سەرۆک وەزیری بەمەرجی بێهێزی

مەهزەلەی هەڵبژاردنی سەرەک وەزیران لە عێڕاقدا
2022-11-25

د. ئارام ڕەفعەت

دوای ساڵێک لە ململانێی توند، دواجار بەرەی هەماهەنگی گرەوەکەیان بردەوە و محەمەد شیاع سودانی وەک سەرەک وەزیر دەستبەکار بوو. ئەوەی بەسەر چاودێراندا تێپەڕی ئەوە بوو کە سودانی بەیەک کورسی پەرلەمانییەوە بووە سەرەک وەزیری عێراق. ئەو سەرۆکی رەوتی ئەلفوراتەین بوو کە لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١ دا تەنها یەک کورسی بەدەست هێنا. دوای کشانەوەی سەدرییەکان و دابەشکردنەوەی کورسییەکانی، دوو کاندیدی تری فوراتەین گەییشتنە پەرلەمان. بەواتایەکی تر، ئێستا عێراق سەرەک وەزیرانێکی هەیە کە لەبنەڕەتدا حیزبەکەی تەنها خاوەنی یەک کورسی پەرلەمانییە. 

ئەوەی چاودێرانی لەم پرسەدا بەلارێدا بردووە ئەوەیە، سودانی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بووە و بەدەنگ و پشتیوانی ئەوانیش بۆتە سەرک وەزیران. بەڵام لەبنەڕەتدا سودانی نە یاریکەری ناو گۆڕەپانی سیاسی هێزە شیعییەکان بوو و نە بەپێوانە و رێسا دیموکراتییەکانیش موئەهەل بووە بۆ ئەو پۆستە.

 لەناو هێزە شیعییەکاندا سەدر بە ٧٣ کورسی براوەی سەرەکی هەڵبژاردنەکان بوو وە مالیکی بە ٣٣ کورسی و عامریش بە ١٧ کورسی رکابەری سەرەکی سەدر بوون و لە کەسایەتییە ناسراوەکانی تریش هەر یەک لە عامری و فالح فەیاز ٤ کورسییان مسۆگەر کردبوو. سەدر بەناوی حکومەتی زۆرینە دەیەویست رکابەرە شیعییەکانی لە حکومەت بێبەش بکات و ئەو هێزانەش نە بەدەرەنجامەکانی هەڵبژاردن رازیبوون و نە بەدوورخستنەوەیان لەدەسەڵات.

ئەزموونی عێراق لە سەد ساڵی رابردوودا پیشانی داوە کە هیچ هێزێکی سیاسی لەدەرەوەی حکومەت و دەسەڵات توانای مانەوە و بەردەوامبوونی نەبووە و سەرەنجام هەموو ئەوانەی کەوتوونەتە دەرەوەی دەسەڵاتەوە پوکاونەتەوە و لەناوچوون. نزیکترین نموونەش هاوپەیمانی تەوافوقی ئەیاد عەلاوییە. ئەو توانی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٥ و ٢٠١٠دا وەک هێزی یەکەم زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەست بێتنێت و ٢٠١٠دا بە ٩١ کورسییەوە هێزی یەکەم بوو. بەڵام نەیتوانی حکومەت پێکبێنێت، سەرەنجام هاوپەیمانێتییەکەی پوکایەوە لەهەبژاردنەکانی ٢٠٢١دا بەتەواوی لەنەخشەی سیاسی عێڕاقی وەدەرنرا. ئەم ئەزموونە دۆخێکی لەعێڕاق بەرهەمهێناوە کە ململانێ لەپێناو دەسەڵاتدا هاوتای ململانێ لە پێناو مانەوەدا بێت. ئامانجی سەدریش لەحکومەتی زۆرینەدا  لەوچوارچێوەیەدا و بەئامانجی لەناوبردنی ئەوانی تر لێکدەدرایەوە. ئەمەش هێزە شیعییە تەقلیدییە ناکۆکەکانی لەبەرەیەیکدا، کەچوارچێوەی هەماهەنگییە، کۆکردەوە. سودانی لەوپرۆسەیەدا 'هیچ مەحەلێکی لەئیعڕابدا نەبوو"، نە ئەو ژمارەیە بوو و نە ئەو هێزە و نەئەو کەساییەتییەش، جگەلەوەی لەریزبەندی کەس و لایەنە بچکۆلەکاندا سودانی بەکورسییەکەوە بەلای هەماهەنگیدا کەوت. 

