دۆخەکە هیچ باش نیە..

پارتی و یەکێتی هەریەکەیان لە ئاوازێک دەخوێنن..
2022-11-29

قوباد تاڵەبانی نامەیەک بۆ مەسرور بارزانی دەنێرێت 
دۆسیە هەستیارەکانی، هاوکار جاف و موراد کانی کوردەیی لەسەر مێزی گفتوگۆن.
بافڵ تاڵەبانی، وەڵامی پەیامەکەی وەرنەگرتەوە و جوڵەکانی دەباتە بەغدا.
پارتی، پاڵی داوەتەوە و ئەو لاپەڕە نوێیەی باسی دەکات، پڕە لە مەرج و داواکاری.
لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقەوە، تە ئەمڕۆ، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی تا دێت خراپتر دەبێت.
هەموان چاوەڕێیان دەکرد دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە نەک ئەوە روی نەدا، بەدوایدا، دۆسیەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف لە هەولێر و کوشتنی موراد کانی کوردەیی و پاسەوانەکانی لە ڕانیە و داواکردنی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لە دادگای هەولێر دۆخەکەی خستەوە سەر ئاگر و بەوەشەوە نەوەستا، لەناو پایتەختدا هێز بەرامبەر قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران جوڵێنرا، هەموو ئەمانە، پەیوەندییەکانی ئەو دوو حیزبەی گەیاندۆتە دۆخێک، لەدوای شەڕی ناوخۆوە، هیچ کات هێندەی ئێستا دۆخەکە خراپ نەبوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە رۆژانی کۆنگرە و دوای کۆنگرەش بەردەوام بانگەشەی ئەوەی دەکرد، کە لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ یەکێتی هەڵدەدەنەوە و سەردانیان دەکەن و دادەنیشن، ئەمە هەموی هەر قسە بوە، 25 رۆژ بەسەر کۆنگرەدا تێپەڕیوە و هیچ روی نەداوە.
بەپێچەوانەوە لە دواین دیداریدا، بافڵ تاڵەبانی، وەڵامی پەیامەکەی پارتی دایەوە و وتی، کە یەکێتی ئامادەی گفتوگۆ و دانوستانە بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ پارتی، بەڵام لەدوای ئەو دیدارەشەوە، پارتی هیچ وەڵامێکی نەدایەوە.
سەرچاوەیەک لە یەکێتی بە دیپلۆماتیکی وت، پارتی ئەوەی دەیڵێت ئامادەن بۆ دانوستان راست نیە، مەسرور بارزانی تا دێت بڕیاری خراپتر دژی سلێمانی و یەکێتی دەردەکات، لە کاتێکدا ئێمە چاوەڕێی دانوستان و گفتوگۆین، مەسرور بارزانی، بڕیاری داوە بودجەی دژە تیرۆری یەکێتی ببڕێت.


ئەو سەرچاوەیەی یەکێتی وتیشی، پارتی وا بیر دەکاتەوە، کات لە بەرژەوەندی ئەوانە و دەیانەوێت یەکێتی بچێتە ژێر باری تەواوی داواکاریەکانیەوە، ئەو کاتە دابنیشن، کە ئەمە لای یەکێتی زۆر روونە و هەروا دەستە وەستان دانانیشن و بەپێچەوانەشەوە، کات لەبەرژەواندی پارتی و حکومەتەکەی مەسرور بارزانیش نابێت.
دیپلۆماتیک زانیویەتی، قوباد تاڵەبانی، نامەیەکی بۆ مەسرور بارزانی ناردوە و تەواوی نیگەرانی و داواکارییەکانی یەکێتی گەیاندوە، وەڵامی مەسرور بارزانیش ئەوە بوە کە دیراسەی نامەکە دەکەن و وەڵام دەدەنەوە.
دیپلۆماتیک زانیاری لەسەر بەشێکی نامەکە پێگەیشتوە، قوباد تاڵەبانی، داوای کردوە، دابەشکردنی داهاتی 43 بە 57 نەمێنێت، ئەو دوو ئیدارەییە و پێویستە، داهات بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت، خاڵێکی دیکەی نامەکەی قوباد تاڵەبانی، تایبەتە بە داهاتی نەوت، ئەو داوای کردوە، ئەنجومەنی بالای نەوت و گاز دەستی بگات بە تەواوی زانیارییەکان لەسەر فرۆشتن و داهاتی نەوت.
قوباد تاڵەبانی، لە نامەکەیدا بۆ مەسرور بارزانی، داواشی کردوە، جارێکی تر لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف بکرێت، بە ئامادەبونی لایەنی یەکێتی، هەروەک داواشی کردوە، دۆسیەی موراد کانی کوردەیی بە سیاسی نەکرێت و نیگەرانن لەوەی خۆی و بافڵ تاڵەبانی، خراونەتە ئەو دۆسیەوە و پێویستە، بریارەی دادگا لەوبارەیەوە هەڵبوەشێتەوە.
دۆخەکە بەمشێوەیەیە، پارتی زۆنی خۆی ئارام کردوە و هیچ کێشەی موچە و بودجە و داهاتی نیە، لە کاتێکدا تا دێت کێشەکان لە زۆنی یەکێتی و بە تایبەت کێشە داراییەکان قوڵتر دەبنەوە، ئەمە وایکردوە، یەکێتی هەست بە قۆڵبادان بکات، بۆیە ئێستا بیر لە هەموو رێگایەک دەکەنەوە، لە وانەش، راستەوخۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، کشانەوەی ستافی حکومیان لە ئەنجومەنی وەزیران بە خودی قوباد تاڵەبانیشەوە کە راستە ناچێتە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام بیر لە جێهێشتنی هەولێریش دەکەنەوە.
لەناو پارتیدا، پێناچێت دوای کۆنگرەی 14 ، دۆخەکە بەرامبەر یەکێتی وەک جاران بێت، ئێستا پیاوێک دەسەڵاتدارە چ لە حکومەت و چ لە حیزب، کە یەکێتیەکان هیچ دڵخۆش نیەن بە کارکردن لەگەڵیدا و بەتایبەت کە ئەو پیاوێکی توندە و موجامەلە نازانێت، ئەوە سەرەڕای ئەوەی لە پۆستەکەیدا لە حکومەت، هەموو دەسەڵاتەکانی لای خۆی کۆکردۆتەوە و هەموان لە تیمەکەی، هیچ دەسەلاتێکی داراییان نیە، ئەوە لە کاتێکدا پێشتر نێچیرڤان بارزانی هەبوو، کە بۆ قوباد تاڵەبانی کارکردن لەگەڵیدا ئاسانتر بوو، چونکە نێچیرڤان بارزانی بە پێچەوانەی ئامۆزاکەیەوە، پیاویكی نەرم و موجاملە و ئەو هەمیشە پێیوایە دانوستان و گفتوگۆکان چەند زۆر و دوور و درێژ بن، باشترن لە دورە پەرێزی و قۆڵبادان و هێرشی میدیایی.
هەرچۆنێک بێت، ئەمڕۆ سەردەمی حکومڕانی مەسرور بارزانیە، ئێستا بریارەکە لەدەستی ئەوە، دەتوانێت، هەموو شتەکان بەرەو کەرتکردن و جیابونەوە و هەرکەس لە ماڵی خۆی بەرێت و یەکێتی زیاتر هان بدات روو لە بەغدا بکات، دەشتوانێت، دۆخەکە پێچەوانە بکاتەوە.