نۆ مەترسیی گەورە؛ هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکەن

2022-11-30

ئەنوەر حسێن (بازگر)

بۆ هەر وڵات و هەرێمێک کۆمەڵێک پێوەر هەن، ئاماژەن بۆ ئارامی و سەقامگیری، وەک (ئاسایش و ئارامیی دەرەکی و ناوخۆیی، نەبوونی دیاردەی تیرۆریزم، کۆنترۆڵی سنوورەکان، ڕێگری لە بازرگانیکردن بە: مادەی هۆشبەر و چەک و شوێنەوار، سپیکردنەوەی پارە، بازرگانی بە جەستەی مرۆڤەکان و منداڵ و ...هتد).
گەر ئەوانە ئاماژە باشەکان بن، ڕێکپێچەوانەی سەرهەڵدان و بوونی ئەم دیاردانە، مانای وایە ئەو دەوڵەت و حکومەت و هەرێمە سەقامگیر و ئارام نییە و مەترسیی لەسەرە.
کورتەی مەبەستەکەم ئەوەیە، هەرێمی کوردستان زۆرینەی ئەم دیاردە مەترسیدارانەی هەیە و بەرۆکی گرتووە و مەترسیی جدیی لەسەر دروست کردووە. هەرچەندە گرفتەکە بوونی ئەم مەترسییانە نییە، بەڵکوو هەوڵی جدی و پۆڵاین و پەرۆشانە نادرێت بۆ ڕێگەپێگرتن، سنووردارکردن، ڕووبەڕووبوونەوە و کۆتاییپێهێنانیان. دەکرێت هەندێک لەو مەترسییانە بریتی بن لە:

1.تیرۆر:
تیرۆر وەک مەترسییەکی ئەمنی هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکات، سەرچاوەی ئەم هەڕەشە تیرۆریستییانەش لە لایەن داعش، تورکیا و ئێرانەوەیە. تەنها لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە (50) سەرکردە و کادیری پەکەکە و پەیەدە لە سلێمانی و هەولێر، لە لایەن تورکیاوە تیرۆر کراون، چەندین ئەفسەر و هاوڵاتی لە لایەن داعشەوە تیرۆرکراون و ئەو مەترسییانە تا دێت زۆرتر و زیاتر دەبن، بە تایبەت داعش، کە شانە نووستووەکانی لە هەرێمی کوردستان جێگەی مەترسی و نیگەرانییە و وەک هاووڵاتیی ئاسایی خۆیان حەشار داوە.

2.بازرگانیی مادەی هۆشبەر
ئامارەکان دەڵێن: وڵاتی چیک سنووری تێپەڕبوونی مادەی هۆشبەرە بۆ هەموو ئەورووپای خۆرئاوا، بەڵام ئێستا هەرێمی کوردستانیش لە بەردەم مەترسیی گەورەی ئەم بازرگانییەدایە، لە زۆرینەی شوێنەکانی سلێمانی و هەولێر دەتوانیت مادەی هۆشبەر و دەستبخەیت و خەڵکێکی زۆر و گەنجان بە تایبەتی ئالوودە بوون، لە سنوورەکانی ئێرانەوە بازرگانی پڕدەستکەوتی لێ بەڕێوە دەچێت، باس لەوەش دەکرێت بەشێک لەم مامەڵە خیانەتکارانەیە بە پشتیوانیی بەشێک لە بەرپرسانی هەرێم دەکرێت، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا تاوانە.

3.جاسوسی:
هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا، سەدان جاسوسیان لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان تەراتێن دەکەن، بە تایبەتیش لە شارە سنوورییەکانی نێوان هەردوولا، بە پێدانی پارە و ئیمتیازێکی کەم، بۆ جاسوسیکردن بەسەر ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکانیان لە هەرێم و زۆر جاریش بەسەر خودی حکومەتی هەرێمەوە.
جودا لە بوونی تۆڕی مەترسیداری داعش لە سلێمانی و هەولێر، سەرەڕای چاودێریکردن و دەستگیرکردنیان، بەڵام خزێنراونەتە ناو زۆرینەی گەڕەکەکانەوە و جێگای مەترسیی و تیرۆر و تەقینەوەشن.

