نەئەکەوت، شەوی نۆ لەسەر دە بەدکتۆر هادی ووت ئەمەوێ بنووم بەڵام خەوم لێناکەوێت، ئەویش حەبێکی خەوی یایەو بەجێی هێشتین سەعات ١١حەبەکەی یایە سەعات یانزەوچارەک ئۆکسجینەکەی دابەزی بۆ ٦٠ بەپەلە خەبەرم کردەوەو دەستم کرد بە مەساج کردنی بەڵام هەر بەرز نەئەبۆوە ، تەلەفۆنم بۆ دکتۆر دیار کرد ئەوکاتە بەڕێوبەری خەستەخانەکە بوو بەپەلە بردیانە ژوری بوژانەوە خستیانە ژێر سێپاپەوە، نەیانهێشت من بچمە ژورەوە لەگەڵیا ووتیان مەمنوعە، گەڕامەوە ژورەکەی کەتیای بووین زۆر بێتاقەت بووم لەقەلقیا جێم بەخۆم نەئەگرت دوای تۆزێ فەیس بوکم کردوە یەکسەر پۆستەکەی ئارام ئەحمەدم بینی کە نوسیبووی :

"دڵم پڕ لەدەردو کوڵ، ئەڵێم بێم بەرەو شارەکەت....بڕیار بێت ئەگەر ئەمجارە هەستیتەوە شارێک هەتیو نەکەیت، بەدەنگی بەرزو بەکامی دڵ گۆرانیەک بڵێم، هەستەوە پیاوی جوان بەهەواڵت سەدان هەزار کەس نیوە گیان بووە" .

کە ئەو پۆستەم بینی دەستم کرد بەگریان و تەلەفۆنم بۆ کرد ووتم کاک ئارام توخوا ئەو پۆستە لابەرە.

 

کەڕۆژ بوەوە چومە خوارە لەدەرگاکەوە سەیرم کرد هێشتا هەر لەژێر سێپاپا بوو، چاوەڕێم کرد هەتا هۆشیان هێنایەوەو چومە ژورەوە بۆ لای ووتی زۆر بێتاقەتم دەنگی ئەو جیهازانە کاسی کردوم ، پرسیاری سەعاتی کرد ووتی ڕۆژ بۆتەوە ووتم بەڵێ، پاشان پرسیاری کرد کێ تەلەفۆنی کردوە بۆ هەواڵ پرسین ، ناوی کۆمەڵێکی زۆر برادەرم پێ ووت کە نەمتوانیوە وەڵامی هەمویان بدەمەوە، لەناویانا ناوی دوانیانی ووت كە هەردووكیان بەرپرسن لەناو بزوتنەوەی گۆڕان وتی سەیرە بەلامەوە هەواڵم ئەپرسن زۆر پەستم لێیان گۆڕان لەسەر دەستی ئەو دوانە وێران بوو، ووتم گرنگ ئەوەیە تۆ هەستیتەوە ئەوانە هیچی گرنگ نین، (لەوپەڕی نەخۆشی و بێتاقەتیشدا نیگەرانی دۆخی گۆڕان بوو، نیگەران بوو لەوانەی بزوتنەوەی گۆڕانیان بەم دەردەی ئێستای بردووە)دواتر پرسیاری كردو ووتی هیچی تازە رووی نەیاوە ووتم نە‌و، ووتی کەواتە بڵاوبوەتەوە کەتووشی کۆرۆنا بووم بەو تەلەفۆنانەی کە بۆیان کردویت، وتم بەڵێ لەفەیسبوکیش زۆر کەس پۆستی کردوە، ووتی هەمویم لە لای خۆت سەیڤ کە بۆ ئەوەی دوایی بیانخوێنمەوە، دوبارە ووتی مێشکم کاس بووە بەدەنگی ئەو جیهازانە زۆر بێتاقەتم، وتم ئەچم ئیزن لەبەڕێوبەری خەستەخانەکە وەرەگرم و ئایپادێکت بۆ ئەهێنم گوێ لە گۆرانی بگرە، پێش ئەوەی جێی بهێڵم وێنەیەکی سێڵڤیم لەگەڵ گرت کە ئەو دوا وێنە بوو پێکەوە گرتمان، پێشم ووت کەچاک بوویتەوەو گەڕاینەوە ماڵەوە ووتارێک ئەنوسم بەناونیشانی "گەڕانەوە بۆ ژیان" .

 

هەر ئەو ڕۆژە چوم ئایپادێکم بۆ کڕی و هەموو ئەو گۆرانیانەی کە حەزی لێیەتی بۆم خستە سەری و بۆم برد، داوای کرد کە لەلای بمێنمەوەو بەجێی نەهێڵم بەڵام ووتیان مەمنوعە لەبەر ئەوەی ژوری بوژانەوەیەو لەدکتۆرەکان زیاتر کەس بۆی نیە بمێنێتەوە، بۆیە هەر لەبەردەمی دەرگاکەو لەساڵۆنەکانا ئەمامەوەو بە دووسێ سەعات جارێک سەرم لێ ئەیا هەتا یانزەی مانگ ڕەزامەندی بەڕێوبەری خەستەخانەکەم وەرگرت کە لەلای بمێنمەوە، شەوەکەی چومە ژورەوە دکتۆرێکی بەنجی لێ بوو بەناوی دکتۆر سۆران، ووتی ئێستا بێهۆشم کردوە وا زوو هۆشی نایەتەوە بچۆ ئیسراحەتێک بکەو وەرەوە.