سەدر بەر لە کشانەوەی لەپەرلەمان و پرۆسەی سیاسیدا، توانی هێڵە سوورەکانی خۆی دەرهەق بە مالیکی و کەسایەتییە دیارەکانی شیعەدا بسەپەێنێت و بەرادەیەک ئێسقانەکانی مالیکی و رکابەرەکانی تری شکاند کە بڕشتی ئەوەیان نەبێت داوای پۆستی سەرەک وەزیری بکەن. چوارچێوەی هەماهەنگیش پێویستیان بە دڵنییاکردنەوەی سەدرهەبوو لەوەی بەکشانەوەی لە پەرلەمان تووشی هەمان چارەنووسی عەلاوی و هێزە سیاسییاکانی تر نایەت و لەنەخشەی سیاسیدا ناسڕێتەوە. لێرەوە، کەسایەتییەکی لاوازی بێ پێگەی حیزبی و جەماوەری دەبێتە ئەلتەرناتیڤێکی ناچاری. سودانی ئەو کەسایەتییە لاوازە و ئەو کەسە بێ پێگە و رێگەیە بوو کە دەیتوانی ئەو رۆڵە ببینێت. هەڵبەت، سودانی یەکەم کەسایەتی لاواز و بێ پێگە و رێگەی شیعی نییە ئەم رۆڵەی پێ ببینن. سەرجەم سەرەک وەزیرە شیعییەکانی دوای ٢٠٠٣ لەچوارچێوەی هەمان یاسا و رێسادا هەڵبژێردراون، هەر لە جەعفەری و مالیکی و عەبادی وعەبدولمەهدی و کازمی  تا دەگاتە سودانی خۆی. 

دیاریکردنی جەحفەری بۆ پۆستی سەرەک وەزیران لەسەر ئەو بنەمایە بوو، هەم دەعوە شەریکە بچکۆلەی ناو هاوپەیمانێتییەکە بوو و هەم جەعفەریش لەدەرەوەی دەعوە کەسایەتییەکی جەماوەری نەبوو. ئەم دوو لۆژیکەی سەرەوە دواتر بوونە پێوانە بۆ دانانی سەرجەم سەرک وەزیرەکانی عێڕاق، هەر لە جەعفەرییەوە تا سودانی.

رەنگە وەک حیزب و پێگەی حیزبی جەعفەری بەهێزترینی سەرجەم ئەو سەرەک وەزیرانە بووبێت کە ئاماژەم پێدان. بەڵام مەهزەلەکە لە هەڵبژاردنی جەعفەری بۆ پۆستی سەرەک وەزیرانەوە دەستپێدەکات و ئەزموونەکە یەکەم جار لەسەر ئەو تاقیکرایەوە. ئەو سەرۆکی حیزبی دەعوە بوو کە یەکێک بوو لەو پێنج حیزبە شیعییەی کە لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٥دا هاوپەیمانی یەکگرتووییان لەدژی هاوپەیمانی تەوافوقی عەلاوی پێکهێنا. لەهاوپەیمانێتییەکەدا ئەنجومەنی باڵای عەبدولعەزیز ئەلحەکیم بە ٣٦ کورسی یەکەم و سەدرییەکان بە ٢٩ کورسی دووەم و حیزبی فەزیلە بە ١٥ کورسی سێیەم و دەعوەش تەنها ١٣ کورسی بەدەست هێنابوو چوارەم و رێکخراوی عێڕاقی حیزبی دەعوەش بە ١٢ کورسی ثێنجەم بوو. لەم هاوپەیمانێتییەدا، کە زەواجی ناچاری و بۆ رێگرتن لە بەدەسەڵات گەییشتنی عەلاوی بوو، ئەلحەکیم و سەدر لە ململانێیەکی قووڵدابوون و هیچکامییان رازی نەدەبوون حیزبەکەی ئەوی تر پۆستی سەرەک وەزیران وەربگرێت و وەک چارەسەری مامناوەندی دەبوایە لەسەر کەسێکی تر لەدەرەوەی حیزبەکانییان بۆ وەرگرتنی پۆستەکە بگەڕێن. لۆژیکێکی دیاریکردنی کەسەکە ئەوەبو کە نەحیزبەکەی هێندە بەهێز و نەخۆیشی هێندە کەسایەتییەکی جەماوەری نەبێت کە ببنە هەڕەشە لەسەر ئەوان. لۆژیکێکی تریش ئەوەبوو دیاریکردنی کەسایەتییەکی لاواز و خاوەن حیزبێکی لاواز بۆ پۆستەکە وایدەکرد کە کەسایەتییەکە بۆ بەردەوامبوونی لە پۆستەکەیدا و راییکردنی کارەکانی پشت بە ئەنجوومەن و سەدرییەکان ببەستێت و ناچاری پاراستنی بەرژەوەندییەکانییان بێت. 

