هاندەر وەک مشتەری و کڕیار !

2021-04-21

دکتۆر: عەلی زەڵمی

لە میانی هەفتەی رابردوودا بابەتی سوپەرلیگ نەک تەواوی میدیاکانی ئەوروپای وروژاند بەڵکو زۆربەی وڵاتانی جیهانیشی گرتەوە، هەر زوو بویە بابەتێکی سیاسی و هەروەها گڵۆباڵیش لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ لەهەمووکات زیاتر جیهانی وەرزش و بەتایبەتی تۆپی پێ بەهۆی تەکنەلۆژیایی گەیاندن لەسەرانسەری دونیادا هەواداری هەیە. فکرەی سوپەرلیگ لەلایەن هەندێ سەرمایەداری ئەمەریکیەوە بوو کە خاوەندارێتی یانەکانی مانیونایتد و لیڤەرپوول و ئارسناڵ دەکەن لەگەڵ هەندێ خاوەن یانەکانی ئیسپانیا و ئیتاڵیا رێککەوتبوون کە دوانزە یانەی دۆڵەمەند و بەهێز هەڵبژێرن و جیایان بکەنەوە و لەخولێکی تایبەتدا بەناوی سوپەرلیگ یاری بکەن بەبێ ئەوەی هیچ یانەیەکی دیکە بتوانێ بچێتە ناو ئەو خولە، مەگەر بە رەزامەندی نەک بە ئاست باشی و کێبڕکێ. ئەمەش لەدیدی کۆمەڵە وەرزشیەکانەوە و هەروەها وەرزشەوانان و بەتایبەتی تر لای جمهور و هاندەرانی وەرزش بەتوندی مەحکوم کرا و کەسە دیارەکانی وەرزش هاتنە دەنگ و پرۆتیستی بیرۆکەکەیان کرد و چ بە ئۆنلاین و میدیا و چ بە خۆپیشاندان ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە، چونکە ئەمە دەرهێنانی وەرزشە لە سروشتی کێبرکێ خۆی و کردنی بەبابەتی کڕین و فرۆشتن و بەکاڵاکردن-کومیدیتی (سلعە). بەتایبەتی لە بەریتانیا کە تۆپی پێ بووەتە بەشێکی گەورەی ژیانی کۆمەڵایەتی و کەلتوریی ئەگەر نەڵیم ئاینی، هەندێ بیریار بە ئاینی نوێ ناوی دەبەن لێرە. بۆریس جۆنسن و زۆرێک لە ئەندام پەرلەمان و سیاسیەکان هەرزوو هاتنە سەرخەت و چوونە پاڵ دەنگی ناڕەزایی. دواجار هەر شەش یانە گەورەکەی ئینگلاند کشانەوە و دەنگی نارەزایی بەسەر ویستی سەرمایەدارەکاندا سەرکەوت.


بۆچی لای بەندە ئەم بابەتەم بەلاوە گرنگەو ویستم لێرەدا زۆر بەکورتی سەرنجێکی لەسەر بدەم. گرنگی بابەتەکە لەوەدایە ئەکرێ بوترێ لەمیانی ٣٠ ساڵی رابردوودا ئەمە بەیەک لەو نمونە سەرکەوتوانە دابنرێت کە لەکاتی ململانێی لۆکاڵ و گڵۆباڵ، ململانێی خەڵک و سەرمایەدار ، ململانێی مرۆڤ کردنە موشتەری و کڕیار، خەڵک و لۆکاڵ بردیەوە. مەعلومە بە موشتەری کردنی بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی لە ئەوروپا و ئەمەریکا پێشینەی هەیە و بیریاران لەمڕوەوە قسەی حسابیان هەیە ئەکرێ کتێبە نایابەکەی جەین بۆردیارد ( The Consumer Society
Myths and Structures ) لەسەر پرۆسەی بە موشتەری کردنی کۆمەڵگەی ئەمەریکی کارێک ئجگار گرنگە. بەڵێ کۆمەڵناسان پێیانوایە هەنووکە زۆربەی بوارەکانی ژیان بووەتە کاڵا و ئێمەش لەباتی مرۆڤ بووینەتە کڕیار. بۆ نمونە یەکێک لەو بوارانە مەسەلەی خوێندنە، جاران لەوڵاتەکاندا خوێندن ئیلزامی بوو ناونرابوو پەروەردە و پەیوەندی فێرخواز و فێرکەر هەبوو کە پەیوەندێکی بەرپرسیارانە بوو، بەڵام ئێستا وا خەریکە ئەو پەیوەندیە بەرەو ئەوە دەڕوا ببێ بە پەیوەندی نێوان کڕیار و فرۆشیار، واتە مامۆستا زانست دەفرۆشی و قوتابیش کڕیارە.

،،

ئەمەش بەهەمان شێوە راستە بۆ کەرتی تەندروستی کە دکتۆرەکان بوونەتە فرۆشیاری 'تەندروستی' و نەخۆشەکانیش بکڕی. دیارە لەمڕوەوە نمونە هەر زۆر زۆرە بەس کەرتی پەروەردە و تەندروستی دوو نمونەی مەترسیدارن.


کەواتە قسەکە ئەوەیە ئایا ئەو شەپۆلی بەکاڵا کردنی هەمووشت لە کۆمەڵگادا رادەگیرێ، ئایا وەرزش و تۆپی پێ دەتوانن لەم هاوکێشەیە بێنەدەرەوە ؟ بەداخەوە ئاماژەکان وا ناڵین کە بتوانرێ رێگیریی لەم تەوژمە بکرێ، چونکە پێشوەخت وەرزش لەهەندێ رووەوە کراوەتە کاڵا و بەتەنها بۆ چێژ و بەخۆرسکی نەماوەتەوە بگرە بووەتە یەکێک لە هەرە بوارە گرنەگەکانی بازرگانی. بەڵام لێرەدا من دیسان پێداگیریی لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی کورتیش بێ ئەو دەنگی ناڕەزاییەی کۆمەڵگەی وەرزشی دژی ئەو بڕیارە کە لەسەرەوە هاتەخوارەوە و بوویە هۆی ئەوەی پرۆژەکە بوەستێنی دیاردەیەکی دڵخۆشکەرە و هێزی گەل و ئاراستەی لەخوارەوە بۆسەرەوەی توندتر کرد و بوویە نەخێرێکی بوێرانە بەگژ چاوچنۆکانی دونیای سەرمایەداری.