بافڵ تاڵەبانی قسەی دڵی خۆی کرد

بارزانی هێڵی سورە، دەرکراوەکان هەرگیز ناگەڕێنەوە، هەولێر پایتەختی کوردستانە و موڵکی حیزب و بنەماڵەیەک نیە، کێشە گەورەکە ئێستا مەسرور بارزانیە...
2022-11-17

بافڵ تاڵەبانی، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ کەناڵی روداو، زۆر شتی وت، ئەو یەکەمجار لەسەر پەیوەندییەکانی خۆی و بارزانی دەستیپێکرد و وتی. زیاتر لە ١٦ جار سەردانی بارزانی کردوە، پەیوەندییەکانیان تا چەند هەفتەیەک پێش ئێستا زۆر باش بوە، خەریک بوە متمانەیەکی باش لەنێوانیاندا دروست ببێت، بەڵام کەسێک یان دەستێک هەیە، کە دەیەوێت پەیوەندییەکانیان تێک بدات.

بافڵ تاڵەبانی وتیشی، بارزانی لای ئەو هێڵی سورە و تەنانەت سەرکردایەتی سزا داوە لەسەر ئەوەی لە سۆشیال میدیا قسی بە بارزانی وتوە.

لەبارەی لاهور شێخ جەنگیەوە، بافڵ تاڵەبانی وتی، هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ نەماوە، ئەو بوە بە رابردوو، دەرکراوەکان، دوای ٩٩٩ هەزار و ٩٩٩ ساڵی دیکە دەتوانن بگەڕێنەوە.

لەبارەی ئەژی ئەمینەوە، بافڵ تاڵەبانی وتی، بەڵێ راستە ئەو کەسێکی بەتوانا بوە و کاتی خۆی کاری باشی کردوە، بەڵام  لەسەر ئەوەی ویستویانە لە پۆستەکەی نەمێنێت و بیخەنە پۆستێکی تر، رازی نەبوە و سلێمانی بەجێهێشتوە و دنیایەک شتی یەکێتی لەگەڵ خۆی بردوە و ئێستا ئەو مافیایە و لە هەولێری پایتەختدا هێز دەباتە سەر جێگری سەرۆکی حکومەت، شتی وا لەکوێی دونیا بوە؟

لەسەر کێشەکانی سلێمانی، سەرۆکی یەکێتی وتی، سلێمانی سزا دەدرێت، لەم سنورە، ٩٧٣ کۆمپانیا سزا ئیفلاس بون، هەزار پرؤژە راگیراون، هیچ بۆ سلێمانی ناکرێت، پارەی پاکردنەوەی شەقامەکان و دەرمانی نەخۆشخانەکان و دەرماڵەی خوێندکاران نادرێت، ئەگەر یەک حکومەتە بۆ لە هەولێر ئەو کێشانە نیە و لە سلێمانی هەیە؟

بافڵ تاڵەبانی وتی، یەکێتی ئامادەیە بۆ دانیشتن و گفتوگۆ، فەرمون بە نێوەندگیری هەر کەس و لایەنێک دەڵێن یەکێتی ئامادەیە، با هەرچی پارە و داهات هەیە بیخەنە سندوقێکەوە و بە دادپەروەرانە دابەش بکرێتەوە، بەڵام یەکێتیش حەقی خۆیەتی بپرسێت، پارەی نەوتی سنوری سوریا و عەین زالە چی لێ دێت؟

سەرۆکی یەکێتی، روی زۆری رەخنەکانی لە مەسرور بارزانی بوو، ئەو باسی لەوەکرد، کە چۆن مەسرور بارزانی واژۆ لەسەر هیچ داواکارییەکی یەکێتی ناکات و وتی، پۆستمان هەیە لە حکومەت ناتوانین پڕی بکەینەوە دوای چوار ساڵ، نایکەن، ئیمزاکە ناکەن، پۆست هەیە کاک قوباد دەیەوێت گۆڕانکاری بکات، بەڕێوەبەری گشتیە و گەندەڵی کردوە، کەچی رێگا نادەن کاک قوباد بیگۆڕێت، بە هەمان شێوەش بۆ وەکیل وەزیر و وەزیر.

بافڵ تاڵەبانی،  باسی فەرمانی دەستگیرکردنی خۆی و قوباد تاڵەبانی کرد و وتی، ئێ کاکە واز لە وەهاب هەڵەبجەیی بهێنن، بە قسەی پارتی بێت، نابێت من و کاک قوبادیش بچینە هەولێر، ئێمەش فەرمانی دەستگیرکردنمان هەیە، ئاخر ئەمە زۆر سەیرە، بەلام پارتی دەبێت ئەوە بزانێت، هەولێر ویلایەتی یەکلا نیە، پایتەختی کوردستانە، ویلایەتی حزبێک و بنەماڵەیەک نیە و پایتەختە.

پوختەی قسەکانی بافڵ تاڵەبانی ئەمەبوو، کە یەکێتی بۆ چارەسەر ئامادەی هەموو جۆرێکە لە دانیشتن و گفتوگۆ، بەڵام پارتی نایەتە پێشەوە، کێشەی گەورە لەبەردەم چارەسەر و تێکدانی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و جوڵەکانی ئەژی ئەمین، کە بافڵ تاڵەبانی بە مافیا ناوی برد، هەموی خەتای مەسرور بارزانیە، لە بەرامبەر هەموو ئەمانەش یەکێتی دانی بەخۆیدا گرتوە، بەڵام تەحەمولیش سنوری هەیە و خوازیاری دوو ئیدارەیی نین، بەڵام ناچار بن بیر لە رێگای تر دەکەنەوە، لەبارەی لاهور شێخ جنگیشەوە، وتی کە لای ئەو ئەوان بون بە رابردو و ئاوڕ بۆ دواوە نادەنەوە.