بە ئامانجگرتنی بنكەی سەربازی ئەمریكیەكان لە هەولێر و بنكەیەكی سەربازی توركیا لە زێلیكا لە یەك شەو و لە یەك كاتی نزیكدا، خوێندنەوەی زۆر هەڵدەگرێت، وێنە گەورەكە زۆر پەیام و زۆر گومان هەڵدەگرێت، بۆچی هێرش بە فرۆكەی بێ فرۆكەوان؟ بۆ لەیەك كاتدا ئەمریكا و توركیا كرانە ئامانج؟ ئەمریكا تاچەند ئاگاداری ئەم هێرشە بوو؟ لەكاتێكدا چەند كاتژمێرێك پێش هێرشەكە كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر وتی، ئەگەر عێراق نەتوانێت بمانپارێزێت، ئەوا بەرێگای خۆمان، خۆمان دەپارێزین.
هێرشەكەی دوێنێ شەو، تا رادەیەك لەڕووی جۆرایەتی و شێوازەوە، جیاواز بوو لە هێرشەكانی پێشووتر، چونكە هێرشەكانی دیكە بە موشەك و زیاتریش بەجۆری كاتیۆشا بوون، بەڵام ئەم هێرشە بە فڕۆكەی درۆن ئەنجامدرا، واتە كردەوەی گروپەكانی پێشووتر نییە، بەڵكو دەكرێت ئەم هێرشە گروپێكی نەناسراوی نزیك لە ئێران ئەنجامی دابێت، كە تاڕادەیەكی زۆر نزیك بن لە فكر و هاوشێوەی حوسیەكانی یەمەن، چونكە حوسییەكان لە هێرشەكانیان بۆ سەر سعودیە، چەندین جار فرۆكەی بێ فڕۆكەوانیان بەكار هێناوە، لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین ئەنجامدەری ئەم هێرشە گروپێكی هاوشێوەی حوسیەكانی نزیك لە ئێران ئەنجامی داوە.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا هێرشێكی ئەلیكترۆنی كرایە سەر وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز لە باكوری پارێزگای ئەسفەهان، دواتریش بەرپرسانی ئێرانی و بە دیاری كراوی حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران، ئیسرائیلی بە ئەنجامدەری هێرشەكە تۆمەتبار كرد و ڕایگەیاند" دەستتان دەبڕین كاتێك تاوان لە دژی ئێمە ئەنجام دەدەن"، ئێران بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی ئەمریكی یان ئیسرائیلی، عیراق دەكاتە بژاردەی خۆی، بۆ نموونە كاتێك قاسمی سولەیمانی كوژرا، بنكەی عەین ئەسەدی كردە ئامانج، هەروەها لە چەندین كاردانەوەی دیكەش هەر هێرشەكانی بۆ سەر بنكەكانی ئەمریكا لە عیراق بووە، هۆكاری ئەوەی كە ئێران عیراق هەڵدەبژێرێت، ئەوەیە كە لە ڕووی جوگرافیاوە ئەمریكای لەبەردەست نیە، كە ڕاستەوخۆ هێرشی بكاتە سەر، بۆ ئیسرائیلیش نایەوێت كاردانەوەكانی ببێتە جەنگێكی گشتگیر، كە ئێران لە ئێستادا لەڕووی سەربازی و ئابوری و ناوخۆییەوە ئامادەی ئەو جەنگە نییە، كەواتە دەكرێت ئێران لە وەڵامی هێرشەكەی سەر نەتەنز ئەم هێرشەی ئەنجام دابێت و بە گروپێكی نزیك لە خۆی كە باس لەگروپی "صابرین" دەكرێت،بە شێوەیەكی جیاواز هێرشەكەی كردبێت.
پێش چەند كاتژمێرێك لە هێرشەكە، ڕۆب واڵەر كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر ڕایگەیاند" ئەگەر عیراق نەتوانێت پارێزگاریمان لێبكات، ئەوا ئێمە بەڕێگای خۆمان، خۆمان دەپارێزین"، ئەم وتانە گەواهیدەری ئەو ڕاستیەیە كە ئەمریكا ئاگاداری نیازی هێرشێك بووە، یان ترسی هەبووە كە لە نزیكترین كاتدا هێرشی دەكرێتە سەر، هەروەها پنتاگۆنیش ئەم ڕاستیەی پشت ڕاست كردەوە.
هەرچی پەیوەست بە بە ئامانجگرتنی بنكەیەكی سەربازی توركی لە زیلێكا لە قەزای شێخان، ئەوە دەكرێت توركیا وەبەرهێنان لە هێرشەكەدا بكات و بیاكاتە بیانوییەك بۆ ئەنجامدانی هێرش و ئۆپراسیۆن بەناوی وەڵامی هێرشەكەوە، لەو ڕوانگەیەوە فوئاد ئۆكتای جێگری سەرۆكی توركیا لە تویتێكیدا سەرباری سەرەخۆشی لە كوژرانی سەربازێكیان لە بنكەیەكی سەربازی وڵاتەكەیان لە نزیك شاری موسڵ، وتی:"ئەو هێرشە خائینە بە بێ وەڵامی هاوشێوە تێناپەڕێت".
،،
توركیا دەیەوێت بەم هێرشە وا خۆی نیشانبدات، كە لەگەڵ ئەمریكا هەردووكیان كراونەتە ئامانج و یەك دوژمنیان هەیە، كە لای توركیا پەكەكەیە، بۆیە زۆر نزیكە توركیا ئەم كردەوەیە لەلایەك بۆ خۆ نزیككردنەوە لە ئەمریكا و لەلایەكی دیكەشەوە بۆ هێرشكردنە سەر پەكەكە لە هەرێمی كوردستان بەكاریبهێنێت.
لە ئەنجامی لێكدانەوە بۆ ئەم هێرشە و لایەنەكانی و ڕووداوە هەرێمیەكان، دەگەینە ئەو ڕاستیەی كە عیراق و هەرێم ڕووبەڕووی دۆخێكی خراپی ئەمنی دەبنەوە، كە لایەنە دەرەكی و گروپە ناوخۆییەكان ڕۆڵی سەرەكی تێدا دەبینن، ناوچەكە دەكەنە مەیدانی ململانێی و وەڵامی هێرشەكانیان.