ئەمریکیەکان توڕە و نیگەرانن لە خراپی دۆخی حوكمڕانی هەرێم 

کەی ئەمریکا وەک ئەفغانستان دواین قسە لەگەڵ بەرپرسانی کورددا دەکەن؟
2022-12-06

دواجار ئەوەی یەکێتی و پارتی بەھۆی ململانێكانەوە بوون خۆیان بێ ئاگابوون لێی ڕویدا و مەترسیەکە ئەمجارە ھاتوەتە بەردەرگایان و نزیکترین دۆستیان توڕە و نیگەرانە لێیان و دوور نیە ھەڵوێستی پێچەوانەو دژیش وەرنەگرن .

ئاژانسی ڕۆیتەرز،بە پشت بەستن بە زانیاری و لێدوان و قسە کردن لەگەڵ ھەشت بەرپرسی ئەمریکی و گەورە بەرپرسی کوردی ڕاپۆرتێکی لەسەر ناکۆکیەکانی یەکێتی و پارتی ئامادەکردوە و بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسە ئەمریکیەکە بەرپرسانی باڵای واشتن نیگەران و توڕەن لە ناکۆکیەکانی ھەردو حزبی حوكمڕان لە کوردستان و پێیان وایە ئەوە دەرفەتی زیاتری داوە بە ئێرانیەکان تا بەرژەوەندیەکانی ئەوان بکەنە ئامانج .

ئامادەکارانی ڕاپۆرتەکە قسەیان لەگەڵ چەند گەورە بەرپرسێکی ئەمریکیدا کردوە کە بەووردی چاودێری دۆخی ناوچەکە و کوردستان دەکەن و لە ووردی گرفت و ئاریشەکان ئاگادارن و ھۆشداریشیان داوە لە درێژە کێشانی ئەو کێشە نێوخۆییانە .

بەرپرسانی ئەمریکی رایانگەیاندووە بەھۆی ئەو کێبرکێیانەوە سلێمانی بوەتە ناوچەی جێ نفوزی ئێرانیەکان و ئەمریکیەکان لە نزیک بونەوە و ھێشتنەوەی بەرژەوەندیەکانیان لەو شارە دەترسن .

لە سەرەتای سەر ھەڵدانی گرفتەکانەوە نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان چوار جار لەگەڵ ھەردوو حزب دانیشتووە و بە تووندی ھۆشداری پێداون لەخراپی دۆخی حوكمڕانی هەرێم،تەنانەت ئاستی مەترسیەکانی بەشێوەیەک بەرز کردەوە کە گوتی نەک حزب و بنەماڵەکانتان تەنانەت ئەزمونەکەشتان لەبەردەم مەترسی گەورەدایە و ئەگەر بەزوویی دەست لەم کێشانە ھەڵنەگرن دوور نیە قەوارەی ھەرێم ھەڵنەوەشێتەوە .

تەنانەت کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی و پارتی گەیشتبوە ئاستێک لەنێو کۆبونەوەی باڵایان لەگەڵ نێردەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان خەریک بوو بۆ یەک ھەستنەوە، تا گەیشتە ئەوەی بلاسخارت پێی گوتبون ئیدی جارێکی تر بەھیچ جۆرێک لەگەڵتان دانانیشم و ھەرچیش بوو خۆتان لێی بەرپرسن .

 


لە ئێستادا بەھۆی ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کارەکانی حکومەت بەشێوەی نیمچەیی پەکی کەوتوە و کاروبارەکان وەکو پێویست بەڕێوەناچن و بازرگان و سەرمایەدارەکان دەترسن لەبەگەرخستنی سەرمایەکانیان و بازاڕیش بەھەمان ھۆکار توشی شۆک بون بوە و بەردەوامی لێدوانە ئاگرینەکانی بەرپرسانی ھەردو لاش  ھێندەی تر دۆخەکەی شڵۆق کردوە و خەڵکیش بەگشتی ھەست بە مەترسی و بێزاری دەکەن .

كاریگەری ئەم مەترسیانە تەنھا لەم ئاستەدا نەوەستاوە و کاری کردوەتە سەر سنورەکان و ئەگەری دروست بونی دوو ئیدارەیی و ھەر ئەمەشە وای کردوە بەرپرسانی ئەمریکی نیگەران و توڕە بن ،
ھێنانی ھێزی ئێران بۆ سەر سنورەکان و نزیک بونەوەی سوپای پاسداران لە بنکە ئەمریکیەکان ترسی تەنھا لای کورد دروست نەکردوە بەھێندەی ئەوەی بەرپرسانی کۆشکی سپی دەترسن لەو ڕێگەیەوە ئێرانیەکان بێ تەقە دەست بەسەر بنکە ھەستیارەکانیان بگرن ھەر بۆیە دواین ھۆشداری ئەمریکیەکان لەوەیە ئەم پەیامانە بن.

لەكاتێكدا یەكێتی و پارتی لەناو شەڕی بەرژەوەندی و دەسكەوتە حیزبی و كەسیەكانیان نغرۆ بوون،دەنگوباسی گەندەڵی و خراپی دۆخی حوكمڕانی هەرێم دەگاتە میدیا جیهانییەكان و بەو هۆیەشەوە دوور نییە ئەزمونی ئەفغانستان لەهەرێمی كوردستانیش دووبارە ببێتەوە،كە لەماوەی 24 كاتژمێردا بەهۆی پشتێكردنی ئەمریكاو گەندەڵی ناوخۆیەوە هەرەسی هێناو داڕوخا.