 

ماوەیەکی زۆر بوو شاکۆم نەبینیبوو زۆرم بیرەکرد بەفرسەتم زانی چوم سەرێکم لە شاکۆ یاو دکتۆر سۆران تەلەفۆنی بۆ کردم ووتی ئەیەوێ قسەت لەگەڵ بکا تەلەفۆنەکەی لێ وەرگرت ووتی وەرە ئەمەوێ قسە بکەین، ووتم باشە هەر ئێستا یەم دکتۆر سۆران تەلەفۆنەکەی لێ وەرگرت ووتی بەچەن ئەگەیتە ئێرە ووتم نیو سەعاتم ئەوێ لەبەر ئەوەی لەقولەرەیسیم بەڵام شەوەو جادە چۆڵە هەوڵ ئەیەم زووتر بگەم، ووتی بڕوا ناکەم فریا بکەویت لەبەر ئەوەی دە دەقەی تر ئەیخەمەوە ژێر سێپاپ ئۆکسجینەکەی بەرەو دابەزین ئەڕوات، تەلەفۆنەکەم داخست وهەر ڕۆشتم بەڵام فریای نەکەوتم .

 

بۆ ڕۆژی دوایی کە ١٢/١٠بوو کەهۆشیان هێنایەوە چومە لایەوە زۆر بێتاقەت بوو خواردنیان بۆ هێنا ویستم بیەمێ ووتی ناخۆم ئاوم بەرێ، ئاوم یایە ووتم وەزعت چۆنە ووتی "باش نیم، هەرچەنە منەتم بەمردن نیە بەڵام حەزناکەم جارێ بەجێتان بهێڵم" ئەو قسانە شۆکی کردم نەمزانی چۆن دڵی بەمەوە ، نەمزانی ئەوە دوا وتەکانیەتی کەئەیڵێت دەستیم گرت و ووتم ئەوە باسی چی ئەکەیت مردنی چی هەر هەفتەیەکی ترەو هەڵەستیتەوە، سەرێکم هەڵبڕی سەیری جیهازەکەم کرد ئۆکسجینەکەی زۆر بەسەریعی دائەبەزی، دکتۆرەکان هاتن و پاڵیان خست و سێپاپەکەیان خستە سەر دەمی بۆ دواجار چاوی هەڵبڕی و سەیرێکی کردم وەک بڵێت تەواو ئیتر ئومێدم نەماوە بژیم، بەڵام من نەمەویست ئەوە لەچاوەکانی بخوێنمەوە، ئەمویست بەزۆر بڕوا بەخۆم بهێنم کە ئەوپەڕی دەڕۆژی ترەو چاک ئەبێتەوە.

 

کەبێهۆشیان کرد لەبەرامبەری لەسەر کورسیەک دانیشتم و بیرم لەکۆتا قسەی ئەکردەوە "منەتم بەمردن نیە" ئەو قسەیە هەموو کەسێک ناتوانێت بیکات بەتایبەت لەکاتێکدا مەرگ لەدامێنی بێت، ئەو قسەیە قسەی مرۆڤە خۆڕاگرو بەهێزەکانە، ئەوە قسەی پیاوێکە سەختی و هەورازو نشوییەکانی ژیان ڕۆژێ لەڕۆژان چۆکیان پێ دانەیاوە، قسەی پیاوێکە ویژادنی ئاسودەیە بەرامبەر بەنیشتمان و گەل و خێزان و کەسوکارو هاورێکانی، بەرامبەر بەو رێکخراوە سیاسیانەی کە بەوپەری دڵسۆزی و خۆنەویستیەوە خزمەتی تیاکردووە، قسەی پیاوێکە کە هەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەری هاتوە تێکی نەشکاندوەو گەورەتر بوە لەهەموو کێشەکان، قسەی پیاوێکە ئەو مێژووەی تیایا ژیاوەو ئەو پرۆسانەی تێی پەڕاندوە مانا ڕاستەقینەکەی ژیانی لەلا یەکاڵا کردۆتەوە....

 

ماوەیەک مامەوە لەلای و چومە خوارەوە ئیسراحەتێک بکەم، لەپڕ تەلەفۆنیان بۆ کردم وتیان وەرە سەرەوە ئەمانەوێ قسەت لەگەڵ بکەین، کە چوم ووتیان ئۆکسجینی بەرەو دابەزین ئەڕوات ئەبێ سۆندە لەناو دەمیەوە بەرین بۆ سیکانی ئەگەر ڕازین بۆمان ئیمزا بکە، منیش دوای پرس و ڕا بەچەند دکتۆرێک وتیان تاکە چارەسەر هەر ئەوەیە وئەبێ بەزوترین کات بۆی ئەنجام بەن، ئەوە بوو لەدەوروبەری عەسر بوو بە بەنجی عام سۆندەیان بۆ داناو بەتەواوی خەوانیان، بەڵام هەموو بەیانیەک ڕێژەی بەنجەکەیان بۆ کەم ئەکردەوە بۆ ئەوەی تۆزێک مێشکی بەئاگا بێت و لەکار نەکەوێت، ئەوە بوو هەموو بەیانیەک ئەچووم دەستیم ئەگرت و قسەم لەگەڵ ئەکرد بۆ چەند دەقەیەک، هەستم ئەکرد کەگوێی لێمەو دەستی توند ئەگرتم هەندێ ڕۆژ ئەیویست چاوی بکاتەوە بەڵام هەر زوو بەنجەکەیان بۆ زیا ئەکردەوە، لەبەر ئەوەی کە سەری ئەجوڵاند قوڕگی عەزێتی پێ ئەگەیشت، زۆربەی ڕۆژیش گۆرانی (ئەسفەهانی) موعینی ئەسفەهانیم بۆ ئەخستە سەر مۆبایلەکەوبەکزی لەلای سەریەوە دامەنا.

