تەنیا لە هەفتەیەکدا

2021-04-20

هیوا سەید سەلیم

" لە هەولێر پیاوێک هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی خەزورەکەی کۆتایی بە ژیانی هاوسەرەکەی دێنێت. لە گەرمیان ئافرەتێکی تەمەن بیست ساڵە لە نێو ماڵەکەی خۆیدا خۆی هەڵواسی و گیانی لەدەستدا. لە ناحیەی شوانی کەرکوک کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵان خۆی کووشت. ژنێکی تەمەن ١٩ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا لە سلێمانی خۆی هەڵواسی. لەگەڵ هەموو ئەو تاوانانەی ژنکوژیدا لە سەید سادق ژنێک بە چەقۆ مێردەکەی خۆی کووشت".

ئەمانەی سەرەوە رووداوی بڵاوکراوەی تەنیا یەک هەفتەی سنووری هەرێمی کوردستان بوون، لەوانەی زۆرێک لە رووداوی لەو شێوە مابن، بەڵام پەردەپۆش کرابن.
شایانی باسە ئەو ئامار و زانیاریانەی کە سەبارەت خۆکوشتن و ژن کوششتن بڵاودەکرێنەوە ئاماری مەترسیدارن، چونکە وابروات ئەو تاوانانە لە چەند حاڵەتێکی ئاساییەوە دەبن بە دیاردە.


کوشتنی ژنان لە کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان تاکە دیاردەی توندوتیژی نیە کە بەرامبەر ئەو توێژە ئەنجامدەدرێت، بگرە دیاردەی تەڵاقدان، و هەڵوەشاندنەوەی خێزان هەر وەک ئاماری کووشتن بگرە زۆریش زیاتر ئیشتا دیاردەیەکی خراپی کۆمەڵگای ئێمەیە کە بەپلەی یەکەم ژنان باجە گەورەکەی دەدەن.
توندوتیژی خێزانی و فشارەکانی تۆرەکۆمەڵایەتیەکان بۆ سووکایەتیکردن بە ژنان و کچان، بەشێکی ئەو فشارە فیزیکی و دەرونیەن کە دەخرێنە سەریان، بۆیە بۆ رێگری لە دیاردەی کووشتن و خۆکوشتن و فشارەکانی سەر ژنان پێویست دەکات کە هەڵوەستەیەکی جدی لەسەر یەکێک لە هۆکارەکانی پشتی ئەو دیاردەیە بکرێت کە ئەویش بێکاری و هەژاریە.

،،

بە پێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن ناوندە فەرمیەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاودەکرێنەوە، دەبینین کە تا دێت رێژەی بێکاری زیاتر دەبێت، کە ئەمەشیان بە دەوری خۆی کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بڵاوبوونەوەی هەژاری لە کۆمەڵگا.


شایانی باسە ئامارەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە ژنانی بێکار لە عێراق و هەرێمی کوردستان ژمارەیان دوو هێندەیە بە بەراورد بە پیاوان. بۆ نموونە ئەگەر ئاماری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەرگرین کە ساڵی ٢٠٢٠ سەبارەت بە بێکاری لە عێراق بڵاوکراوەتەوە دەبینین ٨٥٪ ئەو خەڵکە بێکارەی عێراق لە توێژی ژنانن.
لە راپۆرتێکی سەنتەری ئاماری هەرێمی کوردستانیش هاتووە کە رێژەی بێکاری لە شارەکانی هەرێم گەیشتۆتە ١٤٪. لەو رێژەیەدا پشکی ٦٩٪ بەر ژنانی هەرێمی کوردستان دەکەوێت.


بەدەر لە بێکاری و دیاردەی هەژاری، کە وەک هاوکێشەیەک کاریگەریان لەسەر بەرزبووننەوەی ئاستی تاوان هەیە، لە کۆمەڵگای ئێمە نەبوونی هۆشیاری و کاریگەری میدیا و هونەری هاوردەکرا، بە تایبەت لە زنجیرە فیلمە دۆبلاژکراوەکان، و خراب بەکارهێنانی سۆشیالمیدیا هۆکارن بۆ تەشنەسەندنی ژنکوژی.


شایانی باسە بە مەبەستی رێگری لەو دیاردەیە، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان لە لایەن دەزگا فەرمیەکان و رێکخراوەکانی ژنان چەند هەفتەیەک تەرخان دەکرێت بۆ دژایەتیکردنی دیاردەی خۆکوشتنی ژنان و ژنکووشتن، بەڵام هەر ئەو ئامارانەی کە لەسەرەتادا ئاماژەمان پێدان ئەوەمان پێدەڵێن کە ئەو چالاکیانە نەک لەو دیاردەی کەم نەکردۆتەوە بگرە وەک پێویست لەسەر هۆکارەکانی ئەو دیاردەیەش نەوەستاوە.


بۆیە دەڵێین ئەگەر حکومەت و دەزگا فەرمیەکان لە خەمی نەهێشتنی دیاردەی ژنکوژیدان لە هەرێمی کوردستان، دەىێت هەرچی زووە بیرێکی جدی لە چاککردنی ژیانوگوزەرانی خێزانی کوردی بکەنەوە.


لێرەدا ئەو بەبیر حکومەتی هەرێمی کوردستان دەهێنینەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ تاکو ئێستا لێشاوێک لە کوڕ و کجی هەرێمی کوردستان لە زانکۆ و پەیمانگاکان خوێندنیان تەواوکردووە بەڵام ئەوانە نەبێت کە خۆتان مەبەستانە هیچیان نەک هەر لە کەرتی گشتی دانەمەزراون، بگرە بە هۆی قۆرغکاریەوە لە کەرتی تایبەتیش بواری کارکردنیان پینادرێت..

،،

دواجار دەڵێین بەرهەمی مانەوی کچ و ژنان لە چوارچێوەی دیواری ماڵەوە بریتی دەبێت لەوەی رۆژانە دەیبیستین لە کوشتن و خۆکوشتنی ژنان.


بۆیە دەبێت بزانن، چارەسەری ئەو دیاردەیە بە درووشم بازی ناکرێت، بگرە بە گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە و باشکردنی ژیانوگوزەرانی خەڵک، و رەخساندنی هەلی یەکسان بۆ کارکردن لە کەرتی گشتی و تایبەت، بۆ کچ و کوڕی بێکاری ئەو هەرێمە دەبنە هۆکاری سەرەکی کەمکردنەوەی دیاردەی ژنکووژی. بەو ئاڕاستەیە هەنگاونەنێن لە هەرێمی کوردستان ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکەوێتە بەردەم مەترسی زیاتر.