ڕووسیا ئامادەیە بۆ تۆڵە كردنەوە

2021-04-17

ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە ئاڕاستەی ئاڵۆزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ڕوسیا هەنگاو دەنێت، هۆكارەكەشی بۆ دەستوەردانی مۆسكۆ لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ئەمریكا دەگێڕێتەوە، كە لە بەرژەوەندی جۆبایدن و شكستی دۆناڵد ترامپ یەكلایی بوویەوە، پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بە شێوەیەك ئاڵۆز بووە، كە بە ئاڕاستەی جەنگی ساردی نێوان هەردوو وڵاتە.

،،

هەرچەندە ئەوەی پێی دەوترێت جەنگی سارد لە نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و یەكێتی سۆڤیەت، پێش 32 ساڵ لەمەوبەر كۆتایی هات، بەڵام گرژی و ناكۆكیەكانی نێوان ئەو دوو زلهێزەی جیهان، بەوێنەی جیاواز و ڕەهەندی دیكەوە، جەنگی ساردی نێوانیان نمایش دەكەن، چەمكەكە بۆ ناكۆكی نێوان دوو وڵات بەكاردەهێنرێت، كە ڕووبەڕووبونەوەی سەربازی تیایدا ڕوونادات.

ئەمڕۆ جیهان بە نیگەرانیەوە سەیری ئاڵۆز بوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ڕوسیا دەكات، چونكە ناكۆكیەكانیان گەیشتۆتە ئاستی " كوڵان"، ئەمەش كاتێك ڕوویدا كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی دوو دیپلۆماتكاری ڕوسی دەركرد و ئاشكرای كرد، كە كاریان دژی ئەمریكا كردووە،هەروەها سەرۆك بایدن هەڕەشەی ئەوەی كرد، كە تا دواین خاڵی سزادانی ڕوسیا دەڕۆن، سزاكانی ئەمریكاش خۆی لە كۆمەڵێك سزای ئابوری و سیاسی و كەسایەتی دەگرێتەوە، ئەمریكا لە بەرامبەر دەستوەردانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ئەمریكا و هێرشی ئەلیكترۆنی ڕوسیا بۆ سەر ئەمریكا لە كۆتاییەكانی ساڵی 2020، قەیرانی ئۆكرانیا، بڕیاری سەپاندنی سزای داوە،لە بەرامبەریشدا ڕوسیا بە خێرایی وەڵامی سزاكانی ئەمریكای دایەوە و دووپاتی كردەوە، كە بە بێ دواكەوتن هاوشێوەی واشنتن هەنگاو دەنێت.

ئەوەی ئەمڕۆ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا ڕوودەدات، ناتوانرێت پێی بووترێت" سەرهەڵدانەوەی جەنگی سارد"، چونكە لە ئێستادا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە هەموو وڵاتانی جیهان پەلكێشی جەنگەكە بكەن،چونكە چین هەرچەندە خاوەن هێزی ئابوری و سەربازییە، بەڵام لە هەردوو وڵاتەوە دوورە و كار لەسەر فراوان كردنی هەژمونی خۆی دەكات و پلانەكانی تێكنادات، هەرچی پەیوەست بە هاوپەیمانێتی باكوری ئەتڵەسی " ناتۆ" و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و بەریتانیایە، هەرچەندە ئەم وڵاتانە پشتگیری خۆیان بۆ ئەمریكا دووپات كردۆتەوە، بەڵام دۆخی ئێستا تەواو لە نیوەی چلەكانی سەدەی ڕابردوو بۆ سەرەتاكانی نەوەدەكان جیاوازە،چونكە بزووتنەوەیەكی شیوعی ڕادیكاڵی لە ئەوروپای ڕۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونی نیە، كە ئەمریكا بیەوێت لە ڕەگەوە هەڵیبكێشێت، هەروەها ڕوسیاش پاڵپشتی لە هیچ بزووتنەوەیەكی شیوعی لەسەرانسەری جیهان ناكات، بەتایبەت لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ئەمریكای لاتین و وڵاتانی باشور و رۆژهەڵاتی ئاسیا.

،،

ئەوەی ئەمڕۆ لە نێوان ئەو دوو وڵاتە ڕوودەدات، تێپەڕاندنی جەنگی ساردی نێوانیانە، ئەوان ئێستا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ جەنگەكە دەكەن، واتە جەنگی بە وەكالەتەكانیان دەكەن، كە تەواو جیاوازە لەوەی پێشووتر،ئەوان ئێستا كار بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆیان و كۆكردنەوەی سەرچاوەكان و كۆنترۆڵ كردنی بازاڕەكان دەكەنەوە.


ڕوسیا و ئەمریكا ناكۆكیەكانیان بە ناونیشانی دیكەوە پەردە پۆش دەكەن.
پێدەچێت هۆكاری گرژی نێوان ڕوسیا، تەنها پەیوەست نەبێت بە دەستوەردان لە هەڵبژاردن و قەیرانی ئۆكرانیاوە، بەڵكو لەوەیە پەیوەست بێت بە كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان، چونكە كشانەوەكە بە شكستی ئەمریكا و سەركەوتنی بزوتنەوەی تاڵیبان دادەنرێت و بایدن دەیەوێت لەم ڕێگایەوە چاوی جیهان لەسەر ئەفغانستان لابەرێت.

ناكۆكیەكان هەرچیەك بێت و لەژێرهەر ناوێكدا بێت، بەدوور دەزانرێت لەم ئاستەی ئێستا زیاتر پەرە بسێنێت، چونكە سەرۆك بایدن بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، كە ئێستا كاتێكی گونجاوە بۆ كەمكردنەوەی ناكۆكیەكان لەگەڵ ڕوسیادا، لە بەرامبەریشدا ڕوسیا بەڵێنی داوە، هەمان هەنگاوی ئەمریكا بگرێتە بەر، واتە بە زیادبوونی ئاڵۆزییەكان، كاردانەوەی توندی دەبێت و بە هێور كردنەوەی دۆخەكە، هەنگاو بۆ هێوركردنەوە دەنێت، هەروەها سەرجەم تۆمەتەكانیش ڕەت دەكاتەوە.