هەدەپە چۆن گەیشت بەم قۆناغە؟

شاهۆ عەبدوڵا

ئەو بنەمایەیی کۆمارى تورکیای لەسەر بنیادنراوە، ڕێگە بەبوونى هێزى سیاسى کورد نەدەدرا بەشدارى هەڵبژاردنەکان بکەن و نوێنەرى خۆیان هەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کوردانى باکورى کوردستان، لەپاڵ جوڵانەوەى چەکدارى پارتی کرێکارانى کوردستان، بەردەوام بوون لەدروستکردنى پارتى سیاسی بەئامانجى ناردنى نوێنەر بۆ پەرلەمانى تورکیا. 

هەدەپە کەئێستا لەگۆڕەپانى سیاسیدایە، پاشخان و میراتى دەیان گروپ و پارتى سیاسییە لەباکورى کوردستان و تورکیا، بەچەندین قۆناغی تیرۆرى سیاسی و تیرۆرى بکەر نادیار و ڕفاندن و دەرکردن و داخستن تێپەڕبوون. 

لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی ١٩٨٧دا، حەوت کورد کە لە لیستەکانی جەهەپە هەڵبژێردرابوون، بەهۆی بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسی "ناسنامەی نەتەوەیی کورد و مافی مرۆڤ" کە لە ١٦ی تشرینی دووەمی ١٩٨٩ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەچوو، لەپارتەکە دەرکران.

یەکەم نوێنەرى کورد لەچوارچێوەى پارتى سیاسى لەپەرلەمانى تورکیا، دەگەڕیتەوە بۆ پارتى کرێکارانى گەل (HEP)، هەئەپە لەساڵى ١٩٩٠ بە سەرۆکایەتیی فەهمی ئیشکلار دامەزرا و ١٠ پەرلەمانتاریان لەخۆگرتبوو، ئەمە یەکەم نوێنەرایەتی بزووتنەوەی سیاسی کورد بوو لە پەرلەمان.

بەڵام لەپاش هەڵبژاردن، بەهۆی مەرجى سوێندخواردن لەکاتى لەهۆڵى پەرلەماندا، مەترسى داخستنى هەئەپە دروستبوو،  پارتى ئۆزدەپ لە ٢٥ی حوزەیرانی ١٩٩٢ لەبەرامبەر ئەگەری داخستنی(HEP) دامەزرا، دوای دواى داخستنى هەئەپە(HEP) دۆسیەی داخستنیش لە دژی ئۆزدەپ تۆمارکرا، پێش داخستنى لەلایەن دادگاوە پارتەکەیان هەڵوەشاندەوە.
لە ٢ی ئەیلوولی ١٩٩٣، ئەندامی مەجلیسی پارتی (HEP)، حەبیب کیلیچ و لە ٤ی ئەیلول مەهمەت سینجار، جێگری ماردینی (HEP) و مەتین جان کارگێڕی پارێزگاکە لە باتمان تیرۆرکران. 

لە ٧ی ئایاری ١٩٩٣ پارتی دیموکراسی(DEP)دامەزرا، حەوت کارگێڕی ناوەندەکەیان دەستبەسەر کران. لەپاش ئەو قۆناغە بێسەروشوێنکردن و کوشتن لە دەستبەسەریدا چڕترین بوونەوە، یاشار کایا سەرۆکی(DEP)لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەنقەرەوە دەستگیرکرا.
دەسپێکى قەیرانەکە کە بە سوێندخواردنی لەیلا زانا بە زمانی کوردی لەم قۆناغەدا دەستی پێکرد، تا هەڵگرتنی پارێزبەندییەکان لە ساڵی ١٩٩٤ بەردەوام بوو.
لەیلا زانا، ئەحمەد تورک، سری ساکیک، سێدات یورتاش، سەلیم ساداک، مەحمود عەلیناک، هاتیپ دیجلێ، ئۆرهان دۆغان لە ١٦ی ئازاردا لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتەوە دەستگیرکرا و بە تۆمەتی 'کارکردن بۆ جیاکردنەوەی بەشێک لە زەوییەکانی تورکیا لە ئیدارەی دەوڵەت و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەسەر ئەو زەوییانە' ڕەوانەی زیندانی ناوەندی ئەنقەرە کرا.