دیاریکردنی جەحفەری بۆ پۆستی سەرەک وەزیران لەسەر ئەو بنەمایە بوو، هەم دەعوە شەریکە بچکۆلەی ناو هاوپەیمانێتییەکە بوو و هەم جەعفەریش لەدەرەوەی دەعوە کەسایەتییەکی جەماوەری نەبوو. ئەم دوو لۆژیکەی سەرەوە دواتر بوونە پێوانە بۆ دانانی سەرجەم سەرک وەزیرەکانی عێڕاق، هەر لە جەعفەرییەوە تا سودانی.

هەر ئەو هێز و لایەنانەی بەهۆی لاوازی پێگەی حیزبەکەیەوە جەعفەرییان بۆ پۆستی سەرەک وەزیران هەڵبژارد، دوای ساڵێک، لە بەهێزبوونی پێگەی جەعفەری و حیزبەکەیدا، گەلەکۆمەکێیان دژی جەعفەری کرد و پۆستەکەیان لێسەندەوە، لەبری ئەو پۆستەیان دایە مالیکی. ئەو هەموو ئەو مەواسەفتانەی هەبوو، کە هێزه سەرەکییه شیعییەکان دەیانەویست لەو کەسەدا هەبێت کە دوای جەعفەری دەبێتە سەرەک وەزیر. مالیکیش وەک جەعفەری سەر بە حیزبی دەعوە بوو، بەڵام کەسی یەکەم تەنانەت دووەمی حیزبەکەشی نەبوو. دیبلۆمات و چاودێرە سیاسییەکانی ئەوێ رۆژێی زۆنی سەوز کە ئاگاداری کار و چالاکییەکانی مالیکی بوون بەڕاشکاوی باسییان لەو کەسایەتی و پێگە لاوازەی مالیکی دەکرد. 

مالیکی لە جەعفەری زیاتر بەخت یاوەری بوو و بواری ئەوەی بۆ رەخسا لە پۆستەکەی بەردەوام بێت و ئیستیغلالی پۆستەکەشی بکات بۆ قاییمکردنی پێگەی سیاسی خۆی لەناو حیزبی دەعوەدا و بەرادەیەک جەعفەری وەلا نا و خۆی بووە سکرتێر و دواتریش هەلی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، بەناوی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا بۆ رەخسا. ئەوەی ئەم هەلانەی بۆ مالیکی رەخساند مردنی عەبدولعەزیز ئەلحەکیم و لاوازبوونی ئەنجومەنەکەی و  دەرگیری  چەکداری سەدرییەکان بوو لەگەڵ ئەمریکییەکان و هێزە ئەمریکییەکان و شەڕی مەزهەبیش لەگەڵ سوننەکان. سەرەنجام، بە پاشەکشەی دوو جەمسەرە شیعییەکە، ئەلحەکیم و سەدر، بۆشاییەکی سیاسی هەلێکی زێڕینی بۆ مالیکی رەخساند و هاوپەیمانێتییەکەی بە 89 کورسییەوە بووە هێزی یەکەمی ناو شیعەکان و مافی سەرەک وەزیرانی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.