 

لەو ڕۆژەوەی کە بێهۆشیان کرد هەموو ڕۆژێک بەڤایبەر نامەیەکی دورو درێژم بۆ ئەنوسی و باسی ئەو ڕۆژەم بۆ ئەکرد، بۆمەنووسی کەچەند بیری ئەکەم و چەن حەزەکەم گوێم لەدەنگی بێت.

 

لە ١٢/١٠بۆ ٢٨/١٠ سۆندەی ئۆکسجینەکە لەناو قوڕگیا بوو واتا شانزە ڕۆژ، خوشکی هاوڕێیەکم لەسوید بەهەمان شێوە توشی کۆرۆنا بوو ئەویش لەدەمییەوە سۆندەیان بردبوە ناو سییەکانی بەڵام بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ، ڕۆژی یانزەمین قوڕگیان بۆ کون کردبوو ووتبویان لەوە زیاتر بمێنێتەوە کاریگەری خراپی ئەبێت، دوای ئەوەی قوڕگیان کون کردبوو هۆشیان هێنابۆوەو سوپاس بۆ خوا پاش ماوەیەک چاک ببوەوە، هەرچەندە ماوەی دوو ساڵ بەو شێوەیە مایەوەو دووسێ نەشتەرگەرییان بۆ کرد، بەڵام ئێستا تەندروستی زۆر باشە.

 

لەدوای هەشت ڕۆژ لە دانانی سۆندەکە، وەزعی بەرەو باشی ڕۆشت لەو ماوەیەیا کاک نەوزادی نوری بەگ لەگەڵ چەند برادەرێک هەوڵیاندا لەخەستەخانەیەکی ئەڵمانیا جێگەی بۆ دابین بکەن و بەفڕۆکەی تایبەت بیگوێزینەوە بۆ ئەوێ، بەڵام کاک فاروق پەشیمانی کردینەوە ووتی وەزعی بەرەو باشی ئەڕوات و هەفتەیەکی تر نابات هەڵەستێتەوە.

 

لەو ماوەیەیا دكتۆر هەڤاڵ، كە دكتۆری بەنج بوولەخەستەخانەی FMC ئەو سەرپەرشتی ئەكرد، كاك فاروقیش بەردەوام تەلەفۆنی بۆ دكتۆرەكان ئەكرد و تەئكیدی لێ ئەكردنەوە كە ئاگایان لێی بێت بەحوكمی ئەوەی هاوڕێی یەكتر بوون و ڕێزی تایبەتی هەبوو لای كاك فاروق، لەبەر ئەوەی زانیاریم هەبوو لەسەر ئەو حاڵەتەی کە پێشتر باسم کرد، گەیشتە دەیەمین ڕۆژ لە دکتۆر هەڤاڵم پرسی کەی قوڕگی بۆ کون ئەکەن و هۆشی ئەهێننەوە، ووتی جارێ نایکەین وەزعی بەرەو باشی ئەڕوات ڕەنگە نەیەوێت، ووتم بەڵام ئەوەنەی من بزانم و بیستبێتم ئەڵێن نابێ لە دە دوانزە ڕۆژ تێپەڕ بکات، ووتی ئاخر قوڕگ کون کردنەکەش ئاسان نیە لەوانەیە تاماوە پێوە بناڵێنێ.

 

دڵم بەقسەکانی خۆش نەبوو، بەمن بوایە ئەو ڕۆژە هەموو دکتۆرەکانم کۆئەکردەوەو پێم ئەکردن و هۆشم ئەهێنایەوە، زۆر جار بیر ئەکەمەوە نازانم بڵێم کەم تەرخەم بوون یان زانیاریان کەم بوو یان گرنگ نەبوو بەلایانەوە، نازانم کامیان بوو؟ چونکە بۆ ڕۆژی ٢٦/١٠کە چواردەهەمین ڕۆژ بوو، وەزعی بەرەو خراپی ڕۆیشت بەهۆی سۆندەکەوە ناودەمی و قوڕگی هەمووی بوو بە فتریات و ئیلتیهابەکەی زیای کردوو ئۆکسجینی دابەزی، ئینجا بڕیاریان دا کە قوڕگی کون بکەن بەڵام زۆر لەسەرخۆ بڕیاریان لەسەر داو، دوای دوو ڕۆژ نەشتەرگەریەکەیان بۆ کرد بەبیانوی ئەوەی دکتۆرێکی باشیان لەدەرەوەی خەستەخانە هەڵبژاردوە نەشتەرگەریەکەی بۆ بکات، بەڵام دوانیوەڕۆی ڕۆژی٢٨/١٠بۆی ئەکرێت بێت بۆی ئەنجام بات لەبەر ئەوەی نەشتەرگەری تری هەیە، ئەو دوو ڕۆژە من لەسەر ئەعساب ئەژیام ڕجاو تکای دنیام کرد پەلەی تیا بکەن بەڵام بێ سوود بوو، لەوکاتەیا هەستم کرد چەن بێکەسە، نەمەزانی پەنا بۆ کێ بەرم و چی بکەم، بەهەرچیەکیشم ئەوت ئەیانوت دکتۆرەکانی خۆی شارەزاترن و ئیشی خۆیانەو ناتوانین تەداخول بکەین.

