بیست و هەشت ساڵ لەمەوبەر چی بە پارتی و یەکێتی وترا؟

2022-11-10

کاتێک پارتی و یەکێتی لەپاش ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱ لە شاخەوە دەگەڕێنەوە شارەکان، جەولەیەکی خوێناوی شەڕی ناوخۆ لە نێوانیادا هەڵدەگیرسێت.

بۆ بەرگرتن لەشەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی کوردستان و هەوڵدان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی، کۆمەڵێک کەسایەتی بەناوی " لیژنەی کۆششی نەتەوەیی"ەوە، دەستەیەک دروست دەکەن و لەوپێناوەدا هەوڵی جۆراوجۆر دەدەن.

ئەندامانی " لیژنەی کۆششی نەتەوەیی" بریتی دەبن لە " کامیل ژیر ــ جەلالی سام ئاغا ــ دکتۆر نیهاد شاڵی ــ ڕەفیق قەزاز ــ خالید محەمەد خاڵ ــ شێخ سالاری حەفید ــ وشیار بابان ــ جەمال شاڵی".

ئەوان لە ۲٦ ــ ۱۲ ــ ۱۹۹٤دا، نامەیەکی توند ئاڕاستەی سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی دەکەن و جگە لەسەرکۆنەکردنیان لەسەر شەڕی براکوژی، ڕایدەگەیەنن کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی پارتی و یەکێتی یاری بە ئابوری وڵاتەوە دەکەن و کوردستانیان وێران کردووە.

وەکو لە بەرگی دووەمی بیرەوەریەکانی جەلالی سام ئاغادا بڵاوکراوەتەوە، " لیژنەی کۆششی نەتەوەیی" لە شازدە خاڵدا خراپەکارییەکانی بەرپرسانی پارتی و یەکێتییان بڵاوکردووتەوە.

لەیەکەم ڕاگەیاندنی لیژنەکەدا بە پارتی و یەکێتی وتراوە، بە هەموو پێوانەیەک ژمارەیەک لە ئێوەی سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی تاوانبارن و دەستتان گرتووە بەسەر بەرهەمی ڕاپەڕینی جەماوەری کوردستاندا.

ڕاگەیانراوەکەی لیژنەی " کۆششی نەتەوەیی" لە خاڵی سێهەمدا بە ‌پارتی و یەکێتی دەڵێت: دەستتان گرتووە بەسەر پارەی بانکەکان و ئامێرو کەلوپەل و کەرەستەی فەرمانگەکان و گومرگی کوردستاندا، لە خاڵی دواتریشدا دەڵێن بەبیانووی ئەوەی کە سەر بە ئەملا یان ئەولان، دەستان گرتووە بەسەر موڵک و ماڵی خەڵکیداو لە خاڵی چوارەمیشدا بە پارتی و یەکێتی دەڵێن: کۆنە جاش و موستەشارو بەعسی و ئەمن و موخابەراتەکانی ڕژێمی بەعسیشتان لەناوخۆتاندا دابەشکردووە.

لە خاڵەکانی دواتری ڕاگەیەنراوەکەی " لیژنەی کۆششی نەتەوەیی" دا کە ئاڕاستەی سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی کراوە، هاتووە:

ــ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردستانتان تەزویر کرد.

ــ بازرگانی بەخوێنی شەهیدانەوە دەکەن و لەدوای ڕاپەڕینەوە پێشبڕکێ دەکەن لەسەر ئەوەی زیاترین ڕۆڵەی کورد بکوژن یان بە کوشت بدەن.

ــ دیموکراتیەت و ئازادی و مافی مرۆڤ و حکومی یاسا پێشێل ئەکەن، هەوڵ ئەدەن لە ڕێگەی هێزو پیلان و تەزویرو چەواشەکردن و ویژدان کڕینەوە، دەست بەسەر دەسەڵاتی حوکمدا بگرن.

ــ بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی و میلاک و پێوویستی، فەرمانگەکانتان کردووە بە تەمەڵخانەی لایەنگرەکانتان

ــ یاری بە بازاڕو بە دراو و بە دۆلارو ئابوری وڵاتەوە دەکەن.
ــ لەکاتێکدا نەخۆشخانەکان بێدەرمانن، بێ کەرەستەو بێ ئامێرن، بەبێ حیساب پارەی ئەم میللەتە ئەدەن بە چەک و کوردی پێدەکوژن.

لەپاش خستنەڕوی ئەو تاوان و کارە خراپانە، " لیژنەی کۆششی نەتەوەیی" داوا لەسەرکردایەتی پارتی و یەکێتی دەکەن کە شەڕی براکوژی ڕابگرن و کۆتایی بە دیاردەی پەنجا بە پەنجا بێنن و هەموو میلیشیاو هێزە چەکدارەکانیان هەڵبوەشێننەوەو لەسەدا نەوەدی داهاتی گومرگ و باج و داهاتە گشتییەکان بۆ حکومەتی هەرێم بن و لە سەدا دەی بۆ حیزبەکان بێت.

جەلالی سام ئاغا لەبەرگی دووەمی بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت، لەو ڕاگەیەنراوەدا بەجۆرێک پەردەمان لەسەر خراپەکارییەکانی پارتی و یەکێتی هەڵداوەتەوە، کە ئێستاش هەمووکەس ناوێرێ بەو جۆرە خاڵ بخاتە سەر پیتەکان.