ئەفغانیەكان لە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا چارەنوسیان بەرەو كوێ؟

2021-04-17

جۆبایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، پەیمانی دا بە هاتنی 11ی سێپتەمبەری ئەمساڵ، تەواوی هێزەكانی لە ئەفغانستان بكێشێتەوە،هەروەها كۆتایی بە درێژترین جەنگ لە مێژووی وڵاتەكەیدا بهێنێت، كە 20 ساڵی خایاند.


بایدن دووپاتی كردەوە، كە " ئەفغانیەكان مافی خۆیانە فەرمانڕەوایەتی وڵاتەكەیان بكەن" هەروەها " هێزە بینایەكان ناتوانن حكومەتێكی سەقامگیر دروست بكەن"، دەشڵێت:" لە ساڵی 2001دا چووین بۆ ئەفغانستان، بۆ ئەوەی قاعیدە لەناو بەرین"، بەڵام بایدن هەستی بە مەترسیەكانی تیرۆریش كردووە و دەڵێت:" چاومان لەسەر تیرۆر دەمێنێتەوە"، ئاماژە بەوەش دەكات كە" ئەوەی لە ئەفغانستان هەوڵمان بۆی دا، ڕێگری كردن لە گەڕانەوەی قاعیدە و هەڕەشەكانی تیرۆر بوو".

،،

پاشەكشێی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان،لەوەیە سەرەتای قۆناغێكی قورس و زەحمەت بێت بۆ گەلی ئەفغانی، چونكە ئەوان ترسیان لە داهاتووی خۆیان هەیە و زۆر پرسیار لە داهاتووی خۆیان دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەكەن.


وەحیدە سادقی، تەمەن 17 ساڵ، كە خوێندكاری قۆناغی یازدەی خوێندنگای بردیسی ناوەندییە لە كابوڵی پایتەخت، دەڵێت:"من لە داهاتووی خۆم زۆر ڕاڕام"، دەشڵێت:" ئەگەر تاڵیبان دەسەڵات بگرنەوە دەست، ئەوە من ناسنامەی خۆم بزر دەكەم، ئەوە پەیوەستە بە بوونی منەوە، كارەكە پەیوەست نیە بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا".


ئەو كچە خوێندكارە باس لەوەش دەكات كە" من لە ساڵی 2004 لەدایك بووم، هیچ بیرۆكەیەكم لەسەر كردەوەكانی تاڵیبان دەرحەق بە ژنان نیە،بەڵام باش دەزانم، كە ژنانیان لە هەموو شتێك قەدەغە كردووە".


ڕۆژنامەی " نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكی باس لەوە دەكات، كە نا دڵنیایی باڵی بەسەر هەموو لایەنەكانی ژیانی ئەفغانیەكان كێشاوە، هیچ ڕوون نیە داهاتوو چی لێدێت، كاتێك شەڕ دەوەستێت و هێزەكانی ئەمریكا دەكشێننەوە.


هەموو شتێك لەدەستدەدرێت
ئەو كچە خوێندكارە ئاماژە بەوە دەكات، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، سەركردەكانی ئەمریكا بەڵێنی ئاشتی و گەشەی دیموكراتی و كۆتایی جەنگ و مافەكانی ژنانیان دەدا،بەڵام ئێستا ترسێك هەیە، بە ڕۆیشتنی ئەمریكیەكان هەموو شتێك لەدەستبدرێت.
بزووتنەوەی تاڵیبان سورە لەسەر ئەوەی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا بچەمێنێتەوە، هەروەها دوای ئەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەكشێننەوە، زۆر باس لە جەنگی ناوخۆیی دەكرێت.

ڕابردوو، داهاتوویەكی نادیار و جەنگی ناوخۆیی نیشاندەدات:
لەو كاتەوەی حكومەتی ئەفغانستان و بزووتنەوەی تاڵیبان لە قەتەر دەستیان بە دانوستان كردووە، توندو تیژی لە نێوانیاندا زیادی كردووە،بەشێوەیەك ژمارەی كوژراوانی مەدەنیش هەر زیادی كردووە،رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ ئەفغانستان ئاشكرای كرد، لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، تاكو ئێستا 573 كەسی مەدەنی كوژراون و هەزار و 210 كەسی دیكەش بریندار بوون، واتە بە ڕێژەی لە سەدە 29 بە بەراورد بە ساڵی 2020 زیادی كردووە.
رۆژنامە ئەمریكیەكە ئاماژە بەوەش دەكات، كە بزووتنەوەی تاڵیبان نزیكە بۆ دەسەڵات بگەڕێتەوە و حكومەتێكی توندڕەو پێكبهێنێت، دوای ئەوەش ژنان لە هەموو چینەكانی دیكە مەترسیان زیاتر لەسەر دەبێت.

،،

كاتێك بزووتنەوەكە لە ساڵی 1996 بۆ 2001 دەسەڵاتیان بەسەر ئەفغانستاندا سەپاند، ڕێگریان لە ژنان كرد هیچ كارێكی دەرەوە بكەن و لە خوێندن بێ بەشیان كردن، هەروەها وایان لێكردن كە لە ماڵەكانیاندا زیندانی بن.


فاتیمە جیلانی، دانوستانكاری حكومەتی ئەفغانستان لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبان دەڵێت:" یەك شت هەیە كە دووپاتی بكەینەوە، ئێستا كاتی ئەوەیە فێر ببین كە پشت بە خۆمان ببەستین، ژنانی ئێستای ئەفغانستان تەواو جیاوازن،ئەوان ئێستا لە ولاتدا هێزن، هیچ كەسێك ناتوانێت لە مافەكانیان بێ بەشیان بكات".
ئەوەی لە ماوەی ساڵانی 1996 بۆ 2001 لە ئەفغانستان لەسەر دەستی بزوتنەوەی تاڵیبان ڕوویداوە، وای لە خەڵكی ئەفغانستان كردووە، كە لە داهاتووی خۆیان بترسن، چونكە ڕابردوویەكی خراپیان لەگەڵ بزوتنەوەكە هەیە.

جەنگی ناوخۆیی:
ترس لە داهاتووی وڵات، تەنها لای ژنان و گەلی ئەفغان بوونی نیە، بەڵكو ترسەكە گەیشتۆتە كۆشكی سەرۆكایەتی لە كابوڵ، بۆیە ئێستا هەمووان لە داهاتووی خۆیان دڵنیا نین.
بزوتنەوەی تاڵیبان چەندین جار داوەی ئەشرەف غەنی سەرۆكی وڵات كردووە، دەست لەكاربكێشێتەوە بۆ ئەوەی حكومەتێكی كاتی پێكبهێنرێت، واتە تاڵیبان حكومەت پێكبهێنێت، بەڵام غەنی ئەم داوایەی ڕەتكردۆتەوە،لەبری ئەمە داوای هەڵبژاردنی كردووە، بۆیە جەنگ و كوشتن لە نێوانیاندا ڕوویداوە.
تۆریك فەرهادی، ڕاوێژكاری حامید كارازای سەرۆكی پێشووی ئەفغانستان، دەڵێت:" لە راستیدا هەڵبژاردنی پاك و ئازاد لە دۆخی جەنگدا زەحمەتە،بەڵكو ئەمە دەبێتە مایەی زیاتری توندوتیژییەكان".
كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، بەبێ گومان زەبرێكی كوشندە دەبێت لە مەعنەویەتی هێزە ئەفغانیەكان، كە لەسەرانسەری وڵات و لە خاڵەكانی پشكنین بڵاوەیان پێكراوە.