 

بەناچاری وەستاین تا دوانیوەڕۆی ٢٨ ی مانگ دکتۆر عیماد کەشارەزابوو لەو بوارە نەشتەرگەریەکەی بۆ کرد، دوای نەشتەرگەریەکە نەیانهێشت بچمە ژورەوە بۆ لای ووتیان ماوەیەکی ئەوێت تا بەنج بەری ئەیات، لای ئێوارە چومە ژورەوە کە بینیم نەهێزی ڕۆشتنم ما نەقسەکردن، لەبەر ئەوەی هەرکە بینیم زانیم لەکاتی نەشتەرگەریەکە جەڵدە لێی یاوە، زانیم کەئەگەر بمێنێ نابێتەوە بە پیاوەکەی جاران و ڕەنگە ئەگەر بمایە هەتا مردن لەسەر کورسی بوایە، خۆم بۆ نەگیرا و ڕۆشتمە دەرەوە، ئەو شەوە تا بەیانی گریام، بەڵام لای کەسیش باسم نەکرد و ووتم جارێ هۆشیان نەهێناوەتەوە، هەر واش بوو لەبەر ئەوەی کە بەنجەکەیان بۆ کەم ئەکردەوە ئۆکسجینی دائەبەزی ، بۆیە بەردەوام لەژێر ڕێژەیەکی کەمی بەنجا بوو.

 

لە دوای ٢٨ ی مانگەوە من بەسەر دنیاوە نەبووم بەڵام نەمەویست بڕوا بەخۆم بهێنم کە ناژی. لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەیا پەنام بۆ هەموو شتێ برد، چوار قورئانم لە کاکە دارای جەریدەفڕۆش کڕی و چووم خستمە مزگەوتەوە چوم بۆ مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ و حاجی مەلا عەلی و حاجی عەلی بەگی باوکی و هاوارم کرد لەسەر کورسیش بێت بەس خوا بمانناتەوە، ڕۆژی سێ چوار جار سەر سنگی و قاچ و دەستیم بە زەیتی زەیتون ئەشێلا، نەسرین خانی خوشکی پێی ووتم هەموو جارێ کەدایکمان پارەی بۆ ئەکرد بەخێر پارەکەی لەدەوری سەری ئەگێڕا ئینجا ئەیکرد بەخێر، منیش هەموو ڕۆژێ چەنم پێ بوایە لەدەوری سەریم ئەگێڕاو ئەچومە دەرەوە ئەمکرد بەخێر، کراسی هەتیوم کرد بەخێر، دوو حەیوانم نارد بۆ خانەی مناڵانی بێ سەرپەرشتان، بەڵام ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر ئەبوو.

 

شەش ڕۆژ پێش کۆچ کردنی پێم وابێ پێنجی مانگ بوو چووم بۆ لای دکتۆر ئەنوەر شێخە لە خەستەخانەکەی خۆی و داوام لێکرد سەردانی بکات، بۆ ڕۆژی دوایی هات لەنزیکەوە بینی و سەیری فایلەکەی کرد، کەسەیری دەموچاویم کرد هیچ ئومێدێکم تیا نەئەبینی، کەچی مێشکم تەقەبولی نەئەکرد کە ئەمرێ، نەمەویست نە بڕوا بەدکتۆرەکان بکەم نە بەجیهازی ئۆکسجینەکە کەڕۆژ بەڕۆژ بەرەو دابەزین ئەڕۆیشت، هەرچەندە پێشتر هەستم ئەکرد کەشتێک ڕوو ئەیات بەڵام قەد تەسەوری مەرگی ئەوم نەئەکرد، تەسەوری مردنی خۆمم ئەکرد بەڵام هی ئەو نا.

 

دوومانگ پێش ئەوەی نەخۆش بکەوێت ڕۆژێکیان پێم ووت هەستەکەم شتێک ڕوو ئەیات و شتێکم لێ بەسەر یەت ژیانی تۆ ئەگۆڕێت، ئەم قسەیەم لای زۆر کەس لە کەسە نزیکاکانم کردو تەنانەت وامەزانی خۆم شتێکم لێ دێت، بۆیە وەسێتم بۆ ئەویش و بۆ چەن کەسێکی نزیکیشم کرد کەئێستا لەژیانان و شاهیدی ئەو قشەیەمن کە پێم ووت ئەگەر هەرچیەکم لێ هات ئاگات لەشاکۆ بێت، ووتی خوا نەکات ئیشەڵا تۆ هیچت لێ نایەت مەرگی من پێش مەرگی تۆ ئەبێت تۆ ئەمێنیت و شاکۆش گەورە ئەکەیت مناڵ بەبێ باوک هەتیوو نابێت بەبێ دایک هەتیوو ئەبێت، ئەگەر من بمرم دوای هەفتەیەک منی بیر نامێنێ، دڵم پڕ بوو ووتم خوا نەکات ئیشەڵا تۆش هیچت لێ نایەت.

 

لەو ماوەیەی کە لە کۆمایابوو، لەهاوڕێکانی کاک مولازم عومەر بینی ٢٠/١٠هات بۆ خەستەخانە ووتی حەزەکەم چاوم پێی بکەوێت، خۆزگە هەر نەیبینیایە چونکە زۆر بێتاقەت بوو بەبینینی بەدڵ و چاوی پڕ لەگریانەوە هاتە دەرەوە، لەدوای ئەوەو دوای کۆچکردنی ، کاک عومەر بۆ ماوەیەکی زۆر نەیتوانی لەماڵەوە بێتە دەرەوەو مەرگی هاوڕێ و هاوخەباتە دێرینەکەی نەخۆشی خست.

