مانگى هەنگوینى بارزانى و سەدر کۆتایی دێت؟

سەدر دەیەوێت، هاوپەیمانەکانى پەلکێشى ئەو گەمەیە بکات کە دەستیپێکردوە، پەرلەمانى عێراق بە پاڵپشتى پارتى لە کورد و حەلبوسى لە سوننەکان جێبەجێ بکات، بەڵام وادیارە دۆخەکە گۆڕاوە و چیتر ئەو دوو لایەنە ئامادە نین بچنە ژێر بارى داخوازییەکانى سەدرەوە.

لە چەند رۆژى رابردوودا، وەزیرى سەدر، داواى لە پارتى و حەلبوسى کرد، لە پەرلەمان بکشێنەوە، تاوەکو پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و عێراق بەرەو هەڵبژاردنى پێش وەخت بڕوات.

لەکاردانەوەى ئەو داواکارییەدا، جەعفەر ئیمینیکى، ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى دەڵێت، چاره‌سه‌ری په‌رله‌مان ده‌ستوری و سیاسییه‌، رێگای ده‌ستوری دیاره‌ و رێگای سیاسیش ده‌بێت به‌ ته‌وافق بێت، له‌كاتی خۆی كه‌ براده‌رانی سه‌در له‌ په‌رله‌مان كشانه‌وه‌، ئێمه‌ توشی سه‌رسوڕمان بوین، بۆ هێزێكی وا گه‌وره‌ هه‌نگاوێكی له‌وجۆره‌ ده‌نێت؟، ئێستاش ئه‌و داوایه‌ لای ئێمه‌ جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ و رێگای دروست ته‌وافق و سیاسییه‌

ئەو ئەندامەى مەکتەبى سیاسى پارتى وتیشى، پەرلەمان به‌ عه‌مه‌لی په‌كخراوه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ ئێمه‌ لاریمان نیه‌، به‌ڵام رێگه‌ی دروستی خۆی با هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، نه‌ك به‌ كشانه‌وه‌ی پارتی و سوننه‌كان، ئه‌وه‌ رێگه‌ی دروست نیه‌، هیچ داوایه‌كیشمان به‌ فه‌رمی بۆ كشانه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان له‌ سه‌دره‌وه‌ پێنه‌گه‌یشتوه‌.

داواکارییەکانى سەدر لە هاوپەیمانەکانى بەوەشەوە نەوەستاوە، داوا دەکات قبوڵى ئەوە بکەن، تاوەکو هەڵبژاردنى پێش وەخت دەکرێت، سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانى ئێستا لە پۆستەکانیاندا بەردەوام بن.

بەڵام وادیارە ئەم داواکارییە لە داواکارییەکەى پێشتر قورسترە بۆ پارتى، بەوپێیەى پارتى دیموکراتى کوردستان، خوازیارە رۆژێک زوتر، د. بەرهەم ساڵح لە پۆستى سەرۆک کۆمار دوور بخرێتەوە، بۆیە ڤیان دەخیل، وتەبێژى فراکسیۆنى پارتى دەڵێت، ئاساییە بەلایانەوە کازمى لە پۆستەکەى بەردەوام بێت، بەڵام رازى نین، د. بەرهەم ساڵح، لە پۆستەکەی بەردەوام بێت، تا ئەوکاتەى هەڵبژاردنى پێشوەخت دەکرێت.

ئەم دوو داواکارییە و رەتکردنەوەى لەلایەن پارتیەوە، گرژى بۆ پەیوەندییەکانى سەدر و بارزانى دروست کردوە و هەنگاوێک و دوان زیاتر ئەم دوو هاوپەیمانەى لەیەکتر دورخستۆتەوە.

2022-09-10