 


دامەزراندنى هادەپ لە ساڵی ١٩٩٤

هادەپ لە ١١ی ئایاری ١٩٩٤ دامەزرا لە ٢ی حوزەیرانی ١٩٩٤دا، موحسین مەلیک دامەزرێنەر و ئەندامی ئەنجومەنى پارتى هادەپ و شۆفێرەکەی مەهمەت ئایلدز لە شاری ئورفا، تیرۆرکران
هادەپ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 1995 نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام نەیتوانی بەربەستی هەڵبژاردن لەسەدا 10 تێپەڕێنێت و بچنە پەرلەمانەوە.
لە ٢٩ی ژانویەی ١٩٩٩، نووسینگەی سەرۆکی داواکاری گشتیی دادگای باڵا، تۆمەتێکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هادەپى پێشکەش بە دادگای دەستووری کرد. هەروەها داوای لە دادگای دەستوری کرد ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ ڕێگرتن لە بەشداری ئەو حزبە لە هەڵبژاردنەکانی 18ی نیسان.

لە مانگی نیسانی ساڵی 1999 هادەپ بە گشتی 37 سەرۆکایەتی شارەوانی بەدەستهێنا، کە یەکێکیان شارى گەورەى ئامەد و 6 شارەوانی پارێزگاکان (ئاگری، باتمان، بینگۆل، هەکاری، سیرت، وان) بوو.
لە ٢١ی ئازاری ٢٠٠٢، ئەندامانی هادەپ، مەهمەت شەن و عومەر ئایدن لە میانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی بێ مۆڵەت لە شاری مێرسین تیرۆرکران.
دادگای دەستووری لە 13ی ئازاری 2003 هادەپی داخست، بە بیانووی ئەوەی "یارمەتی و هاوکاریی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکەیە و بووەتە شوێنى چالاکییە نایاساییەکان"، هەروەها قەدەغەکردنی پێنج ساڵەی سەرکردەکانی پارتەکانی لە سیاسەتدا سەپاند.

سەردەمی DEHAP

پارتى دەهەپە(DEHAP)لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٧ دامەزراوە، لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٢، سەرۆکی داواکاری گشتیی دادگای باڵا، سابیح کانەدئۆغڵو داوای لە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان کرد بۆ ئەوەی ڕێگری لە بەشداریکردنی دەهەپە (DEHAP) لە هەڵبژاردنەکاندا بکات.
لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٢دا، هەدەپ لەگەڵ دیموکراسی و هێزی کار، لە لیستەکانی دەهاپەوە هاتنە ناو هەڵبژاردنەکانەوە، ڕێژەى ٦.٢٣%ی دەنگەکانى هەڵبژاردنیان بەدەستهێنا. بەڵام نەیانتوانی کاندیدەکانى بنێرنە پەرلەمان، بەهۆى تێپەڕنەکردنى بەربەستى ١٠%ە.
لە 10ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2003 نەخشەڕێگاکە بە پێشنیارەکان بۆ چارەسەری کێشەی کورد و دیموکراتیزەکردن لەلایەن باکرهانەوە ڕاگەیەندرا.

بزووتنەوەی دەتەهە  DTH

هاتیپ دیجلە، ئۆرهان دۆغان، سەلیم سەداک و لەیلا زانا دوای تێپەڕاندنی ١٠ ساڵ زیندان لە ٩ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ لە زیندان ئازاد کران و لە ساڵی ٢٠٠٥ بوونە پێشەنگەکانی بزووتنەوەیەکی سیاسی نوێ بە ناوی بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک. 

گەیشتنى هەدەپە بەم قۆناغەى ئێستا، هەڵگرى میرات و بەرخۆدانێکى بێوچانى وڵاتپارێزان لەساڵانى ڕابردوو تێکۆشاون بۆ ئەوەى پرسی چارەسەرى دۆزى کورد پێش بخەن، لەوپێناوەشدا بەچەندین هەوراز و نشێودا تێپەڕیون و ڕوبەڕووى کوشتن و ڕفاندن و زندانیکردن بوونەتەوە. لێرەدا باس لە قۆناغی دەسپێکى سیستەمى هاوسەرۆکایەتى دەکەین تائـیستا. 
کاتێک پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک (دەتەپە) لە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٥ بە هاوسەرۆکایەتی ئەحمەد تورک و ئایسەل توغلووک دامەزرا، بۆ یەکەمجار لە تورکیا سیستەمی هاوسەرۆکایەتی دەستی بە جێبەجێکردن کرد. بەڵام بەو پێیەی لەتورکیا سیستەمی هاوسەرۆکایەتی قبوڵ نەکرد، ئەحمەد تورک بە سەرۆک هەڵبژێردرا. 