 

قسەیەک هەیە لەمناڵیمەوە ئەمبیست کە ئەڵێ مرۆڤ ئەو ڕۆژەی لەدایک ئەبێت ڕۆژی مردنیشی بۆ ئەنوسرێت، پێشتر ئەو قسەیەم بەشێوازێکی تر لێک ئەیایەوە هەتا ئەم ساڵانەی دوایی بەتەواوی بڕوام پێ هێنا کە ئەوەی ڕۆژی مردنمان دیاری ئەکات نهێنی ژمارەکانە، کە ڕەنگە لەم نامیلکەیەیا دەرفەتی باس کردنی نەبێت، بەڵام من لەگەڵ ئەوەی هەتا دوا هەناسەشی بڕوام نەئەکرد کە بمرێ، لە دوو ڕێکەوت زۆر ئەترسام و پێشتر ئەموت ئەگەر ئەو دوو ڕۆژە تێپەڕێنێت ئەوا ئەمێنێت، ئەویش ١/١١و١٠/١١ بوو ئەوی یەکەمیانی تێپەڕاند بەڵام شەوی ٩لەسەر١٠ ئەمزانی کە بۆ بەیانی تەواو ئەبێت، ئەو شەوە نەیانهێشت بەدیاریەوە بم لە ژورەوە دکتۆرەکان و نێرسەکان شکاتیان کردبوو ووتبیان تەداخولی ئیشمان ئەکات.

 

ڕاستیان ئەکرد هەنێ شت ڕوی ئەیا من خۆمم بۆ نەئەگیرا بۆ نمونە، ڕۆژی دوو جار جلەکانی و جێگەکەیان ئەگۆڕی هەموو گۆڕینێک پشتیەکەیان لەژێر سەری لا ئەبرد و ئەیانخستە سەرلا، بەمەش ئۆکسجینەکەی لە حەفتاوە دائەبەزی بۆ پەنجاو چل و هەتا چوار پێنج سەعات دوای ئەوە بەرز نەئەبۆوە، ئەوە زۆر توڕەی ئەکردم هەتا گەیشتە ئەو ڕادەیەی ووتم نابێت بیگۆڕن، بۆیە ئەو شەوە نەیانهێشت بمێنمەوە چومە خوارەوە کەسوکار هەموو لەوێ بوون چاوەڕێیان ئەکرد من هەستم و بڕۆمەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش بڕۆن بۆیە لەبەر چاوی ئەوان هاتمە دەرەوە تاچۆڵیان کرد ئینجا گەڕامەوە، تابان خانی خێزانی حاجی بەکری برای زانی ئەمێنمەوە ئەویش گەڕایەوە لەگەڵ شیلانی خوشکەزای لەساڵۆنەکەی خوارەوە ماینەوە.

 

ئەو شەوە بارانێکی زۆر بەخوڕ باری، ئاسمان ئەتوت کون بوە، هەتا بەیانی دووسێ جار چومە سەرەوە لەدەرگاکەوە سەیری جیهازەکانم ئەکر جار بەجار ئۆکسجینی دائەبەزی ، سەعات شەش خۆمم بۆ نەگیرا چومە ژورەوە بۆ لای بە نێرسەکەم ووت ئەزانم کە تەواو ئەبێت ئەمەوێ ڕیشی بۆ بتاشم، پێشتریش هەر بە دوو سێ ڕۆژ جارێک ڕیشم بۆ ئەتاشی، تاقمی ڕیش تاشینەکەی خۆیم دەرهێناو مۆبایلەکەشم خستە سەر گۆرانیەکەی موعین و بەگریان و فرمێسکێکی بەخوڕەوە دەستم کرد بەتاشینی ڕیشی، حەزمەکرد زەمەن لەویایا بوەستێت و هەموو گەردوون کۆتایی بێت، حەزمەکرد منیش لەگەڵ ئەوا دڵم لەلێیان بوەستێت، نەمەویست کاتەکە تێپەڕێت و بڕوات چونکە ئەمزانی چ خەمێک چاوەڕێم ئەکات، ئەمزانی ڕۆشتنی لەو بارودۆخە ناهەموارەدا چی کەلێنێکی گەورە دروست ئەکات کەهیچ کەسێک ناتوانێ شوێنی خاڵیی ئەو پڕ بکاتەوە.

 

بوو بە سەعات دەوری حەوت تەلەفۆنم بۆ کاک عوسمانی حاجی مەحمود کرد و پێم ووت خەریکە تەواو ئەبێت، بوو بە حەوت و نیو هیچ کام لەدکتۆرەکان دیار نەبوون تەنها دکتۆری خەفەری لێ بوو ئەویش ڕۆشت و یەک نێرسی لێ مابۆوە، بۆیە بەگریانەوە تەلەفۆنم بۆ کاک فاروق کرد ووتم قایەری حاجی عەلی لەسەرەمەرگایەو یەک کەس بەسەرسەریەوە نیە، لەدوای ئەوە ئینجا دکتۆرەکان گەیشتنە سەری.

