-
- ڤیدیۆ
بایكۆتی پێشوەختەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان دەگاتە %25
کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دوایین ئاماری تۆمارکردنی دەنگدەرانی هەرێمی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد،لە كۆی 3 ملیۆن و 798 هەزار كەس كە مافی دەنگدانیان هەیە دوو ملیۆن و 900 هەزار دەنگدەر تۆمارکراون و كارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە.ئەمەش مانای ئەوەیە بایكۆتی پێشوەختەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 900 هەزار كەسە كە دەكاتە 25% كۆی گشتی دەنگدەرانی هەرێم.واتە لە هەر چوار كەسێك كە مافی دەنگدانیان هەیە كەسێك لەئێستاوە بایكۆتی كردووە و چانسی دەنگدانی خۆی سوتاندووە.
بەپێی ئامارەكانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، لە کۆی سێ ملیۆن و 789 هەزار و 360 دەنگدەری هەرێمی کوردستان، دوو ملیۆن و 901 هەزار و 80 دەنگدەریان تۆمارکراون و کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە.
بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆن پارێزگای هەولێر بەرزترین رێژەی بایكۆتی پێشوەختەی تێدا تۆمار كراوە،بەجۆرێك لە کۆی ملیۆنێک و 366 هەزار و 462 دەنگدەر، ملیۆنێک و 16 هەزار و 357 دەنگدەر،تۆماركراون بەرێژەی 74% ی دەنگدەران،واتە 25%ی دەنگدەرانی پارێزگای هەولێر لە ئێستاوە بایكۆتیان كردووە و بەشداری هەڵبژاردن ناكەن.
هەر بەپێی ئامارەکە لە سلێمانی لە کۆی ملیۆنێک و 496 هەزار و 152 دەنگدەر، ملیۆنێک و 146 هەزار و 530 دەنگدەر تۆمارکراون،واتە رێژەی 76%ی دەنگدەرانی سلێمانی كارتی بایۆمەتریان هەیە و 23%ی دەنگدەرانی سلێمانی تۆماری بایۆمەتری دەنگدانیان نییە و لەئێستاوە دیارە كە بەشداری هەڵبژاردن ناكەن.
لە پارێزگای دهۆكیش كەكەمترین رێژەی بایكۆتی پێشوەختەی تێدا تۆمار كراوە لە کۆی 926 هەزار و 746 دەنگدەر، 738 هەزار و 193 دەنگدەر تۆمارکراون.كە دەكاتە 79%ی دەنگدەران و رێژەی بایكۆتی پێشوەختە لە پارێزگای دهۆك دابەزیوە بۆ 19%.
2024-08-07