کێ دەچێتە سەر کورسییەکەی ڕۆحانی؟

2021-04-21

وا بڕیارە 18ی حوزەیرانی 2021، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ئێران بەڕێوەبچێت، ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورای ئێران لە شوباتی 2020 و سیاسەتی ناوخۆیی وڵات و سیاسەتی نوێی ئەمریكا بەرامبەر بە ئێران، كۆمەڵێك ئاماژەن بۆ سروشتی سەرۆكی نوێی ئێران، كە جێگای حەسەن ڕوحانی دەگرێتەوە، بە واتایەكی دیكە كۆمەڵێك ئاماژەن كە پێمان دەڵێن كێبڕكێی توند لە نێوان ڕەوتی ڕادیكاڵی و میانڕەوی دەبێت، هەروەها چانسی ڕەوتی چاكسازی و میانڕەو لە ئێران زۆر لاواز دەبێت، هۆكاری ئەمەش ڕوون دەكەینەوە، كە بەشێكی پەیوەستە بەوەی نەیانتوانیوە بەڵێنەكانیان ببەنە سەر، كە لە كاتی هەڵبژاردندا بە دەنگدەرانیان داوە.

چوار چێوەی هەڵبژاردنەكە:
هەڵبژاردنی خولی سێزدەیەمی سەرۆكایەتی ئێران، كۆمەڵێك چوار چێوە لەخۆ دەگرێت، كە ڕۆڵی سەرەكی لە پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەكان و پێشكەش كردنی كاندیدەكان دەبینێت، بەشێكیان تایبەت دەبن بە مەیدانی ناوخۆی و بەشێكی دیكەشیان كاریگەر دەبن بە ڕووداو و پێشهاتە دەرەكیەكان، كە گرنگترینیان ئەمانەن:
خامەنەئی و ویستی بۆ دروست كردنی سەركردەی نوێ:

عەلی خامەنەئیی ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، لە وتارەكانی ئەم چەند ساڵەی دوایدا، وای لێدەخوێنرێتەوە، كە دەیەوێت نەوەیەكی نوێ لەسەركردایەتی دروست بكات، بەشێوەیەك زەمینەسازی بۆ دروستكردنی سەركردەیەك دەكات كە دوای خۆی جێگای بگرێتەوە،بۆ ئەمەش دەیەوێت لەڕووی ئایدۆلۆجی و فكرییەوە گۆڕانكاری بكات،هەرچەندە كوژرانی قاسمی سولەیمانی تا ڕادەیەك لەمپەری بۆ ئەم كارە دروست كرد، بەڵام هێشتا سوپای پاسداران رۆڵی یەكلاكەرەوە لە قرسە ناوخۆیی و دەرەكیەكان دەبینێت، سوپای پاسداران دەیەوێت سەركەوتنەكانی لە مەیدانی هەرێمی و بەرگریدا، كە سولەیمانی رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینی، بیكاتە دەستكەوتێك بۆ سیاسەتی ناوخۆیی.
لەم چوار چێوەیەدا، خامەنەئی چەندین جار چەمكی" گەنجانی شۆڕشگێڕ"ی بەكار هێناوە، كە دەتوانن كێشەكانی ئێران چارەسەر بكەن، بۆیە هەموو ئاماژە و ڕووداوەكانی ئەم دوایانە دەرخەری ئەوەن، كە خامەنەئیی دەیەوێت نەوەیەكی نوێی سەركردایەتی دروست بكات.

دامەزراوە فەرمانڕەواییەكان یەك دەخرێن:

هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ئێران، مەحكومە بەوەی هەوڵ بۆ ڕێكخستنی ئاڕاستە سیاسیەكانی ئێران دەدات، بەشێوەیەك دەیەوێت گونجاندنێك لە نێوان دەسەڵاتەكان دروست بكات، بۆ ئەوەی پێكەوە ڕووبەڕووی ئاڵانگارییەكان ببنەوە، تەیاری توندڕەو بەهەموو هەوڵێكیەوە دەیەوێت بگاتە كورسی سەرۆكایەتی، بەمەش دەیەوێت هەموو دەسەڵاتەكان یەكبخات و كەمترین دژایەتی لە نێوانیاندا بێت، بەتایبەت كە سەرۆكایەت دادگا و ئەنجومەنی شورا بەدەست خۆیانەوەیە، بۆ ئەوەی ئەم گونجانەش دروست بێت، گرنگە كورسی سەرۆكایەتیش بەرنەوە.