لەسەعات هەشت و چارەک وردە وردە ئۆکسجینەکەی دابەزی بۆ بیست و پانزەو دە تاوەکو بوو بە سفر بەڵام دڵی لەلێدان نەئەکەوت لە هەشت و نیوا دڵی وەستا بەڵام بوژانەوەی دڵیان بۆ کرد بۆ ماوەی دە دەقەیەک، لەدوای ئەوە ئیعلانیان کرد کە نەماوە، بەجێم نەهێشت هەتا جیهازەکانیان لێکردەوە، چومەوە نزیکی و بۆ دواجار باوەشم پیاکردو ئینجا بەجێم هێشت و بەرەو ڕووی خەمێک ڕۆشتم ئەونە قوڵ بوو نەسەری دیار بوو نەبنی، ئەمویست یەکێک ڕامچڵەکێنێ و بڵێ ئەمە خەوە هەستە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەو شەش ساڵەی کەهاوسەری بووم بوە خەوێک و یادگارییەکی جوان و بێ وێنە.

 

ئەو ڕۆژە هێشتیانەوە لەخەستەخانەو بۆ ڕۆژی دوایی بەڕێوڕەسمێکی تایبەت وکەتیایا چەند ووتارێکی تیا خوێندرایەوە بەئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر لەگردی ئابڵاخ بەخاکمان سپارد، ئەو کاتەی کەخستیانە ناو گۆڕەکەیەوە باوەڕم بەچاوەکانی خۆم نەئەکرد هەستمەکرد لاشەی یەکێکی ترە ئەیخەنە ژێر ئەو خاکەوە.

 

زۆر کەس بەمردنی بەداخ بوون، ئەیانزانی مردنی ئەو کەلێنێکی گەورەی سیاسی لە ناوچەکە دروست ئەکات، چونكە کەسایەتی و کاریزماو مێژووی ئەو جیاواز بوو، هەندێ کەسایەتی هەیە مەحاڵە دووبارە ببنەوە، نەیارەكانیشی شاگەشكە بوون چونكە ئەیانزانی مانەوەی و داكۆكی كردنە سەرسەختانەكەی لەماف و ئازادی و ژیانێكی شایستەو دادوەرانە بۆ خەڵك، زەرەرە بۆبەرژەوەندیەكانیان.

 

چەند ڕۆژی یەکەمی پرسەکەی دەورم زۆر قەرەباڵغ بوو مەجالی بیرکردنەوەم نەبوو بەڵام کە شەو دائەهات یادگارییەکانم بیرەکەوتەوەو وەکو شێت بەماڵەکەیا ئەهاتم و ئەچوم.

 

ئەو قەمیس و پانتۆڵەی کەئەخیر جار لەبەری کرد چۆن هەڵیواسیبوو لەژورەکەیا هەتا ماوەیەکی زۆر دەسکاریم نەکرد، هەموو شتەکانییم لەجێی خۆی دانابوو، دڵم نەئەهات دەستکاری هیچی بکەم چونکە بەئێستاشەوە هەستێکی سەیرم لا دروست بوە، وا هەست ئەکەم لەسەفەرەو ڕۆژێک لەڕۆژان یەتەوە. مێشکم تەقەبولی نەئەکرد کە نەماوە لەبەر ئەوەی ئەو زۆر شتی گەورەی تێپەڕاندبوو لەژیانیا، چەندەها جار لە لێواری مەرگ گەڕابوەوە، کەچی زۆر بەئاسانی کۆرۆنا زەفەری پێ برد بێ ئەوەی هیچ نەخۆشییەکی هەبێت.

 

خەمەکە ئەوەنە گەورە بوو بەهیچ شتێ سەبوری دڵم نەئەهات، شەوان تەنها دوو سەعاتێک ئەنوستم، یەکسەر ئەهاتە خەوم بەتایبەتی دووسێ مانگی یەکەم، هەموو شەوێک خەوم پێوە ئەبینی، ناخۆشترین چرکە ساتیش بەئێستاشەوە ئەو چرکە ساتەیە کە بەیانیان خەبەرم ئەبێتەوە سەر لەنوێ خەمەکە خۆی تازە ئەکاتەوە، بەیانیان کەهەڵەستاین لەخەو لەبەر ئەوەی ئەو دوای من هەڵەستا ئەو سەرجێگاو چەرچەفەکەی چاک ئەکرد، لەیەکەم ڕۆژی مردنیەوە هەموو بەیانیەک یەکەم شت ئەوەم بیرەکەوێتەوە.

 

وام لێ هاتبوو کە خەڵکم ئەبینی بەجلی ڕەنگاوڕەنگەوە لام سەیر بوو، لام سەیر بوو کەخەڵکم ئەبینی پێ ئەکەنین و دڵیان خۆش بوو، ڕۆژ بەڕۆژ خەمەکە زیاتر ئەبوو هەستم ئەکرد بەتێپەڕینی کات زیاتر دورەکەومەوە لێی، لەوە ئەترسام یادگارییەکانی کاڵ ببنەوە لەلام، ڕۆژانە بەسەعات و دوو سەعات سەیری وێنەکانیم ئەکرد، نامەکانیم دوبارەو سێبارە ئەخوێنەوەو گوێم لەدەنگی ئەگرت.

 

دوای چل ڕۆژ هەر لەسەر ئارامگەکەی چلەیەکی بچوکمان بۆ ڕێکخست، لەبەر ئەوەی نەخۆشی کۆرۆنا لەو ماوەیەدا بەرەو زیاد بوون ئەچوو نەمانتوانی ڕێوڕەسمی گەورەی بۆ بکەین، بۆیە بڕیارماندا لەمانگی سێ و لەڕۆژی لەدایک بوونیدا کە ١/٣ بوو یادی بکەینەوە.

