مەسروور بارزانی خەونی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەخاتەژێرگڵ

2022-11-27

كابینەی حكومەتەكەی مەسروور بارزانی بەفەرمی كۆتایی بە سیستمی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی دەهێنێت و هەتا مەسروور بارزانی لە لوتكەی حوكمڕانی هەرێمدا بێت فەرمانبەرانی مەدەنی پلەبەرزكردنەوە بەخۆیانەوە نابیننەوە.

هەرچەندە ماوەی 6 ساڵە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە راگیراوە،بەڵام بەپێی بڕیارێكی نوێی حكومەتی هەرێم ئەگەر لە داهاتودا پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانیش بكرێتەوە ئەوا شێوازەكەی بەتەواوی دەگۆڕێت و حكومەت ژمارەیەكی كەمی فەرمانبەران هەڵدەبژێرێت بۆ پلە بەرزكردنەوە،ئەم بڕیارەش بەتەواوی فەرمانبەرانی نیگەرانكردووە و پێیان وایە بابەتەكە پەیوەندی بە نەبونی پارەوە نیی،بەڵكو حكومەتی هەرێم لەسەردەمی مەسروور بارزانیدا هەرگیز نایەوێت جارێكی دیكە بۆ بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەران بگەڕێتەوە.

  
بەپێی بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران لەمەودوا پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران پشت بە تەواوكردنی راژە نابەستێت و لە ساڵی ئایندەوە بەپێی سیستمێكی نوێ‌ دیاریدەكرێت  و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەر لەسەر بنەمای لێهاتوویی فەرمانبەر دەکرێت.
بەپێی بڕیارەکە، لە هەر وەزارەتێك بە فەرمانی وەزیر لیژنەیەک پێکدێت بۆ پاڵاوتنی ئەو فەرمانبەرانەی شایستەی پلەبەرزکردنەوەن.


عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوونی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئێستا ئەنجوومەنی راژە سەرقاڵی ئەوەیە دەستنیشانی بكات چەند پلەی بەتاڵ و چەند پلە بەرزکردنەوەمان پێویستە"
عەبدولکەریم خەسرۆ، ڕوونیشیکردووەتەوە:لە هەندێک وەزارەت و هەندێک فەرمانگە ژمارەی فەرمانبەر زیاترە لەوەی کە پێویستە، ئەو کاتە پلەبەرزکردنەوە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە شایستەن، بۆیە ئەم پڕۆسەیە وردە و دەبێت دادپەروەری تێدابێت.

بڕیارەكەی حكومەت لەكاتێكدایە پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران لە كەرتی سەربازی دەستیپێكردۆتەوە و لە كەرتی مەدەنیش پلەبەرزكردنەوەی دادوەر و پەرلەمانتار و ئەنجومەنی وەزیران چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و251 هەزار مووچە خۆر هەن، لەو ژمارەیە 751 هەزار 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین. مانگانە حکومەت بۆ پێدانی مووچە 895 ملیار دیناری پێویستە.لەم ژمارەیەش تەنها 380 هەزار فەرمانبەری مەدەنی هەیە و لە 2016 وە پلەبەرزكردنەوەیان راگیراوە.