دانیاڵ میتران دایکە فەڕەنسییەکەی کورد

2022-11-26

ـ یەکێکبوو لە دڵسۆزترین و پەرۆشترین کەسایەتییە ناودارەکانی جیهان بۆ دۆزی کورد.

ـ سیو دوو ساڵ، بەڕێگەو شێوازی جۆراوجۆر لە پێناو کوردو هەرێمی کوردستاندا تێکۆشا.
 لەبەناوبانگرتین ئەوکەسانەیە کە تاوانەکانی ڕژێمی بەعسی دژ بە کورد دەگەیاندە ناوەندە جیهانییەکان.

 بەهۆی دڵسۆزی و داکۆییە زۆرو بەردەوامەکانی لە کورد، نازناوی " د‌ایکی کورد"ی لێنراوە.

 ئەو، دانیاڵ میتران، یەکێکبوو لە هاوڕێ نزیکەکانی " دکتۆر عەبدولڕەحانی قاسملو"و لە ڕێگەی ئەویشەوە ئاشنا لە دۆزو کێشەی کورد دەبێت.

 لە پاش کیمییایبارانکردن و کارەساتی ئەنفالەوە، دەکەوێتە ناو سۆراخی مەرگەساتەکانی کوردەوەو تا ئەو کاتەی کۆچی دوایی کرد لە کورد دانەبڕا.

 مەسعود بارزانی دەڵێت، لە دوای ئەنفال  کیمیایبارانکردنی هەڵەبجە دانیاڵ میترانم بینی بە کوڵ بۆ نەهامەتییەکانی کورد دەگریا، ئەوە یەکەمجارم بوو کەسێکی بیانی ببینم بۆ نەهامەتی کورد بگری.


دانیاڵ میتران، لە ساڵی ۱۹۲٤ لە دایکبووەو ساڵی ۲۰۱۱ کۆچی دوایی کرد
میتران، هاوژینی فرااسۆ میتران ی سەرۆکی پێشووی فەرەنسا بوو
یەکێکبوو لە دیارترین چالاکوانەکانی بواری مافی مرۆڤ لە دونیاداو ڕاستەوخۆ لە دوای کۆڕەوی گەورەی خەڵکی کوردستان لە بەهاری ۱۹۹۱ دا سەردانی کوردستانی کردووەو دەربەدەری و ئاوارەیی کوردی بە ناوەندە گەورەکانی جیهان گەیاندووە.

نەوشیروان مستەفا دەڵێت، لە کۆڕەوە ملیۆنییەکەدا، دانیاڵ میتران وتی ئەگەر ئێوە بە یەک دەنگ قسە بکەن هەموو دنیا گوێتان لێ ئەگرێ، بەڵام ئەگەر بە دوو دەنگ قسە بکەن، هیچ کەس گوێتان لێناگرێت.

 دانیاڵ میتران، لە کتێبی " بزوتنەوەی نەتەوەیی کوردو ویستی سەرببەخۆیی"دا دەڵێت، بەهۆی ئەوەی کە هەوڵم دەدا ئەو جینایەتانەی لە لایەن ڕژێمەکانی عێراق و ئێران و تورکیاو سووریاوە دژ بە کورد دەکرێت بە جیهان بگەیەنم و لەقاوی بدەم، کوردەکان ناویان ناوم دایکی کوردان.

 

 میتران دەڵێت، بەهۆی ئەوەی کە هاوسەری فرانسۆ میتران"ی سەرۆککۆماری فەڕەنسا بووم، ئەوە پاساوێکی باشبوو بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و لەقاودانی کێشەی کورد لە جیهانداو سەبارەت بە کورد لەگەڵ " بۆش و گۆرباچۆف و پەرلەمانی ئەوروپا" قسەمکرد.

دانیاڵ میتران، ئەوکەسەی پێیدەوترێت دایکی کورد، لەگەڵ فرانسۆ میتران"ی هاوسەریدا کە سەرکی فەڕەنسابوو، ڕۆڵی گەورەیان هەبوو لە دەرکردنی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە مانگی ئازاری ۱۹۹۱دا، بۆ پاراستنی سنوری هەرێمی کوردستان لە ڕژێمی بەعس.

 لە ساڵانی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی، هەوڵی زۆری دەدا بۆ کۆتاییهاتن بە شەڕی ناوخۆو بەرقەرارکردنی ئاشتی لە هەرێمی کوردستاندا.

عەدنان موفتی دەڵێت، کاتێک  سەرۆکی پەرلەمان بووم، دانیاڵ میتران پێیووتم، کورد قوربانی زۆری داوە، تکایە ئاگاداری ئەم ئەزموونە بن و بە چەسپادنی دام و دەزگای حکومڕانی و چەسپاندنی دیموکراسی بیپارێزن.

لە ساڵی ۲۰۰۹ دا، دانیاڵ میتران لە وتارێکیدا بە بەرپرسانی کوردی وت، بیستوومە هەندێکتان دەڵێن هەرێمی کوردستان دەکەین بە دوبەی یان قەتەر، ئەوە ڕوانگەیەکی ڕاست نییە کە ببنە ئەمارەتێکی نەوتی قازانجکەر، بەڵام خەڵکەکەتان پێناسەو کەسایەتی خۆی لە دەست بدات.
هەر لەو وتارەیدا لە پەرلەمانی کوردستان، ئامۆژگاری بەرپرسانی باڵای کوردی کردو پێیووتن، پێتان دەڵێم کە ئاو لە نەوت بۆ ئێوە گرنگترە بەتایبەت کە خاکێکی ئێجگار زۆری بە پیتی کشتوکاڵیتان هەیە.

" جۆن لی ئەندەرسن"، نووسەرو ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی لەو گەشتەدا لەگەڵ مامجەلالدا بووەو کە لەساڵی ۲۰۰٦دا وەک سەرۆککۆماری عێراق بۆ دیداری " جاک شیراک"ی سەرۆکۆمار چووەتە فەڕەنسا، دەڵێت دوای بینی بەرپرسانی باڵا، مامجەلال ڕوویکردە شاری " سانت ئیتیان" بۆ بینینی دانیاڵ میتران و لە ماڵە بچکۆلەکەیدا پێشوازی لە مام جەلال کرد، وەک هێمایەک بۆ پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان مام جەلال بۆی باسکرد کە لە سلێمانیدا ۲۰ ملیاردێرو دووهەزار ملیۆنەر هەیە، وەکو ڕۆژنامە نووسە ئەمریکییەکە باسیکردووە، دانیاڵ میتران لەبەرانبەر ئەو قسانەی مام جەلالدا زەردەخەنەیەکی کردووەو بێدەنگ بووە.