راپۆرتی پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەراست لە واشنتۆن: سەرەرای شكستی پارتی و یەكێتی لە حوكمڕانی،ئۆپۆزسیۆن نابێتە بەدیل
پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەراست كە بارەگاكەی لە واشنتۆنە و لەساڵی 1946 وە دامەزراوە وەك خانەیەكی بیری سەربەخۆ،شیكاریەكی سەرنجراكێشی وینسرۆن رۆدریگەری بڵاوكردۆتەوە بەناونیشانی شكستی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان و دەڵێت:سەرەرای ئەوەی بەشێكی زۆر لە خەڵكی كوردستان پارتی و یەكێتی بە گەندەڵ و سەركوتكار دەزانن بەڵام هێشتا متمانەیان بە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان نییە كە ببنە ئەلتەناتیڤی دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی.چونكە ئەزمونێكی ناخۆش و شكستخواردویان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەیە،كاتێك بە ژمارەیەكی زۆر متمانەی خۆیان پێدا،بەڵام كەچووە دەسەڵات نائومێدی كردن.

بە ووتەی نوسەری شیكاریەكە لە راپرسیەكی بارۆمیتری عەرەبی كە لەساڵی 2022 ئەنجامدراوە 63%ی دانیشتوانی هەرێم متمانەیان بە حوكمڕانی پارتی و یەكێتی نییە.

بەپێی راپۆرتەكە ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان پەرتەوازە و ناكۆكن و هێزێكی رێكخراو نین كە توانای ئەوەیان هەبێت سود لە خراپی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی ئێستا وەربگرن و بەم جۆرەی ئێستایان نابنە هەرەشە لەسەر حیزبە دەسەڵاتدارەكان.

بەپێی راپۆرتەكەی پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەراست ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان لەبەردەم سێ‌ تەحەدای گەورەدایە كە بریتییە لە كۆنترۆڵكردنی هێزە سەربازی و ئەمنیەكان لەلایەن حیزبەكانی دەسەڵات و بەكارهێنانیان بۆ پاراستن و مانەوەی خۆیان،لەگەڵ شكستهێنانی دروستبونی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی گەورە و فراوان و نەبوونی ستراتیژێكی روون.



بەپێی شیكاری پەیمانگا ئەمریكیەكە نەوەی نەوەی نوێ‌ كە لەئێستادا گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنە بەهۆی روماڵی رەخنەگرانەی كەناڵی ئێن ئارتی هاتەپێشەوە و لەدوای ریفراندۆم بزوتنەوەیەكی سیاسی دروستكرد،بەرنامە سیاسیەكەی بریتییە لە وروژاندنی كەموكوریەكانی دەسەڵات وەكو مووچە و بەنزین و كۆچ و نەبونی ئاو و خزمەتگوزاریەكان.بە ووتەی نوسەری راپۆرتەكە  و هێشتا بەتەواوی رون نییە چ دەسكەوتێكی بەدەستهێناوە و داوای چی دەكات؟

لەبارەی حیزبە ئیسلامیەكانیشەوە دەڵێت حیزبە ئیسلامیەكان بەشێوەیەكی چڕوپڕ لەئاستی كۆمەڵایەتی و میللی چالاكیان هەیە و بەشداری هەڵبژاردنیش دەكەن بەڵام كەمتر تەماحیان لە بەدەستهێنانی پۆستە باڵاكانی وڵاتدا هەیە و نەبوونەتە هەرەشە بۆسەر دەسەڵات.

سەبارەت بەو حیزبانەش كە بۆ ئەم هەڵبژاردنە خۆیان تۆمار كردووە دەڵێت هەریەك لەلاهور شێخ جەنگی و عەلی حەمەساڵح خاڵی بەهێز و لاوازیان هەیە بەڵام ئەوەی كە روونە ئەوەیە كاریگەریەكی گەورەیان نابێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن و گۆڕینی نەخشەی سیاسی هەرێم.
2024-07-01