-
- ڤیدیۆ
کۆچبەرە کوردەکان لە ئیجەدا خنکان یان خنکێندران ؟
دیمەکان و گيڕانەوەی ساتی نوقم بون و خنکان و ژێر ئاوکەوتنی ئەو بەلەمە شومەی کە سی و پێنج کوردی لە قوڵ ترین و سامناکترین ئاوی دونیادا خنکان هێند بە ئازار و جەرگ بڕە ئەستەمە بتوانیت تا کۆتایی گوێ بیستیان ببیت .
هاواری و ناڵەی ئەو منداڵانەی لەساتی خەوو بە تاریکی کەوتنە نێو ئەو دەریا بێ بنەی کە تەنها ڕادارەکانی دەریاوانی ئیتالی دەزانن چەند قوڵ و بێ بنە لە دڵی مرۆڤ کاری دەکرد ، گریانی ئەو دایکەی کە لەنەخۆشخانەکەی ئیتالیا گوتی کچەکەم بەبەرچاوی خۆمەوە قاچاخچیەکە نوقمی کرد و خنکانی، دیمەنەکان هێند تراژیدی بوون کە پۆلیسە دەروانە ئیتالیەکانیشی گریاند .
ڕزگاربوانی سەر کەشتیە هەڵگەڕاوە نوقمبوەکەی نێو شەپۆلە بەرزەکانی دەریا ماوەی زیاتر لە پەنجا کاتژمێر بەبێ ئاوو نان و لەنێو ئەو شەپۆل و سەرمایەدا موعجزە ئاسا ڕزگاریان بووە ،
لەوەیە ڕزگار بونیان بۆ گێڕانەوەی ئەو چیرۆکە سەیر و سەرنج ڕاکێش و تراژیدیە بێت کە ئەستەمە مرۆڤ باوەڕیان پێ بهێنێت کە لەبەردەم چ کارەساتێک قوتاریان بوە ،
دیمەنە جەرگ برەکە خنکان و کوژرانی بەئەنقەستی کچ و منداڵە ساوا و هاوژینەکەی قاچاخ چیەکە بوو ، ئەو کاتێک خۆی و منداڵە بچوکەکەی و هاوژینەکەی کەوتنەوە سەر ئاوەکە و ئومێدێک هەبوو کە لەسەر پشتی یەختە هەڵگەڕاوەکە بتوانن قوتاریان بێت دەستی نایە سەر سەریان و تا خنکان نوقمی نێو ئاوەکەی کردن تا بەبەرچاوی خەڵکەکەوە گیانیان سپارد و ڕوەو قوڵایی دەریاکە لاشەی ساردبوەوەیان ڕێی کرد .
جەژنی قوربانی ئەمساڵ دووجار بۆ کورد خەم و تازیە هێنەر بوو ، دوو جار دڵی هەمووان داخورپا و پرسەی بەکۆمەڵ شارەکانی باشوری کوردستانی گرتەوە ، هەم ئیجە و هەم کێوی عەرەفەش بوونە مەنزڵگای دوایی دەیان کوردی خێر لەخۆ نەدیوی هەڵاتوو لە قەیران و گرفت و کێشە و ئاریشە .
خنکان و نوقم بونی بەلەمەکەی نێو ئیجە میدیا نێوخۆیی و جیهانیەکانی سەرقاڵ کرد و میدیا ئیتالیەکان دەڵێن هۆکاری نوقم بونەکە تەقینەوەیەکی بچوک بوە لەنێو یەختەکەدا کە تا ئێستا نازانریت کە ئایا گرفت و ئاریشە و کێبرکێی نێو خودی قاچاخچیەکان هۆکار بووە یاخود هۆکاری تر هەبوون و سەرنشینەکانیش ئاگاداری نەبوون .
کەس و کاری قوربانیەکان بە ئاشکرا لە میدیاکانەوە ناوو ناونیشانی قاچاخچیەکانیان برد و داوای دەستگیرکردنیان کردن لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان .
ئەوەی لەم ڕووداوەدا هەموانی سەرسام کرد ئەو چیرۆکانە بوو کە لەبارەی ژیان و گوزارەنی کۆچبەرە خنکاوەکان بڵاوکرایەوە کە گوایە بەشێکیان خاوەنی کارگە و کارخانە و زێڕنگەر و کۆمپانیا بوون و دوای داواکاری و تەکلیفێکی زۆریش هێشتا پێداگر بوون لەسەر ڕۆشتن و بەجێهێشتنی ئەم وڵاتە .
2024-07-01