 

ئەوەبوو بەهاوکاری هاوڕێ و دۆست و دڵسۆزانی و بەسەرپەرشتی کاک عوسمانی حاجی مەحمود و کاک نەوزادی نوری بەگ لەمەراسیمێکدا لەتەلاری هونەر یادمان کردەوە.

 

 

هەتا ماوەی ساڵێک جلەکانی لەکەنتۆرەکەیا بوون دڵم نەئەهات دەسکاریان بکەم، شوشەی بۆنەکەی زۆر کەمی تیا مابوو، چوم دانەیەکی ترم کڕی و هەموو ڕۆژێک ئەمکرد بەژورەکەیا بۆئەوەی بەردەوام بۆنی ئەوی لێبێت، هەتا وام لێ هاتبوو ئەچومە هەر شوێنێک کەپێشتر پێکەوە بۆی چوبین بۆنی ئەوم ئەکرد.

 

ماوەی چەند مانگێک دوای کۆچی کەهەرخۆم بەتەنیا بچومایەتە دەرەوە لەئوتومبیلەکەیا بەدەم گریانەوە گوێم لە گۆرانی پایزی عەدنان کەریم ئەگرت کەهۆنراوەی محەمەد عومەر بوو، هەموو جارێ ئەیوت هۆنراوەیەکی زۆر خۆش و غەمگینە عەدنان کەریمیش زۆر خۆشی ووتوە، نەیەزانی خۆشی لەپایزا لەگەڵ گەڵا وەرینا کۆچ ئەکات.

 

پێشتر کە شەوان پێکەوە ئەچوینە دەرەوە ئەیوت با بەئوتومبیلەکە پیاسەیەکی سەهۆڵەکەو شەقامی مەولەوی و بەردەمی مزگەوتی گەورە بکەین، هەموو جارێ کە ئەگەیشتینە لای سەهۆڵەکە ئەیوت خۆزگە ڕۆژێک بەپێ تێر پیاسەم بەم جادەیەیا بکردایەو تۆزێ لەگەڵ ئەو گەنجانە دانیشتمایە، ئێستاش کەبەویا ئەڕۆم قسەکەیم بیرەکەوێتەوە، هەموو شەقامەکانی شار پڕن لەیادگاری و بۆنی ئەو.

 

لەدوای کۆچ کردنی هەتا ماوەیەکی زۆر دانەکانم نەشت، لەبەر ئەوەی پێشترهەموو شەوێک بەیەکەوە دانمان ئەشت، هەندێک شەو ئەچوو بەدزی منەوە دانی ئەشت و ئەهات دائەنیشت ئەیوت بۆئەوەی بەزۆر خواردنم نەیەیتێ، گرنگی زۆر ئەیا بەدانی هەموو ساڵێک ئەچوو پاکی ئەکردەوەو هیچ شەوێکیش بەبێ دان شتن و پاککردنەوەی نەئەنوست، شەوێکیان لەدوای کۆچکردنی پێش نوستن فڵچەکەیم دەرهێناو گرتم بەدەستێکمەوە بەفڵچەکەی خۆشم بەگریانەوە دەستم کرد بەشتنی دانم. لەدوای ئەوەوە هەموو شەوێک بەهەناسیەکی قوڵ و ساردەوە دەستم بۆ فڵچەی دانەکەم ئەبرد هەتا شاکۆم فێری دان شتن کرد، ئێستاهەموو شەوێک لەگەڵ شاکۆیا پێکەوە دانمان ئەشۆین.

 

دوو ساڵی زۆر سەختم بەڕێ کرد، بەتایبەتی ساڵی یەکەم ، هەموو یەکەم بۆنەکان لەدوای ئەو زۆر قورس بوو، یەکەم سەری ساڵی تازە، یەکەم جەژنی ڕەمەزان و قوربان یەکەم نەورۆز هەر زۆر قورس بوو، لەبەر ئەوەی نەورۆزەکانی پێشوو یادگاری زۆر تایبەتمان هەبوو پێکەوە، یەکەم ڕۆژی لەدایک بوونی خۆم لەگەڵ یەکەم ڕۆژی لەدایک بوونی ئەو، یەکەم ڕۆژی هاوسەرگیریمان، هەموو شتەکان یەکەم جاریان دڵێک و غیرەتێکی ئەویست تەحەمولی بکات، یەکەم بازاڕ کە کردم دوای ئەو قورسترین ڕۆژ بوو لەلام لەبەر ئەوەی بێ ئەوەی بەخۆم بزانم دەستم دایە ئەو شتانەی کەپێشتر بۆم ئەکڕی و خستمە سەبەتەکەمەوە دوایی کەبەخۆمم زانی دامنانەوە، یەک دووجار ئەمویست هەر وەکو جاران دەست بەمە مۆبایلەکەو تەلەفۆنی بۆ بکەم بزانم چی ئەوێت.

 

تا ماوەیەکی زۆریش نامەم بۆ ئەنارد و بۆمە نووسی کەلەدوای ئەو ژیان چەن بێ مانا بوە، بەردەوام وێنەی شاکۆم ئەگرت و بۆمەنارد هەروەکو جاران، هەتاکو ساڵێکیش دەوروبەری نیوەڕۆ چاوەڕێی تەلەفۆنیم ئەکرد هەروەکو جاران بڵێ بەڕێوەم بۆ ماڵەوە هیچت ناوێ بیهێنم لەگەڵ خۆم.

