ترامپ: ئێران دەیەوێت بمکوژێت
دیپلۆماتیک

ئەمڕۆ هەینی، ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست،  ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترامپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، " داواکاری نائاسایی و بێوێنەی" کردووە، دوای ئەوەی کە ڕاوێژکارەکانی کورتەنامەیان پێگەیشتووە سەبارەت بەوەی کە ئێران چالاکانە هەوڵی کوشتنی ترامپ دەدات.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ترەمپ داوای فڕۆکەیەکی سەربازیی کردووە بۆ ئەوەی لە هەفتەکانی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، ترامپ  گەشتی پێبکات، ئەمە سەرباری ئەوەی کە داوای سنووردارکردنی فڕینیان بەسەر شوێنی نیشتەجێبوون و کۆبوونەوەکانیدا کردووە.

ئەم داواکارییانەی تیمی پارێزگاری لە دۆناڵد ترامپ، دوای ئەوە دێت کە چەندان ڕێگە بۆ پاراستنی ترامپ گیراوەتەبەرو   کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی سەربازیشیان داناوە بۆ گواستنەوەی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا.


ڕۆژنامە ئەمەریکییەکە ئاشکرایکردووە، کە ئەم داواکارییانە نا ئاسایی و بێوێنەن، بەو پێیەی هیچ کاندیدێک لە مێژووی هەڵبژاردنەکاندا، پێش هەڵبژاردنەکان بە فڕۆکەی سەربازی نەگوازراوەتەوە".

ڕۆژنامەکە نووسیوویەتی کە بەپێی ئەو ئیمەیڵانەی کە " سوزی وایڵز" بەڕێوەبەری هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ترامپ لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بۆ " ڕۆناڵد ئێڵ ڕۆی جونیۆر" بەرپرسی دەزگای نهێنی ناردوو، ناڕەزایی خۆی لە دەزگای نهێنی دەربڕیوەو وتوویەتی بەهۆی کەمی کارمەندانی نهێنی بۆ پاراستنی ترامپ، کەمپینەکەی  ناچاربووە بۆنەیەکی گشتی لە کۆتا خولەکدا هەڵبوەشێنێتەوە.

سۆزی وایڵز ئاماژەی بەوەشکردوووە، هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ لەبەردەم ئاستەنگدایە بەهۆی هەڕەشەکانەوە و پێشبینیکردووە لە هەفتەکانی کۆتایی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا ڕووداوی زیاتر ڕووبدات.

بەڕێوەبەری هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی دۆناڵد ترامپ، ئەوەش وتووە کە حکومەتی ئەمەریکا نەیتوانیوە ئەو شتە پێشکەش بکات کە هەڵمەتەکە بە "پلانێکی گشتگیر" بۆ  پاراستنی ترەمپ بەڕێوە بچێت.

بەپێی دەقی ئەو نامەیەی کە ڕۆژنامەی " واشنتۆن پۆست" دەستیکەووتوە، کۆنگرێسمان " مایکل واڵتز"، کە هاوپەیمانی دۆناڵد ترەمپە، نامەیەکی بۆ دەزگای نهێنی ئەمەریکا نووسیوەو داوای فڕۆکەی سەربازی، یان پاراستنی زیاتری فڕۆکە تایبەتەکەی ترەمپی کردووە. 

" ئەنتۆنی گۆگلیێلمی" وتەبێژی دەزگای نهێنی ئەمەریکا، وەڵامی بەڕێوەبەری تیمی هەڵبژاردنی ترامپی داوەتەوەو لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: ترەمپ بەرزترین ئاستی پاراستنی بۆ دابینکراوەو حکومەت هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات کە دەتوانرێت چیدیکەی دابین بکرێت". 

ئاماژەشی بەوەکردووە:" بە بەردەوامی هاوکاری وەزارەتی بەرگری پێشکەش دەکرێت بۆ پاراستنی دۆناڵد ترامپ، سنووردارکردنی کاتی دەخەینە سەر فڕین "بەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی ترامپ و  کاتێکیش کە گەشت دەکات، ئەمە سەرباری ئەوەی کە بەرزترین ئاستی تەکنیکی ئەمنی بۆ دابیندەکرێت کە بریتین لە فڕۆکەی بێسەرنشین و سیستەمی چاودێری ئاسمانی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستیک و سیستەمی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی تر. 

کەمپەینی ترەمپ لە ٢٥ی سێپتەمبەری ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکا، دۆناڵد ترامپی  لە هەڕەشە "ڕاستەقینە و تایبەتەکان"ی ئێران بۆ تیرۆرکردنی ئاگادارکردووتەوەو هاوکات ئێران هەوڵی لەوجۆرەی بە پڕوپاگەندەو چەواشەکاری ناوبرد.
2024-10-12