هەرێمی كوردستان و خەباتی چەكداری پارچەكانی دیكە

2022-11-29

گۆران قادر

هەرێمی كوردستان لە ئێستادا لەژێر فشارێكی توندی وڵاتانی ئێران و توركیادایە ، بە بیانووی بوونی هێزە كوردییەكانی ناوچەكانی دیكەی كوردستان سەر سنور و ناوچەكانی بۆردومان دەكرێت، كە ئەمەش وای لە هەرێم كردووە  بەدۆخێكی ناسەقامگیری سیاسی و ئابوریدا تێپەڕێت و كۆتایشی دیار نیە ئەنجامی هەرێم و هێزە كوردییەكانی بەكوێ دەگات، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە باس لە چەندێتی توانای هەرێم بۆ لەخۆگرتنی ئەو هێزانە و لێكەوتەكانی دەكەین.

كورد وەك نەتەوە لەناوەخنیدا كۆمەڵێك بەهاو كلتور و زمان پێكەوەی گرێداون، كە سنور و جوگرافیا و سیاسیەت لە یەكتریان جیا ناكەتەوە، بەڵام لە واقیعدا بەهۆی سیاسەتی نێودەوڵەتی و یەكانگیر بوونی بەرژەوەندی زلهێزان لەگەڵ نەیارانی كورد، كوردستان دابەش كراوە و هێشتا وەك كیانێكی سەربەخۆ بوونی نیە،جگە لە هەرێمی كوردستان كە بۆتە پەناگەیەك بۆ هێزەكانی دیكە، بەڵام ئەم لە خۆگرتنە هەروا بە ئاسانی تێنەپەڕیوە ، كێشە و ئاڵنگاری زۆری بۆ هەرێم و ئەوانیش دروستكردووە،چونكە هێشتا هەرێم  خۆی توانای ڕووبەڕووبونەوەی هێزە دەرەكیەكانی نیە، هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دانپێدانانێكی نیە كە هاوشێوەی دەوڵەتێك پارێزگاری لێبكرێت ،بەشێوەیەك لەكاتی هەڕەشەكان پەرچەكرداری هەبێت و پشتگیری كردنەكانیش لە ئیدانە كردن تێپەڕ بكات،بۆیە لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە  دۆخێكی سەقامگیری پارێزراوی نیە،ئەمەش وای لێدەكات نەك نەتوانێت بەرگری لە هێزە چەكدارییەكان بكات،بەڵكو بەرگری كردن لە خۆیشی لە ئاستێكی لاوازدا بێت، كە ئەمەش دۆخە نێودەوڵەتیەكە و فشاری وڵاتانی هەرێمی دروستی كردووە و لە دەرەوەی ویستی هەرێمدایە.

ئۆپراسیۆنی چەند بارەی  توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و هێرشی هێزە عێراقییەكان بۆ گرتنی كەركوك و لە بنەرەتدا دابەش كردنی كوردستان، هەمووی بە هەڵكردنی گڵۆپی سەوزی " دۆستەكانمان" بووە، بۆیە بە هەڵەدا دەچین گەر پێمان وابێت مانەوەمان و پاراستنی كیانی هەرێم بۆ هەمیشە پارێزراوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پارێزگاریمان لێدەكرێت، ئەم بۆچوونەش بە ئاشكرا لەسەر زاری جەنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان گوێ بیستی بووین.


لەسەر ئاستی وڵاتانی (توركیا و ئێران) كە زۆرترین فشار لە هەرێم دەكەن و ناوچە سنورییەكان و ئاوەدانەكانیش بۆردومان دەكەن،ئەم دوو وڵاتە ڕاستە میراتگری (عوسمانی و سەفەوییەكان)ن، بەڵام لەسەر دژایەتی هێزە كوردییەكان و ڕێگری لە دروستبوونی  قەوارەی كوردی تەواو هاوهەڵوێستن، بۆ ئەمەش دەستبەرداری بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەكانیان دەبن و خۆیان بۆ نەیارە هاوبەشەكەیان یەكلایی دەكەنەوە، نزیكترین نموونەش بۆ سەلماندنی ئەم ئەرگۆمێنتە، ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێم بوو لە ساڵی (2017)دا،كە  هەر دوو وڵاتی ئێران و توركیا، چاوپۆشیان لە قەبارەی بازرگانی و بوونی كۆمپانیاكانیان لە هەرێم كرد،بە یەك دەست دژ بە هەرێم وەستانەوە،لەم ڕوانگەیەوە دەبێت هەرێم و هێزە كوردییەكان باش لەو ڕاستیە بگەن، كە هەرەشەی توركیا و ئێران جدییە و دژایەتی كورد دەخنە پێش بەرژەوەندی ئابوورییان،ئەم بۆچوونە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەمان ئەنجامی هەیە، كە هێزە نێودەوڵەتیەكان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان بڕیار دەدەن، ئۆپراسیۆنی چەند بارەی  توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و هێرشی هێزە عێراقییەكان بۆ گرتنی كەركوك و لە بنەرەتدا دابەش كردنی كوردستان، هەمووی بە هەڵكردنی گڵۆپی سەوزی " دۆستەكانمان" بووە، بۆیە بە هەڵەدا دەچین گەر پێمان وابێت مانەوەمان و پاراستنی كیانی هەرێم بۆ هەمیشە پارێزراوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پارێزگاریمان لێدەكرێت، ئەم بۆچوونەش بە ئاشكرا لەسەر زاری جەنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان گوێ بیستی بووین.
لەو ڕوانگانەوە كە باسمان كرد، هەرێم توانای ئەوەی نیە بە دەنگێكی بەرز بەرگری لە خەباتی ناوچەكانی دیكەی كوردستان بكات، هەرچەندە لە ناخیدا لەسەر ئاستی سیاسی و جەماوەری ئەو ویستەی هەبێت، بۆیە دەبێت ئەو هێزانەش ئەم ڕاستیە باش بزانن، كە توانای هەرێم بۆ لەخۆگرتنیان سنوردارە،لەم كاتەشدا گرنگە كارێك نەكەن زیان بە هەرێم بگات، یاخود شێوازی خەباتی خۆیان بگۆڕن و لە دڵی نەیارەكانیاندا خەبات دەستپێبكەن،یان واز لە خەباتی چەكداری بهێنن و ڕێگاكانی دیكە گەیشتن بە ئازادی ئەزمون بكەن،چونكە تاوەكو ئێستا ئەنجامیان كەم و زیانیان زۆرترە، كە لەوەیە ئەم شێوازەش نەیانگەیەنێت بەو مەبەستەی  كە دەیانەوێت،ئەمە جگە لەوەی ئاڵنگاری و هەڕەشەی زۆریان بۆ سەر هەرێمی كوردستان دروستكردووە.