بۆچی تا ئێستا پەرلەمانی عێراق بێ سەرۆكە؟
دیبلۆماتیك

زیاتر لە چوار مانگە پەرلەمانی عێراق سەرۆكی نییەو هیچ ئاماژەیەكیش لە ئارادا نییە بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا سەرۆكێك بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵببژێردرێت.

لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردووەوە، محەمەد حەلبووسی بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوور خرایەوەو هەرچەندە دوو گەڕی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو پەرلەماندا بەڕێوە چوو، بەڵام هێشتا پەرلەمانی عێراق سەرۆكی نییەو ئاماژەكایش ئەوە نیشاندەدەن كە قەیرانی دیاریكردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمان زۆرتر بخایەنێت.

لە 13ی مانگی یەكی ئەمساڵدا، پرۆسەی دەنگدا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان بەڕێوە چوو، بەڵام كۆمەڵێك كێشەو ململانێی سیاسی كە تا ئێستاش بەردەوامن، بوونەبەر بەست لەوەی كە سەرۆك بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرێت.
بەپێی ڕێكەوتنی سیاسی نێوان پێكهاتەكانی عێراق، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پشكی سووننەكانەو لەپاش لادانی محەمەد حەلبووسی، سووننەكان بە سێ كاندیدی جیاوازەوە چوونە ناو كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراقەوە.

لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنەكەدا، " شێخ شەعلان كەریم" كاندیدی حیزبی تەقەدووم‌و محەمەد حەلبووسی، توانی 152 دەنگ وەدەست بێنێت‌و سالم عیساوی، كاندیدی هاوپەیمانی سیادەو  بەربژێری خەمیس خەنجەر توانی 97 دەنگ بەدەستبێنێت و هاوكات مەحمود مەشهەدانی كە كاندیدی هاوپەیمانی عەزم بوو 48 دەنگی بەدەستهێنا.

لەبەر ئەوەی بردنەوەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پێوویستی بە 160 دەنگی زیاتر لە 160 ئەندامی پەرلەمانە، بۆیە هیچكام لە بەربژێرەكان نەیانتوانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان مسۆگەر بكەن‌و هەڵبژاردنی سەرۆك كەوتە گەرشی دووەمەوە.

هەرچەندە بڕیار بوو لە هەمان ڕۆژدا، گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت‌و هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان یەكلایی بكرێتەوە، بەڵام سەرهەڵدانی كۆمەڵێك كێشەو سكاڵاكردنی چەند پەرلەمانتارێك لە دادگای فیدڕاڵی، هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی دواخست‌و دیاریش نییە كەی ئەو كێشەیە چارەسەر دەبێت‌و شوێنەكەی محەمەد حەلبووسی پڕ دەكرێتەوە.
بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەكە، سووننەكان سەرگەرمی ڕێكەوتن بوون‌و زانیارییەكانی ناو پەرلەمان باسیان لە كشانەوەی سالم عیساوی دەكرد لە بەرژەوەندی شێخ شەعلان كەریم، بەڵام دوو كێشەیتر سەریان هەڵدا كە تا ئێستاش یەكلا نەبوونەتەوە.
پازدە ڕۆژ پاش بەڕێوەچوونی گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بڕیاربوو گەڕی دووەم بەڕێوە بچێت‌و پەرلەمانی عێراق بۆ ئەو مەبەستە كۆ ببێتەوە، بەڵام بە پاساوی یەكلا نەكردنەوەی كێشەكانی تایبەت بە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆك لە دادگای فیدڕاڵی، هەڵبژاردنی سەرۆك لەو ڕۆژەدا پەكخراو دواخرا بۆ پاش بڕیاری دادگای فیدڕاڵی.
پێدانی پارەو ئۆتۆمبێل وەكو بەرتیل بە پەرلەمانتاران لە هەڵبژاردنی گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكدا هەرای گەورەی لەناو پەرلەمان‌و میدیای عێراقیدا نایەوەو چەند پەرلەمانتارێكی شیعەو سەربەخۆ ڕایانگەیاند كە كافتریای پەرلەمان بووەتە بارزاڕی كڕین‌و فرۆشتنی دەنگی پەرلەمانتاران‌و لەو میانەیەشدا محەمەد حەلبووسی تۆمەتبار كرا بەوەی كە دەنگی پەرلەمانتارانی بۆ شێخ شەعلان كەریم كڕیوەو هەردوو پەرلەمانتار " یوسف كیلابی‌و فالح حزعەلی" لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵایان لەسەر كڕینی دەنگی پەرلەمانتاران لە هەڵبژاردنەكەدا تۆمار كرد.

هاوكات ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتارە شیعەكانی ناو بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە بیانووی ئەوەی كە ستایشی حیزبی بەعس‌و سەددام حوسەینی كردووە، دژی شێخ شەعلان كەریم وەستانەوەو ئەوان لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵایان لە دژی جوڵاندووەو داوایان كردووە نەك هەر ڕێگەی پێنەدرێت خۆی بۆ سەرۆكی پەرلەمان بپاڵێوێت، تەنانەت ئەوان كار لەسەر ئەوە دەكەن كە دادگای فیدڕاڵی بڕیاری مافی لێسەندنەوەی ئەندامێتیشی لە پەرلەمان لە دژ دەر بكات.

بەپێی زانیارییەكان، نوری مالیكی، سەرۆكی حیزبی دەوڵەتی یاسا، ڕێبەرایەتی ئەو گروپە دەكات كە كار لەسەر ئەوەدەكەن كە دەرفەت نەدرێت بە شێخ شەعلان كەریم ببێتە سەرۆكی پەرلەمان.
وا بڕیارە، دادگای فیدڕاڵی لە 1 – 4 – 2024 سەبارەت بە هەر دوو سكاڵاكەی پرسی فرۆشتنی دەنگی پەرلەمانتاران‌و سكاڵاكەی دژ بە شێخ شەعلان كەریم دوا كۆبوونەوە ئەنجام بدات.
ئەگەر لەو بەروارەشدا دادگای فیدڕاڵی بڕیار لەسەر ئەو دوو پرسەی تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان بدات، پێناچێت هێشتا گرێكە بكرێتەوەو دۆخەكە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ لەبار ببێت، چونكە هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان پێوویستی بە ڕەزامەندی شیعەكان هەیەو هاوكات هێشتاش سووننەكان لەسەر دیاریكردنی كەسێك نەگەشتوونەتە ڕێكەوتن كە ڕەزامەندی هەمووانی لەسەر بێت.
2024-03-03