مالیکی تا ٢٠١٤ توانی لەو پۆستەدا بمێنێتەوە. جەمسەرە شیعییەکانی تری دەرەوەی دەوڵەتی یاساکەی مالیکی لەو ماوەیەدا توانییان خۆیان کۆبکەنەوە و بەدوای کاندیدێکی تری لاوازدا بگەڕێن و مالیکی پەراوێز بخەن. ئەو کاندیدە حەیدەر عەبادی بوو. لادانی مالیکی و هێنانی عەبادی نە دەرەنجامی هەڵبژاردن و نە ململانێناوخۆکانی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا یان خواستی مالیکی بوو، بەڵکو لەسەر هەمان بنەمای ئەو دوو لۆژیکە بوو کە بووە هۆی دیاریکردن و لابردنی جەعفەری و هێنانی مالیکی. هاوشێوەی مالیکی سەردەمی پێش سەرەک وەزیری، عەبادی تەنها ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی دەعوە بوو، کە ئەوسا شەریکە بچکۆلەکەی ناو هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای مالیکی بوو. 

شەڕی داعش و داگیرکردنەوەی نیوەی خاکی کوردستان لەسەردەمی عەبادیدا سەرمایەی گەورەبوون و هەلی دامەزراندنی هاوپەیمانێتی نەسری بۆ عەبادی رەخساند و ئەویش هەمان رێچکەی مالیکی بۆ ئیستیغلالکردنی پۆستەکەی بۆ پێگەکەی خۆی گرتەبەر و لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا هاوپەیمانێتی ئەلنەسری دامەزراند.

عەبادی بە ٤٢ کورسییەوە چیتر عەبادییە لاوازەکەی جاران نەبوو و لەوە بەهێزتر بوو جارێکی تر رێگەی پێبدرێتەوە حکومەت پێکبێنێت. ئەمجارە، شیعەکان سێ بەرەی بەهێز بوون، سەدر و عامری و عەبادی. ئەوان دەبوایە لەدەرەوەی ئەم سێ بەرەیەدا بەدوای کەسایەتییەکی تری بێ سێبەر و بێ پشتیوان و بێ حیزبدا بگەڕێن. بازەکە لەسەر شانی عادل عەبدولمەهدی نیشتەوە. ئەو لەسەر رەوتی حیکمەی عەمار ئەلحەکیم حیساب بوو کە رەوتێکی بچکۆلەی ناو شیعەکان بوو. بەڵام لەئەساسدا هیچ پابەندییەکی بەو رەوتەوە نەمابوو و کەسایەتییەکی لاکەوتە و بێ کاریگەر بوو. ئەم لاوازییانەش ئەوی کردبووە باشترین کاندید بۆ پۆستەکە. 

ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی عێڕاق و سەرکوتی خوێناوییان بەکارەسات بۆ عەبدولمەهدی شکایەوە و لە ئایاری ٢٠٢٠دا کەسایەتییەکی لەخۆی لاوازتر و بێ پشتیوانتر خرایە جێگاکەی، ئەویش کازمی بوو. پێدەچێت لەکاتی دانانی عەبدولمەهدی و کازمیدا هێزە سەرەکییە شیعەکان ئەزموونێکی باشیان وەرگرتبێت و گەییشتبنە ئەو ئەنجامەی کە ئەو کەسایەتییەی دەبێتە سەرەک وەزیران نابێت حیزبی هەبێت، یان ئەگەر حیزبیشی هەبێت، بەنەبوو حیساب بێت. ئەم لۆژیکە، کە دەکرێت بەلۆژیکی سێیەمی هەڵبژاردنی سەرەک وەزیری شیعەکان دابنرێت، بۆ هەر یەک لە عەبدولمەهدی و کازمی و سودانیدا دەگونجێت.