نێچیرڤان بارزانی،یەکێتی یان مەسرور بارزانی ئامۆزای ھەڵدەبژێرێت؟

 یەکێتی بۆچی لەکاتی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بە دژەتیرۆر پارێزگاری لێکرد؟
2022-11-21

ئاستی ململانێکانی یەکێتی و پارتی تا قورسترین ئاستی رۆشتووە، بایکۆت و سکاڵا و بودجەبڕین و ھەرەشە،تاجنێوی پەرلەمانتار و ھەڵدانەوەی مەلەفیش،بەڵام بەپێچەوانەی ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکان دەیڵێن دیارە ھێشتاش ھەموو دەرگاکان بەتەواوی دانەخراون.

دوێنێ سەرۆکی ھەرێم بۆ سەردانی پرسەی بنەماڵەکەی کازیوە ئابڵوقەی سەر یەکێتی شکاند وگەیشتە سلێمانی،لەناو سلێمانی هێزەكانی دژە تیرۆر پاسەوانیان كرد و یاوەری بوون كە سەرۆكەكەیان لەلایەن هەولێر و حکومەتەکەی مەسرور بارزانیەوە داواكراوە،تەنانەت زانیاریەکان باس لە دانیشتن و یەکتر بینینی دوور لەچاوی میدیاش دەکەن .

لەدوێنێوە میدیای فەرمی یەكێتی وەبەرهێنان لەسەر هەواڵی پارستن و پاسەوانی سەرۆكی هەرێم دەكات لە ئاسمان و زەمینەوە لەلایەن هێزەكانی دژەتیرۆرە،تا نیشانی بدات سەرۆكی هەرێم وەكو دەزگایەكی شەرعی مامەڵە لەگەڵ هێزەكانی دژەتیرۆردا دەكات و ئەوەی كە كێشە بۆ یەكێتی و هێزەكانی دروست دەكات تەنها مەسروور بارزانییە.

 


بە پێچەوانەی مەسروور بارزانییەوە،تا ئەم ساتەش نێچیرڤان بارزانی نایەوێت پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ یەكێتی تێکبدات و نیشانەی ئەوەیە ئیدی جێگری یەكەمی سەرۆکی پارتی لەنێو حزبەکەی خۆیدا پلان و ستراتیژی تایبەتی خۆی ھەیە .

لەدوای كۆنگرەوە نێچیرڤان بارزانی لەنێو سیاسەتی نوێی پارتیدا ھەست بەتەنھایی و پەراوێز خستن دەکات و دەیەوێت لانیکەم لەدەرەوەی پارتی ھاوپشتی ھەبێت ھەر بۆیە دوای دیدارە توندەکانی شێخ جەعفەرەوە بە بزیەکەوە گوتی قسەکانیشی راستی تێدایە و لە دڵسۆزی دەیکات دوای ئەوەش گلۆپی سەوزی بۆ میدیاكەی ھەڵکرد و رێگەیدا باڤڵ تاڵەبانی بۆماوەی کاتژمێر و نیوێك بەدڵی خۆی سەرۆكی حكومەت و سیاسەتەکانی حکومەتەکەی بەدڵی خۆی کوتا .


بەپێچەوانەی گەرەکانی تری ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی ئەمجارە وا دەردەکەوێت یاریزانێکی تیمی بەرامبەر کە یاریزانی سەرەکی و ھێڵی پێشەوەیە لەقازانجی تیمی ڕکابەر یاری دەکات یان لانی كەم لەو ململانێیەدا بێلایەنی هەڵبژاردووە. بەو هۆیەشەوە ھەڵمەتی میدیایی یەکێتی لە قازانجی خۆی سوڕاندوە،بەڵام ئەوەی دیار نیە ئەوەیە ئایا یاریەکە تاکتیکە یان خواستە؟!

یەکێتی و پارتی لە خراپترین ئاستی کێبرکێ و ململانێ حزبی و حکومیدان تا ئاستی بایکۆتی کارەکانی حکومەت وھەڕەشەکردن لە یەکتر و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرکردەکانی یەکتر و ھەرەشەی دوو ئیدارەیی .

 نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم،دەیەوێت ئەوە نیشان بدات كە ئەو سەرۆكی هەرێمی هەموو كوردستانە و لەدەرەوەی ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتییە و لەناو ئەو ململانێیەی دروست بووە پیاوی ئاشتی و دوبارە گرێدانەوەی پەیوەندییە پچڕاوەكانی نێوان یەكێتی و پارتییە.