  دەتەپەDTP)) کە پلاتفۆرمێک و کە هەردوو جێگری DEP گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی و سیاسەتمەدارانی نوێ بەشدارى پلاتفۆرمەکەبوون و بە کاندیدی سەربەخۆ هاتە ناو هەڵبژاردنەکانەوە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٢ی تەمموزی ٢٠٠٧دا بەربەستى لەسەدا ١٠ تێپەڕێنێت، ٢٠ پەرلەمانتاریان هەبوو، دواتر پەرلەمانتارەکان گروپی DTP یان لە پەرلەمان پێکهێنا.

 

کاندیدەکانی هەزار ئومێد: ٢٠٠٧ 

دەتەپە کە لە ساڵی ٢٠٠٧ بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە ژێر ناوی "کاندیدەکانی هەزار ئومێد" هاتە ناو هەڵبژاردنەکانەوە، سیاسەتمەدارانی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش، گوڵتان کشاناک و لەیلا زانا ڕەوانەی پەرلەمان کرد.
لە 16ی تشرینی دووەمی 2007، دادگای دەستووری دۆسیەی داخستنی لە دژیDTPتۆمارکرد بە تۆمەتی جۆراوجۆری وەک "بۆتە جێی سەرنجی چالاکییەکان دژی یەکپارچەیی دابەشنەکراوی دەوڵەت، لەلایەن ڕێکخراوێکی تیرۆریستییەوە دامەزراوە، هەروەها ڕێنمایی لەسەر فکری عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەگرێت.
جگە لەوەش داوای قەدەغەکردنی سیاسەت بۆ ماوەی پێنج ساڵ بۆ ٢٢١ ئەندامی پارتەکە دەرکرا، کە لە نێویاندا ئەحمەد تورک سەرۆکی پارتەکە بوو.
پارتەکە لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ٢٩ی ئازاری ٢٠٠٩دا ٩٩ سەرۆک شارەوانی بەدەستهێنا. لە 11ی کانونی یەکەمی 2009 دادگای دەستووری بە کۆی دەنگ بڕیاری داخستنی دەتەپە و قەدەغەکردنی 37 کەس لە سیاسەت بۆ ماوەی 5 ساڵ و لەکارلادانی پەرلەمانتارانی ئەحمەد تورک و ئایسەل توغلوکی دا.
کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک
کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧ لە ئامەد وەک ڕێکخراوێک کە ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە ژێر یەک چەتردا کۆدەکاتەوە دامەزراوە. یەکەم هاوسەرۆکانی یوکسڵ گێنچ و هاتیپ دیکڵ بوون.

دامەزراندنى BDP لە ساڵی 2008 
لە ئەیلوولی ٢٠٠٨ یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی بە بەشداری ٢٣٤ نوێنەر لە ئامەد بەست. لە ٢ی ئایاری ٢٠٠٨، گرووپێکی نوێ لە پەرلەمان لە ژێر ناوی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) دامەزراند.
 بەدەپە پەیامی دا کە نەخشەڕێگای عەبدوڵڵا ئۆجالان لە چارەسەری کێشەی کورددا گرنگە و پێویستە هەنگاو بنرێت لەسەر ئەم ڕێبازە، لە کۆنگرەی نائاساییدا کە لە ١ی شوباتی ٢٠١٠ بەسترا، سەلاحەدین دەمیرتاش وەک سەرۆک دەستنیشانکرا، بەدەپە لە ساڵی ٢٠١١دا ٣٦ پەرلەمانتارى هەبووە.

٢٠١٣ و پرۆسەی چارەسەرکردن

بەدەپە ڕۆڵێکی چالاکانەی لە پرۆسەی چارەسەرکردندا بینی کە لە ساڵی ٢٠١٣ دەستی پێکرد، شاندەکان پێکهێنران بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئیمرالی و قەندیل بۆ پرۆسەی چارەسەرکردن کە لە مانگی تەمموزی ٢٠١٥ کۆتایی هات.
لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ پارتێکی نوێ بە ناوی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە هاوسەرۆکایەتی ئەرتوغرول کورکچو و سێبەهات تونجەل دامەزرا.
پارتەکانی وەک پارتی ئاشتی و دیموکراسی، پارتی سۆسیالیستی شۆڕشگێڕ، پارتی سۆسیالیستی ستەملێکراوان، پارتی دامەزراندنەوەی سۆسیالیست، سەوزەکان و ئایندەی چەپ لە ژێر چەتری پارتی دیموکراتی گەلان کۆبوونەوە. بەم شێوەیە بزووتنەوەی سیاسی کورد و بەشێک لە پارت و ڕێکخراوەکانی چەپی تورکیا لە ژێر چەتری هەدەپەدا کۆبوونەوە.