قەیرانی پەیوەندی لەگەڵ واشنتن:

لەوەیە یەكخستنی دیدی دامەزراوەكان خاڵی بەهێزی توندڕەوەكان بێت، بەڵام ئەمە پەیوەستە بە توانای ئەو كەسەی كە جێگای ڕوحانی دەگرێتەوە، بەوەی تا چەند دەتوانێت لەگەڵ ئەو پرسە قورسانە مامەڵە بكات، كە لە حەسەن ڕوحانیەوە بۆی بەجێدەمێنێت، چونكە تێروانینی ئەم ڕەوتە بەرامبەر بە ئەمریكا، هێشتا لە نێوان دوژمنایەتی و ڕەتكردنەوەی پەیوەندییەكانە، بەردەوام گومانی خۆیان لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا نیشانداوە، ئەم ڕەوتە ڕووبەڕووی ئاڵانگاری جدی سزاكانی ئەمریكا و دۆخی خراپی ئابوری خەڵك دەبنەوە.
ئەم ڕەوتە ڕووبەڕوی كێشەی گەورەی دارایی دەبنەوە، كە سزاكانی ئەمریكا رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینێت،بۆیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان ناچار دەبن پەنا بۆ سیاسەتی " سازشی ئازایانە" بەرن، ئەو چەمكەی كە خامەنەئیی لە ساڵی 2013 بۆ سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بەكاریهێنا، بەڵان هێشتا كێشەكە بە تەواوی چارەسەر ناكرێن،چونكە هەندێك لە كێشەكان پەیوەندی بە هەڵسوكەوتی ئێران لەناوچەكە هەیە.

دانوستان پێوویستە:

نوخبەی باڵی توندڕەوی ئێرانی، كە پەرلەمانیان كۆنترۆڵ كردووە و بەرەو سەرۆكایەتی هەنگاو دەنێن، پێیان وایە كە دانوستان لەگەڵ واشنتن بژاردەیەكی ئاسان نیە، ئەمەش لەبەر كۆمەڵێك هۆكار كە گرنگترینیان ئەوەیە ئیدارەكەی بایدن بە پێچەوانەی ترامپەوە، دەتوانێت لە ئەنجومەنی ئاسایش كۆبوونەوەی نێودەوڵەتی دژی ئێران ڕێكبخات،ئەمەش وا دەكات كە ناچار بن دانوستان لەسەر بەرنامە موشەكیەكان و رۆڵی ئێران لە ڕووداوە هەرێمیەكان بكەن، ئەمەش دەبێتە مایەی ئەوەی كە كۆمەڵێك كێشەی هەرێمی چارەسەر بكرێت، وەك پرسی یەمەن، بەڵام بەردەوامی مەرجەكانی بایدن و سزاكان، چانسی سەركەوتنی باڵی ڕادیكاڵەكان بۆ هەڵبژاردن زیاتر دەكات.
تاوەكو ئێستا هەموو هەوڵەكانی ئەم ڕەوتە بەردەوامە، بۆ ئەوەی ئیبراهیم رەئیسی ڕازی بكەن، خۆی بۆ سەرۆكایەتی وڵات كاندید بكات، خۆ ئەگەر ئەمە نەهاتەدی، ئەوە رەئیسی لە پۆستەكەی خۆی وەك سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری دەمێنێتەوە.


