توركیا كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم و كابینەی داهاتووی حكومەتی عێراق پێكدەهێنێت
هێمن باقر
بەهۆی روداوەكانی سوریاوە،هیوای یەكێتی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكی هەرێم كەمبووە

روداوەكانی سوریا و كۆتایی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد،كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ئێستاو ئایندەی هەرێمی كوردستان دەبێت،یەكێك لەو كاریگەریانەش هەژمونی توركیا دەبێت بەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی داهاتووی عێراقەوە .

دوای كەوتنی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسد و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن دەستەی تەحریر شامەوە بە سەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع،بە پاڵپشتی راستەوخۆی توركیا،هاوسەنگی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا هاتووە،بەجۆرێك بەتەواوی پاشەكشە بە نفوزی ئێرانی لەناوچەكەدا كراوە و پرۆژەی هیلالی شیعی كەوت،لە بەرامبەردا نفزی توركیا لەناوچەكەدا رووی لە هەڵكشان كردووە و بۆتە پاوەرێكی بەهێز لە ناوچەكەدا.

ئەم گۆرانكاریانە وایكردووە ئێران زیاتر بەرەو ناوەوەی خۆی بكشێتەوە و هەژمونی بەسەر وڵاتانی ناوچەكە كاڵتر بێتەوە،لەبەرامبەردا سیاسەتی دەرەوەی توركیا لەدوای روداوەكانی سوریا لە پەلهاویشتن و فراوانبوندایە و دەیەوێت جێگەی نفوزی ئێرانیەكان پڕ بكاتەوە لەناوچەكەدا،تەنانەت سعودیەی شا سەلمان لە هەموو ئەو گۆرانكاریانەی كەرویداوە و تارادەیەكی زۆریش بەدڵیەتی،بێدەنگەی لێكردووە و رۆڵی سەركردایەتی قۆناغەكەی بۆ توركیا بەجێهێشتووە.

لەم هاوكێشەیەدا توركیا بە پشتیوانی ئیمارات و قەتەر و بە گڵۆپی سەوزی ئەمریكا خەریكی دارشتنەوەی سیاسەتی ناوچەكەن لە سوریا و لوبنانەوە تا دەگاتە عێراق.



لە چوارچێوەی ئەم هەژمونە تازەیی توركیادا،دەتوانین بڵێین ئەگەر كابینەكانی دیكەی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق لەژێر هەژمونی ئێراندا پێكهێنرابن،ئەوا توركیا دەیەوێت كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم و ئەو حكومەتەش كە لەدوای هەڵبژاردنی ئەمساڵەوە لە بەغدا دێتە بوون لەژێر هەژموونی دەوڵەتی توركیادا بێت.

لە ئێستادا توركەكان هەموو تەركیزیان خستۆتە سەر پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بۆ ئەو مەبەستەش ئەردۆگان چاوی بە مەسروور بارزانی كەوت و جێگری وەزیری دەرەوەی توركیاش پەیتا پەیتا حیزبەكانی دیكە بانگ دەكاتە ئەنكەرە بۆ كۆبونەوە.

ئەوەی لەناو ئەم هاوكێشە نوێیانەدا لەهەموان زیاتر زیانی پێدەكەوێت و پێ‌ ناچێت یاریكە بەدڵی ئەو بڕوات یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە كە هەتا ئێستا خۆی و ناوچەكەشی لەلایەن توركەكانەوە وەك حیزبێك حساب دەكرێن كە هەژمونی پەكەكەیان لەسەرە و ناوچەكەشیان لەلایەن ئەجێندای پەكەكەوە بەڕێوە دەبرێت.



یەكێتی پێش گۆرانكاریەكانی سوریا داوای یەكێك لە دوو پۆستە گرنگەكەی هەرێمی دەكرد،یان سەرۆكی حكومەت یان سەرۆكی هەرێم،بەڵام ئیتر لەوانەیە كارتی ئەو داواكارییە سوتابێت،چونكە ئەردۆگان هەرچیەكی لەدەست بێت بۆ پارستنی كورسیەكەی نێچیرڤان بارزانی دەیكات،بەتایبەتی كە وەك دۆست و هاوبەشێكی گرنگ سەیری دەكات و ئەزمونێكی پەیوەندی باش و دۆستانەیان بەیەكەوە هەیە،زیاتر لەوەش ئەردۆگان هێشتا بیری نەچووە كە ئەوە نێچیرڤان بارزانی بوو لەگەڵ محەمەد بن زایدی ئیمارات ئاشتی كردنەوە و كۆتایی بەناكۆكی نێوان هەردوو وڵات هێنا.

بانگهێشتكردنی مەسروور بارزانی بۆ توركیا و كۆبونەوەی لەگەڵ ئەردۆگان بۆ موبارەكەی دروستكردنی كابینەی دەیەم بوو بەجۆرێك نزیكایەتی و خواستی توركیای تێدا رەچاو بكرێت؟
لەو چوارچێوەیەشدا توركمانەكانی هەرێم جگە لە وەزارەتێك جێگرێكی سەرۆكی هەرێمیش وەردەگرن كە پێدەچێت بۆ ئایدن مەعروف دانرابێت.

ئەم نفوزەی توركیا دەگوازرێتەوە بۆ هەژمونی بەسەر هەڵبژاردنی ئایندەی عێراق و پێكهێنانی حكومەتی عێراقەوە.
وادیارە هەر لە ئێستاوە سودانی بە باشی لە هاوكێشەكە تێگەیشتووە بۆیە دەستی كۆمپانیا توركیەكانی لە عێراقدا بەتەواوی واڵا كردووە.
2025-01-08