 


پارتى DBP
ساڵی ٢٠١٤ لە کاتێکدا کە بەدەپە سێهەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی بە دروشمی "ئێمە بە ئۆتۆنۆمی دیموکراتیک ژیانێکی ئازاد بنیات دەنێین"، ناوی خۆی گۆڕی بۆ پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان. بەدەپە لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ٣٠ی ئازاری ٢٠١٤ بە سیستەمی "هاوسەرۆکایەتی" هاتە ناو هەڵبژاردنەکانەوە، و ١٠٢ پۆستی سەرۆکایەتی شارەوانی بەدەستهێنا.
لەلایەن دەوڵەتەوە، قیوم بۆ ٩٤ سەرۆکی شارەوانی دەبەپە دەستنیشانکران کە ١٠ پارێزگا و ٧٢ قەزا و ١٢ شارۆچکەی تێدایە، سەرۆکی شارەوانییەکان دەستگیرکران.

هەڵبژاردنى ٢٠١٥ و هەدەپە

فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش کە لە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠١٤ لە کۆنگرەی نائاسایی دووەمدا لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، بوونە هاوسەرۆکی نوێی هەدەپە.، لە نێو پارتە کوردییەکانى گۆڕەپانى سیاسی ، هەدەپە یەکەم پارت بوو کە بەربەستی هەڵبژاردنی لەسەدا ١٠ی تێپەڕاند.
هەدەپە کە لە هەڵبژاردنە گشتییەکەدا کە لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥ بەڕێوەچوو، ١٣.١٢%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بە ٨٠ پەرلەمانتار چووە نێو پەرلەمانى تورکیا، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کە پێشتر بەڕێوەچوو، سەلاحەدین دەمیرتاش کاندیدی هەدەپە ٩.٦%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
لە نێوان مانگی ئازاری ٢٠١٥ تا حوزەیرانی ٢٠١٥ هێرش کرایە سەر بینای پارتەکانی هەدەپە و نووسینگەکانی هەڵبژاردن و فەرمانبەران، دوو ڕۆژ پێش هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥، هێرشێکی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر گردبوونەوەی هەدەپە لە ئامەد ئەنجامدرا.
ڕۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2016، دوای 5 مانگ لە هەموارکردنەوەی دەستووری ڕێکخستنی پارێزبەندی، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە دژی نوێنەرانی هەدەپە، 12 پەرلەمانتار لە نێویاندا هاوسەرۆکان سەڵاحەدین دەمیرتاش و یوکسەکداغ دەستبەسەر کران، تا ئێستاش لەزیندانن.

لە ساڵى ٢٠٠٩ تا ساڵى ٢٠١٦ لە ژێر ناوى ئۆپراسیۆنى کەجەکە و لەساڵى ٢٠١٧ەوە لەژێر ناوى ئۆپراسیۆنى کۆبانى دەوڵەتى تورکیا نزیکى ٢٠ هەزار بە دۆسێى سیاسى و تیرۆر زندانى و ١ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەسى لەکورد و چەپەکان دادگایی کردووە، زندانیکردنى سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەفداغ لەچوارچێوەى ئەو ئۆپراسیۆنانەدایە. 
لەچوارچێوەى مەترسى داخستن بۆ هەڵبژاردنەکانى ١٤ ئایارى مانگى داهاتوو، کورد و چەپەکان کە لەسەر مەسەلەى چارەسەرى پرسی کورد هاوڕان، لەژێر چەترى هاوپەیمانی رەنج و ئازادی و بەناوى پارتى چەپى سەوز، کە لە هەدەپە و پێنج پارتی چەپ و سۆسیالیستی تورکیا و باکوری کوردستان بەشدارى هەڵبژاردن دەکەن، بۆیەکەمین جاریشە کورد لەهەر ٨١ پارێزگا تورکیا و باکورى کوردستان بەشدارى بانگەشەى هەڵبژاردن دەبێت.

2023-04-25