مەلا عوسمان ووتی گەردنی جەبارفەرمان ئازادبێت، بەڵام گەردنی علی برام و علی باپیر ئازاد ناکەم

جاشنامەكەی مامۆستا نوری فارس حەمەخان هەرا دەنێتەوە
2022-12-13

ئیسماعیل حەمەڕەحیم
مامۆستا نوری فارس حەمەخان لەیاداشتەکانیدا بەناوی جاشنامە کەنزیکە ٥٠٠ لاپەڕەیەو شاهیدحاڵی زیندووی  ڕووداوەکانی شەست ساڵی ڕابردووە، خاوەنی زیاتر لە بیست کتێب و توێژینەوەیە لەبوارە جۆربەجۆرەکانی ئاینی و زانستی فەرمودەدا، نوێترین کتێبی نوسینی یاداشتەکانی ژیانی خۆیەتی بەناوی جاشنامە.
ئەم نوسەرە لەلاپەڕە  ١٠٢ دەڵێت: لەگەڵ مامۆستا نوری عەبدووڵاو مامۆستا نەشئەت غەفورو کۆمەڵێک، چوینە خزمەت مامۆستا مەلاعوسمان عەبدول عەزیز، ئەوکات تازەلەسەر کار لابرابوو، مامۆستا مەلاعلی برای لەشوێنی دانیشتبوو، ئەوکات مامۆستا لەهەولێر دادەنیشت. نوری فارس ئاماژەبەوە دەدات کە:مامۆستا عوسمان زۆر بێتاقەت بووەو هەستی بەناپاکییەکی زۆر دەکرد کەلێی کرابێت.
بزووتنەوەی ئیسلامی ناوەڕاستی ساڵێ ١٩٩٧ لەهەڵەبجەی شەهید کۆنگرەی حەوتەمی خۆی بەست، لەوکۆنگرەیەدا مامۆستا مەلا عوسمان لابراو مامۆستا علی برای لەجێگەی دانرا، ئەم کردارەش مامۆستا مەلا عوسمانی زۆر نیگەران و بێتاقەتکرد، چونکە بڕوای وابوو کەبەپلانێک لەلایەن علی باپیرەوە ئەم کارە کراوە..
نوری فارس لەیاداشتەکەیدا دەڵێت: مامۆستا عوسمان پاش هەندێک ڕازووگەلەیی و بێتاقەتی لەڕۆژگاری خۆی کەبەسەری هاتووە دەربڕی، یەکێک لەئێمە، وتی مامۆستا خەفەت مەخۆو خواتۆڵەی جەنابت لەجەبار فەرمان دەستەنێ(لەشەڕی ١٩٩٣ نێوان یەکێتی و بزووتنەوە، مامۆستا دوکوڕی کوژرا)..
نوری فارس دەگێڕێتەوە کە مامۆستا مەلا عوسمان وتویەتی: ئێوە بەشاهیدبن گەردنی هەرکەسێک ئازابێت کەخۆی بەئومەتی محمد بزانێ، تەنانەت جەبارفەرمانیش کەکوڕی کوشتم و سوکایەتی بەخۆشم کردووە، ئەگەر خۆی بەموسڵمان بزانێ، بەڵام ئێوە شاهیدبن کەگەردنی ئەم دووکەسە ئازادناکەم،  علی برام و علی باپیر....
مەلا عوسمان لە ساڵی ١٩٢٢ز لە گوندی پریسی سەروو لە ھەڵەبجە لە خێزانێکی دیندار لەدایکبووە. باوکی مەلا عەبدولعەزیز مامۆستای مزگەوتی گوندی پریس بووە و حوجرە و فەقێی ھەبووە. لە ڕێکەوتی ١٢ی ئایاری ١٩٩٩ دا لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کۆچی دوایی کرد ...
خاوەنی چوار کتێبە بەناوەکانی، تەفسیری قورئانی پیرۆزو شەرحی کتێبەکانی سەحیحی موسلیم و بوخاری و تحفە الاخوان فی علوم القران....بەپێی زانیارییەکان تائەوکاتەشی وەفاتی کرد ئامادە نەبووە ئەو دووکەسە ببینێ، لەکاتێکدا چەندینجار داوای بینینیان لێ کردووە