-
- ڤیدیۆ
گفتوگۆیەک لەسەر لێواری چەقۆ سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، بایدن و ناتانیاهۆ چیان بەیەکدی وت؟
دیپلۆماتیک
شەوی ڕابردوو، ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، زیاتر لە نیو کاتژمێر، سەبارەت بە جەنگی غەززەو لوبنان و هێرشی ئێران بۆسەر ئیسرائیل و پلانی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران گفتوگۆیان کرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆشکی سپی، لە گفتوگۆکەدا، جۆ بایدن پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ شەڕکردنی ئیسرائیل دژی حیزبوڵڵا دووپات کردووەتەوە، بەڵام هۆشیاریشیداوە لەوەی کە ئیسرائیل لە هێرشەکانیدا بەجۆرێک مامەڵە بکات کە هاووڵاتیانی مەدەنی نەبنە قوربانی.
سەرباری ئەوەی کە بایدن بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر ئیسرائیل کردووەتەوە، هاوکات لەگەڵ ناتانیاهۆدا، پرسی وەڵامدانەوەی ئێران و هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران و شێوازی وەڵامدانەوەکەی گفتوگۆی لەسەر کراوە.
ئاژانسی " ئەی بی سی" نیوز لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە،کە پەیوەندییەکەی نێوان بایدن و ناتانیاهۆ لەسەر پلانەکانی ئیسرائیل بووە بۆ وەڵامدانەوەی ئێران بووە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بایدن و ناتانیاهۆ "بە درێژی باسیان لە داهاتووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیل کردووە دژی حیزبوڵڵا لە لوبنان".
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژاسی " سکای نیوز" لە گفتوگۆکەدا، ناتانیاهۆ، هۆشدارییەکانی جۆ بایدنی سەبارەت بە هێرشنەکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و دامەزراوە نەوتییەکانی ئێرانی لە بایدنەوە پێگوتراوە، چونکە ئەمەریکا
ترسی هەیە، ئەگەر ئیسرائیل ئەوکارە بکات، ئەوا شەڕو ململانێکان سەخت و دژوار دەبن و دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت.
ئاژانسی "نیویۆرک تایمز" گفتوگۆ تەلەفۆنییەکی نێوان بایدن و ناتانیاهۆی بە " گفتوگۆی لێواری چەقۆ" ناوبردووهو ئاماژەی بەوەداوە کە گفتوگۆی نێوان بایدن و ناتانیاهۆ لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا پێیانوایە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێواری چەقۆدایەو بەرپرسانی ئەمەریکاش پێیانوایە ئەگەر ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر شوێنە هەستیارەکانی ئێران وەڵامی هێرشەکان بداتەوە، ئەوا ئەنجامەکەی لە کۆنترۆڵ دەرچوونی جەنگەکە دەبێت.
لەپاش هێرشی مووشەکی ئێران و هەڕەشەی ئیسرائیل بە وەڵامدانەوەی توند، بەرپرسانی ئەمەریکاو جۆ بایدن، هۆشداری دەدەنە ئیسرائیل کە لە هێرشیدا بۆسەر ئێران، دامەزراوە ئەتۆمی و نەوتییەکان و وزە بە ئامانج نەگرێت، بەڵام لە نوێترین لێدوانیدا، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، دەڵێت، وەڵامدانەوەی ئێران کوشندەو سەرسوڕهێنەر دەبێت.
ئاژانسەکانی هەواڵ ئاماژە بەوە دەدەن کە سەبارەت بە پرسی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، لە ماوەیەکی نزیکدا، جارێکی دیکە، بایدن و ناتانیاهۆ گفتوگۆ دەکەن و ئەوەش وا لێکدەدەنەوە کە سەبارەت بە شێوازیهێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، ناتانیاهۆ نەچووەتە ژێرباری داواکانی ئەمەریکاو جۆ بایدن کە داوای بە ئامانج نەگرتنی دامەزراوە ئەتۆمی و وزەو نەوتییەکان دەکەن.
2024-10-10