مەیدانی ناوخۆیی: لاوازی ڕەوتی چاكسازی و شكستی رەوتی میانڕەو:

هۆكاری كێبرَكێی ناو رەوتی ڕادیكاڵی، لەوەیە بۆ لاوازی ڕەوتەكانی چاكسازی و میانڕەو بگەڕێتەوە،چونكە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورا لە شوباتی 2020 لاوازیان دەركەوت، هیچ ئاماژەیەك بۆ چانسی سەركەوتنی چاكسازی نیە، بەهەمان شێوە ڕەوتی میانڕەوییش بەسەرۆكایەتی روحانی شكستی هێنا لەو بەرنامەیەی كە ڕایگەیاندبوو،بۆیە كاندیدێكی بەهێز نابینرێت بۆ پۆستی سەرۆكایەتی، لەوەیە ڕەوتی چاكسازی لە هەموو كات لاوازتر بن، هەروەها سیاسەتی چوار ساڵی ترامپ گورزێكی گەورەی لە رەوتی میانڕەو ی حەسەن ڕوحانی دا،ئەو ڕەوتەی پشتگیری لە چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ ئەمریكا دەكرد،بەڵام كێشەكان چارەسەر نەكران، بۆیە كاندیدێكی بەهێز نابینرێت و بتوانێت جەماوەر بە كۆمەڵێك بەڵێنی دیكە ڕازی بكات.

ڕاپرسیەكان چی دەڵێن؟:

ڕاپرسیەكان باس لە بەشداری كەمی دەنگدەرانی ئێران دەكەن، وەك ئەوەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەدا ڕوویدا، بەڵام بەپێی دواین ڕاپرسی كە سەنتەری " ئیبسا ئەنجامی داوە، لە %48ی بەشداربووان دەڵێن بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دەكەین، هەروەها لە %30 هێشتا بڕیاریان نەداوە، لە %20یش وتویانە " لەوەیە" دەنگ بدەین
ڕاپرسیەكە كە لە بۆچوونی هەزار 583 كەسی لەسەر و 18 ساڵەوە وەرگرتووە و هەموو شارەكانی ئێرانی گرتۆتەوە، ئیبراهیم رەئیسی زۆرترین كەس بە دڵنیاییەوە متمانەی پێدەدات، كە ڕێژەكە لە %43.4،هەروەها لە %16.1 نزیكە دەنگی پێبدەن، دوای ئەویش حەسەن خامەنەئیی بە ڕێژەی %29.5 پلەی دووەمی وەگرتوە، پلەی سێەمی راپرسیەكەش بۆ قالیبافە بە ڕێژەی %21.5.
هەریەكە لە جەواد زەریف و عەلی لاریجانی لەنێوان 13 بەشداربوودا، كەمترین ڕێژەیان هێناوە، لە %30.7 وتویانە بەهیچ شێوەیەك دەنگ بە زەریفی نادەین، هەروەها لاریجانیش بە ڕێژەی %30.5 پلەی دووەمی وەرگرتوە، پاشان موحسین رەزایی %26.3ی بەشداربوان بەهیچ شێوەیەك دەنگی پێنادەن.

لە كۆتایدا:

رەسوڵ بابەئی شارەزا لە بواری هەڵبژاردنەكان، ئاشكرای دەكات، كە دەنگدەرانی ئێران زانیاری تەواویان لەسەر كاندیدەكان هەیە، هەروەها دەڵێت ئەوان لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانە دەنگ بە كاندیدەكان دەدەن، نەك لەسەر بنەمای سۆز و عاتیفە،بۆیە دەنگدەران پێشینەی كاندیدەكان و كاری لە پێشینەی هەموویان دەزانن و لەسەر ئەو بنەمایە متمانەیان پێدەدەن،بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا نەك گەلی ئێران، بەڵكو تەواوی گەلان لە كاتی دەنگداندا دەكەونە ژێر كاریگەری سۆزەكانیان، واتە هەست و سۆز رۆڵێكی بەرچاو لە هەموو بڕیارەكاندا دەگێڕێت،بۆیە زۆرجار بینیومانە كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان تەواو پێچەوانەی پێشبینیەكان بوون، كەسانێك هەڵبژێردراون كە بە پێوەرە لۆژیكی و لێكدانەوەكان، سەركەوتنیان بەدەست نەدەهێنا، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەوەی ئێمە لەم ڕاپۆرتەدا شیكاریمان بۆی كرد، رۆڵی سەرەكی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەبینن.