دیبلۆماتیك
تەكنەلۆژیا سەربازییەكان لەوپەڕی پێشكەوتن و گەشەسەندندان، بەڵام هێشتا ئەسپ و گوێدرێژ دەتوانن ڕۆڵی گەورە بگێڕن لە مەیدانی ئەو جەنگانەدا كە نوێترین ئامێرەكانی شەڕكردنیان تێدا بەكار دەهێنرێت.
لەناو ئەو هەموو تەكنەلۆژیا جۆراوجۆرو زەبەلاح و پێشكەوتووە جەنگییەدا، ئێستا ئەسپ و گوێدرێژ ڕۆڵێكی گەورە بۆ ڕووسیا لە جەنگەكەدا دەبینن.
ئێستا ئەسپ و گوێدرێژ، لەو جەنگە گەورەو فراوانەدا كە سێ ساڵە كڵپە دەدات، جێگەی ئۆتۆمبێلە پێشكەووتووەكانیان بۆ ڕووسیا گرتووەتەوەو بەو تاكتیكە كۆنە سەربازەكانی لەو تەكنەلۆژیا سەربازییە هەرە پێشكەوتووە دەپارێزێت كە سوپای ئۆكرانیا بەكاری دێنێت.
لە هێڵی پێشەوەی جەنگەكەدا، بەتایبەت لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئۆكرانیا، سوپاو سەربازانی رووسیا لە لایەن درۆنەكانی سوپای ئۆكرانیاوە پەرێشان كراون.
فڕۆكە بێفڕۆكەوانە پێشكەوتووەكان، لەبەرانبەر سوپای زەبەلاح و بێشووماری ڕووسیادا، ڕۆڵێكی گەورە لە جەنگەكەدا بۆ سوپای ئۆكرانیا دەگێڕن و شارەزایانی سەربازی بە فریادڕەس و ڕزگاركەرو هۆكاری مانەوەی سووپای ئۆكرانیای دەزانن.
لەبەشی پێشەوەی جەنگەكەدا، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئۆكرانیا بە ئاسانی دەتوانن ئۆتۆمبێلە سەربازییە پێشكەوتووەكانی سوپای ڕووسیا بپێكن، جگە لەوەی كە ڕێیان لە پێشكەوتنی سوپای ڕووسیا گرتووە، هاوكات كێشەی گەورەشیان بۆ درووستكردن و بە ئاسانی ڕێگە نادەن كە كەلوپەل و پێداویستییەكان بگاتە سەربازانی ڕووسیا لە هێڵەكانی پێشەوەی جەنگەكە.
درۆنەكانی سوپای ئۆكرانیا، هەر زوو دەگەنە سەر ئۆتۆمبێلەكانی سوپای ڕووسیاو دەیانكەنە نێچیرو تێكیان دەشكێنن، بۆیە سوپای ڕووسیا بۆ گواستنەوەی كەلوپەل و پێداویستی و خۆراك و دەرمان و گواستنەوەی بریندارەكان و خۆ لادان لە مەترسی درۆنەكان، ئەسپ و گوێدرێژ بەكاردێنێت.
بەپێی ڕاپۆرتێكی "ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی، ڕووسیا لە شەڕی دژی ئۆكرانیادا ئەسپ و گوێدرێژ بەكاردەهێنێت بۆ گەیاندنی پێداویستی و گواستنەوەی سەرباز بەبێ ئەوەی سەرنجی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئۆكرانی ڕابكێشێت، چونكە ئەو فڕۆكانە بە ئاسانی دەتوانن ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و جوڵاو لە نزیك هێڵی پێشەوە دەستنیشان بكەن و بیپێكن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئەمەریكییەكە، كەمی خۆراك و كەلوپەل و پێداویستییەكان لە بەشی پێشەوەی جەنگەكە وای لە سووپای ڕووسیا كردووە كە بۆ خۆ دزینەوە لە درۆنەكانی ئۆكرانیا ئەسپ و گوێدرێژ بەكاربێنن.
ڕۆژنامە ئەمەریكییەكە لە زاری ژەنەڕاڵ ڤیكتۆر سۆبۆلێڤی ڕووسییەوە لە مانگی ڕابردوودا بە دەزگایەكی ڕاگەیاندنی لایەنگری ڕووسیای ڕاگەیاندووە بڵاویكردووەتەوە كە سوپای ڕووسیا تووشی كێشەی گەورەبووە بووە لە دابینكردنی تەقەمەنی و كەرەستەو خۆراك بۆ زۆرێك لە یەكە سەربازییەكان لەبەشی پێشەوەی جەنگەكە، بۆیە پەنای بۆ بەكارهێنانی ئەسپ و گوێدرێ بردووە.
ژەنەڕاڵە ڕووسییەكە ئەوەشی وتووە كە كوشتنی گوێدرێژێك باشترە لەوەی دوو سەرباز لەناو ئۆتۆمبێلێكدا بكوژرێن كە كەرەستەو پێداویستی شەڕو خۆراكی هەڵگرتووەو دەیەوێت بێگەیەنێتە یەكەكانی پێشەوەی جەنگەكە.
سەربازانی ئۆكرانیا بە ڕۆژنامەكەیان ڕاگەیاندووە كە بۆیەكەمجار لە دیمەنە ڤیدیۆییەكاندا سەربازە ڕووسەكانیان بینیوە كە سواری ئەسپ و گوێدرێژ بوون و ئەوان ئەوكارەیان بەكارێكی زۆر داهێنەرانە گوزارشت لێكردووە.
هەمان ئەو كێشەیەی كە فڕۆكە بێفرۆكەوانەكانی ئۆكرانیا بۆ سوپای ڕووسیایان درووستكردووە، درۆنەكانی ڕووسیا بۆ سوپاو سەربازانی ئۆكرانیایان درووستكردووە.
جیاواز لە تەكنیكە كۆنە سەربازییەكەی ڕووسیا، سوپای ئۆكرانیا بۆ خۆدزینەوەو خۆ قوتاركردن لە فڕۆكە بێفڕۆكەوانە ڕووسییەكان و گەیاندنی پێداویستی و هاوكاری بۆ بەشی پێشەوەی جەنگەكە، عەرەبانەی دەستی و عەرەبانەكانی بازاڕكردن و ماتۆڕسكیل بەكاردێنێت.
وەكو لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئەمەریكییەكەدا هاتووە، بەكارهێنانی ئەسپ و گوێدرێژ بەشێكی بنەڕەتی و ناوەندی نییە لە ئۆپەراسیۆنەكانی ڕووسیا دژ بە ئۆكرانیا، بەڵام پەنابردنی سوپای ڕووسیا بۆ ئەم تاكتیكە هێمایە بۆ ئەوەی كە لەسەردەمی شەڕی تەكنەلۆژیاو ئامێرە هەرە پێشكەووتووە جەنگییەكاندا، ئامێرو كەرەستە كۆنەكان هێشتا دەتوانن ڕۆڵ بگێڕن و كاریگەربن.
2025-03-13