کۆمەڵگەی ئەمەریکی خۆی دەکوژێت

2022-12-12

سالار مەحمود

کۆمەڵگەی ئەمەریکی لەبەردەم گەورەترین مەترسی ناوخۆییدایەو ئەمەریکییەکان بەو ملیۆنان چەکانەی کە لە ماڵاکانیان و ناو ئۆتۆمبێل و شوێنەکانی کارکردنیاندا هەیە ساڵانە هەزارانیان خۆیان دەکوژن و هەزارانی دیکەش لە لایەن کەسانی دیکەوە دەکوژرێن.

 کۆمەڵگەی ئەمەریکی لە کوشتن و خۆکوشتن بە چەکدا، لەسەر ئاستی جیهان نەک هەر لە پلەی یەکەمدایە، بەڵکو ئامارەکانی کوشتن ساڵ لەدوای ساڵ بەڕێژەیەکی ئێجگار زۆر هەڵدەکشێن.

 بەپێی ئاماری پۆلیسی فیدڕاڵی لە هەر دوازدە خولەکێکدا لە ئەمەریکا ڕووداوێکی کوشتن یان کوشتنی بە کۆمەڵ تۆمار دەکرێت.

ئێستا کوشتن بە چەک و بەتایبەتیتر کوشتنی بە کۆمەڵ یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی بەردەم ئیدارەی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمەریکایە.

ــ پاش کارەساتی کوشتنی ۲۱ قوتابی قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە ویلایەتی تەکساس لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا لە لایەن گەنجێکی تەمەن هەژدە ساڵەوە، جۆ بایدن لە کۆنگرێسەوە هاواری لێهەڵساو وتی ئیتر بەسەو دەبێت ئەم کارەساتە ڕابگرین.

 جۆ بایدن لە کۆنگرێسەوە داوای لە یاسا دانەرەکان کرد کە یاسای هەڵگرتنی چەک قورس بکەن و کۆمەڵگەی ئەمەریکی لەو کارەساتەی تێیکەوتووە دەرباز بکەن.
 بەپێی ئامارو لێکۆڵینەوەی ئاژانسی ئاسۆشێت پرێس، ساڵانە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چلوپێنج تا پەنجا هەزار کەس بەهۆی چەکەوە دەبن بە قوربانی، قوربانییەکان ئەوانەن یان بە چەک خۆیان کوشتووە، یان کوژراون.

بەپێی ئاماری پۆلیسی فیدڕاڵی ئەمەریکا، ساڵانە ۲۱ هەزار تاوانی کوشتن بە چەک لەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت.

ــ هەر بەپێی ئامارەکان لە ڕووداوی کوشتنی بە کۆمەڵەدا، لەسەر ئاستی جیهان، ئەمەریکا لە پلەی یەکەمدایە.
ئامارەکان دەڵێن لە ساڵی ۲۰۱۹دا ٤۱۷ ڕووداوی کوشتنی بەکۆمەڵ لە ئەمەریکا ئەنجامدراوەو ساڵی ۲۰۲۰ ئامارەکە هەڵکشاوە بۆ ٦۱۱ ڕووداوی کوشتنی بەکۆمەڵ و ساڵی ۲۰۲۱ زۆرتر هەڵکشاوەو ٦۹۳ ڕووداوی کوشتنی بە کۆمەڵ تۆمار کراوەو تا مانگی یازدەی ئەمساڵیش ٦۹۰ ڕووداوی کوشتنی بە کۆمەڵ ئەنجامدراوەو لەو ڕووداوەنەشدا ساڵانە سەدانکەس دەبنە قوربانی.

ئامارو زانیارییەکانی تایبەت بە کوشتن لە ڕێگەی چەکەوە لە ئەمەریکا دەریدەخەن کە لە ساڵی ۱۹٦٨ وە تا ساڵی ۲۰۲۱ یەک ملیۆن و چوارسەد لە کۆمەڵگەی ئەمەریکیدا بوونەتە قوربانی بەهۆی چەکەوە.

ڕێگەدانی دەستووری ئەمەریکا بەوەی کە هەر هاووڵاتییەکی ئەمەریکی کە تەمەنی گەشتبێتە هەژدە ساڵ، دەتوانێت خاوەنی چەک بێت، هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی کە ساڵانە  چلوپێنج تا پەنجا هەزار کەس لە کۆمەڵگەی ئەمەریکیدا ببنە قوربانی چەک.

 ئاماری ئاژانسە ڕۆژنامەوانییەکان و سەنتەرەکانی تایبەت بە لێکۆڵینەوی کوشتن بە چەک لە ئەمەریکا، دەریدەخەن کە ساڵانە له وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا ۲۰ ملیۆن پارچە چەکی جۆراوجۆر کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت و  لە 81% ی ئەمەریکییەکان چەکیان هەیەو ئەمەش لە هیچکام لەوڵاتانی دونیادا وێنەی نییەو وایشیکردووە کە کۆمەڵگەی ئەمەریکی ببێتە مەیدانێکی گەورەی جەنگ.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئەمەریکییەکان، دیاردەی کوشتن بە بەچەک لە ئەمەریکا بەردەوام لە هەڵکشاندایەو بەو دۆخە مەترسیدارەشەوە کە کۆمەڵگەی ئەمەریکی بەهۆی چەکەوە تێیکەوتووە، هێشتا لە 50% ی دانیشتوانی ئەمەریکا دژی قەدەغەکردنی هەڵگرتنی چەکن لە لایەن هاووڵاتیانەوەو ئەوان پێیانوایە دەرکردنی یاسایەک بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگرتنی چەک پێشێلکاری ئازادییە تاکە کەسییەکانە.

سەرباری ئەوەی کە هەڵگرتنی چەک و دەستکەوتنی چەک، ئیرهابێکی گەورەی ناوخۆیی خولقاندووەو کۆمەڵگەی ئەمەریکی ڕووبەڕووی کارەساتی گەورە کردووەتەوە، بەڵام هێشتا لە کۆنگرێسی ئەمەریکا دەنگی بەهێزو زۆرینە بۆ هەمواری یاسای چەکهەڵگرتن و دەرکردنی یاسایەک بۆ قەدەغەکردنی هەڵگرتنی چەک لە لایەن هاوڵاتییانی ئەو وڵاتەوە دروست نەبووە.