4.بازرگانیی شوێنەوار:
لە هەرێمی کوردستان بازرگانیی بە شوێنەواری شوێنە مێژووییەکانی کوردستان و هەڵکۆڵین و بەتاڵانبردنی ئەو شوێنەوارە مێژوویی و دەگمەنانە نەک هەر هەیە و بەربڵاوە، بەڵکوو بۆتە جێگەی مامەڵەی ئەم بازرگانییە ناشەرعی و مەترسیدارە.

5.بازرگانیی چەک
هێنانی دەمانچە، چەکی سووکی جۆراوجۆر، فیشەک و تەقەمەنیی جۆراوجۆر، لە ڕێگی سنوورەکانەوە، بە ناوی هێزی پێشمەرگە و بازرگانیکردن پێوەی لە ناوخۆ و سنوورەکانی دەرەوەی هەرێم و عێراق، مەترسییەکە بۆتە هۆی ئەوەی هەموو کەس چەکی پێبێت و ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر ببنە قوربانی. کە ئەم بازرگانییە لە لایەن بەرپرسانی هەرێم و عێراقەوە، لە لایەن بازرگانی جۆراوجۆرەوە دەکرێت، یان لە ڕێگەی منداڵی بەرپرسەکانەوە، چەک و دەمانچە لە بەڕازیل و کرواتیا و پێشتریش لە ئۆکرانیاوە دەهێنرانە ئەم وڵاتەوە و بە نرخێکی خەیاڵی لە هەرێم و عێراق دەفرۆشرێن.

6.سپیکردنەوەی پارە:
یەکێکی تر لە بازرگانییە ناشەرعییەکانی هەرێمی کوردستان، لە لایەن هەندێ کەسایەتی و کۆمپانیای ناوخۆییەوە ئەنجام دەدرێت، یان ئاڵوگۆڕ بەو چەکە بانکییانەی کە پێشتر لە سلێمانی و هەولێر بە شێوەیەکی ناشەرعی مامەڵەیان پێوە دەکرا لە لایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە ڕێککەوتن لەگەڵ بانک و وەزارەتەکان. بەم کارەش دراوی قورس بە شێوەیەکی ناشەرعی لە هەرێمی کوردستان دەچێتە دەرەوە و دراو و ئابووریی کوردستان تووشی داڕمان و داتەپین دەکات.

7.بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤ و منداڵان:
مامەڵە و بازرگانیکردن بە جەستەی مرۆڤ وەک زۆرێک لە وڵاتانی دونیا، لە هەرێمی کوردستانیش لەڕادەبەدەر ڕەواجی هەیە، بازرگانیکردن بە گورچیلە، گون و بەشەکانی تری جەستەوە، هاوکات بازرگانیکردن بە منداڵانەوە، دیاردەیەکی هێندە مەترسیدارە، کە بە تەواوی شیرازەی کۆمەڵگە دەشێوێنێت. ئێستا خەریکە نەخۆشخانەکانی هەرێم و عێراق کوردستان دەبنە وێستگەی بەیەکگەیاندنی کڕیاران و فرۆشیارانی ئەندامانی جەستە، بەتایبەت گورچیلە و گون و ...هتد.

8.بەزاندنی سنوورەکان:
سنوور و سەرەوەریی وڵات، لای هەر دەوڵەتێک پیرۆزە. بەڵام بەزاندنی سنوورەکانی هەرێمی لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە بە بیانووی بۆردومان و هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ سەر پەکەکە، شەنگال، مەخموور، کۆمەڵە و دیموکرات، هیچ پیرۆزییەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەهێشتۆتەوە، بووەتە مەترسییەکی گەورە و حکومەتی هەرێم دەستەوەستانە کە ڕەنگە ڕووداوی خراپتریشی لێ بکەوێتەوە. وەک چۆن هەڕەشەی بۆردومانی گەڕەکەکانی شارەکانی سلێمانی و هەولێر دەکرێت بە بیانووی بوونی بنکە و بارەگای ئەو هێزانە.