 

هەتا ئێستاش دەستکاری تەلەفۆنەکەیم نەکردوە هەروەک خۆی هێشتومەتەوە، ئێستاش بەردەوام وێنەو ڤیدێۆی بۆ ئەنێرم، یادگاریەکی زۆر شیرینە لەلام هەر بۆیە ئوتومبیلەکەمم بۆ فڕۆشت و ڕەقەمەکەیم کڕییەوەو کردم بەناوی خۆمەوە. زۆربەی وێنەکانیم گەورە کردوو هەڵمواسین، هەموو سوچێکی ماڵەکە یادگاری بوو، هەموو ڕۆژێ بیرم لەڕوداوەکانی ئەو ڕۆژە ئەکردەوە لەساڵی پێشترا، بەهۆی وێنەو ڤیدیۆکانی شاکۆوە ئەمزانی پار ئەو کاتە چی ڕوی داوەو چۆن ڕۆژەکەمان بەڕێ کردبوو.

 

پێشتر من مەرگی دایکم و باوکمم بینیبوو، مەرگی دایک و باوکیش بەسوێیە، بەتایبەتی دایک، کەهەتا چل ڕۆژ هەموو ڕۆژێک پێش ئەوەی بچومایە بۆ دەوام ئەچومە سەرگۆڕەکەی بۆئەوی تۆزێ سوکنایی بەدڵما بێت، بەڵام مەرگی ئەم جیاواز بوو، چونکە بەتەنها هاوسەر نەبوو بۆمن، باوک و براو هاوڕێ بوو، پێش ئەوەی هاوسەرگیری بکەین بەرپرسم بوو لەناو بزوتنەوەی گۆڕان و لەناو یەکێتیشدا، زۆر قورسە کاتێک هەندێ باس و خواز و قسەکردنێک لەنێوان دوو کەسدا هەبێت بەتەنها خۆیان لێی تێ بگەن و لەپڕ یەکێکێکیان نەمێنێ هەموو باس و خوازو قسە تەواو نەکراوەکان و نهێنیە هاوبەشەکانی نێوانیشیان ئەمرێ لەگەڵیا، بۆیە ئەوەی ئەمێنێتەوە هەموو شتەکان تیایا ئەمرێت و مانای ژیان بەتەواوی گۆڕانی بەسەردا دێت.

 

سەرەتا ڕۆژانی هەینی ئەچوومە سەر ئارامگەکەی، بەڵام دواتر کردم بەئێوارەی پێنج شەمان لەبەر ئەوەی حەزم نەئەکرد بەیانیان شاکۆ بەجێبێڵم بەخەوتویی.

هەموو پێنج شەمەیەک چەپکێ گوڵم ئەبردو ئارامگەکەیم ئەشت.

 

لەماوەی ئەو ساڵەیا زۆر کەس ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان ئاشکرا کرد، بۆیە منیش زۆربەیانم لەژیانم کردە دەرەوە، هەموو ڕۆژێکیش ئاواتم ئەخواست کە بۆ پێنج دەقەش بێت زیندوو ببوایەتەوەو ئەویش ئەو ڕووە ڕاستەقینانەی ببینیایە.

 

لەدوای ساڵێک سەفەرم کرد بۆ سوید لەبەر ئەوەی باری تەندروستی شاکۆ زۆر باش نەبوو، کە گەیشتمە ئەوێش دووبارە خەمەکەم تازە بۆوە، بێجگە لەو کێشانەی کە بەرەوڕووم هات کەلێرەیا جێگەی باس کردنی نیە.

 

زۆربەی شوێنەکانی ئەوێش یادگاری بوون ڕێگەو بانەکان و ناو بازاڕوو ئەو شوێنەی تیا ئەژیام یادگاریەکی خەماوی بوون هەموو ڕۆژێ لەگەڵیانا ئەژیام، زۆربەی ڕۆژ بەشوێن پێکانیا ئەڕۆشتم و ئەکەوتمە بیرکردنەوە، بیرکردنەوە لەم ژیانە بێ مانایە کەلەپڕو لەچرکە ساتێکا مردن یەت و ئازیزانت لێ ئەسەنێت و نایانبینیتەوە بۆ ئەبەد.

 

ئێستا لەدوای دووساڵ لەخەم و نەهامەتی و ئازار، ئەمەوێ وردە وردە لەبەر خاتری شاکۆ پێکەوە بگەڕێینەوە بۆ ژیان، ئەمەوێ باری خەمم وردە وردە سوک بکەم بۆ ئەوەی بتوانم جێگەی هەموو کەسێک بۆ شاکۆ بگرمەوە، جێگەی باوک و براو خوشک و هەموو کەسێک، بتوانم بەشێوەیەک گەورەی بکەم کە هەموو سیفاتە جوانەکانی باوکی تیا بەرجەستە بێت.

 

ئاسودەو سەربەرزم کە شەش ساڵی پڕ لەخۆشیمان بەسەربرد پێكەوە، شانازی بەوەوە ئەکەم ماوەی شەش ساڵ هاوسەری بووم بێ ئەوەی کەسمان دڵی یەکترمان شکاندبێ، ئەو شەش ساڵەی دوایی تەمەنی گەشابوەوە، هەموو جارێک ئەیوت ئێستا ئەزانم ژیان مانای چیە، بیرچونەوەی مەحاڵە، یادو یادگارییەکانی و هەموو هەڵسوکەوت و قسەکردن و ڕەفتارێکی بەردەوام لەبیرەوەریمایەو بووەتە نەخشە رێگا بۆ هەموو ژیانم.