9.ئەجێندای سایبرێنتی و سۆشیاڵ میدیا:
ئەگەر سنوورە زەمینی و ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستان، گیرۆدەی ئەو هەموو بازرگانییە ناشەرعییە بن، لە هەمان کاتدا مەترسییەکی تریش ئەو هێرش و پیلانگێڕییە بەبەرنامە و ئەجێنداسازییەیە کە لە ڕێگای فەزای سایبرێنتی، کەناڵی میدیایی، سۆشیاڵ میدیایی ناسراو و فەیک، ئاڕاستەکراو لە ناوخۆ و سنوورەکانی دەرەوەی هەرێم، بۆتە هۆی نانەوەی پشێویی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ تێکدانی بارودۆخی ئەمنی و سیاسی و ئابووری و کەلتووری و فەرهەنگی و میدیایی لە هەرێمی کوردستان، کە زۆرتر لە بازرگانیی مادەی هۆشبەر و چەک و تیرۆر و بازرگانییە ناشەرعییەکانی تر، خۆ دەکات بە گوێی هەموو تاکێکی کۆمەڵگەی کوردستان و هەموو ماڵێکدا و تێریان دەکات لە زانیاریی چەواشەکارانە و نادروست و بێئیتیک و بێ مۆڕاڵ، یاریدەدەریشە بۆ زەمینەخۆشکردن بۆ ئەو بازرگانییە ناشەرعییانە و ئەو مەترسییە ئەمنییانەی کە لەسەرەوە باسم کرد، بۆیە ئەو هێرشە میدیاییە بێ ناسنامەیە، هەر ئێستا کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی دەرکەوتووە و زیانی گەورە بە خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
چەند ناخۆشە مرۆڤ ئەم دێڕانە بنووسێت...! ئەم واقیعە تاڵە چەند سەختە، هەزم بکەیت و لە وڵاتێکدا بژی ئەم هەموو مەترسییە دەورەی دابێت، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ هەست بە مەترسیی زۆر گەورەتر بکەیت. پێم ناخۆشە شارەکانم، هەرێمەکەم، وڵاتەکەم تووشی ئەم هەموو مەترسییە گەورانە ببێتەوە و ببێتە مەترسیی بۆ سەر هەرێم و ئەزموونی حکومڕانی کوردستان، بەڵام بە داخەوە ناکرێت گومانت هەبێت کە ئەم هەموو بازرگانی و مەترسییانە بەبێ ئاگاداریی بەشێک لە بەرپرسان بەڕێوەبچێت، ئەمەیە مەترسییە گەورەکە.
تکایە فریای هەرێم بکەون، ئێرە "چیک" و "مەکسیک" و "ئۆگەندا" نییە، تەنها بابەتەکە بازرگانیکردن بێت، ئەوەی ئێرە پلانە، بۆ پیلانگێڕییەک دژ بە هەرێمی کوردستان. پلانێکە بۆ لەناوبردنی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەم بازرگانییە ناشەرعییانەوە، کە جگە لە هەرێم، عێراقیشی تێوەگلاوە و بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش بە دەست ئەم دیاردانەوە دەناڵێنن. بەڵام هەرێمی کوردستان بەرگەی ئەم پیلانگێڕییانە ناگرێت. سەرنجەکانی منیش بۆ ئەوەیە کە هەم حکومەت ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر، هەم هاوڵاتیانی کوردستانیش وشیار بن و نەکەونە داوی ئەم پیلانگێڕییانەوە. سەرەڕای ئەوەش دەزانم کە سەدان کەس لە زیندانەکانن بەو تۆمەتانە، بەڵام ئەوانە هەموو کارەکتەرە سەرەکی و کاریگەرەکان نیین.
بۆیە نابێت ئەم وڵاتە بکرێتە قوربانیی چەند بازرگان و بەرپرسێکی بێ مۆراڵ و چاوچنۆک.