بایدن و جینۆسایدی ئەرمەنی؟

2021-04-27

دەمەوێت بە هەندێک پرسیار و وەڵامی سادە چەند لایەنێکی ئەم ڕوداوە ڕون بکەمەوە.

یەکەم، بۆچی بایدن ئەم کارەی کرد؟
لە هەشتاکانەوە ئەرمەنییەکان بەردەوام لۆببی دەکەن بۆ ئەم کارە. بەشی زۆری ئەرمەنییەکان لە شاری گلێندەیلن لە نزیک لۆس ئەنجیلیس. برێکی زۆریان دەوڵەمەندن. ساڵ لە دوای ساڵ لە خۆڕێکخستن تۆکمەتربوون. زۆر سەرۆکی پێشوتر پەیمانی دانپیانانی پێدان. لە کتێبی خوێندنی ئایدیالیستێک، سەمانتا پاوەر چاپتەرێکی هەیە بە ناوی ٢٤ی نیسان، باس لە ئەوە دەکات کە چۆن ئۆباما لە پەیمانی کەمپیەنی هەڵبژاردنی پەشیمان بوەوە. پاوەر ئافرەتێکی دۆستی ئەوانە، زۆر دۆستی کوردیشە. هەموو سەرۆکەکانی پێشوو هەر کاتێک بیریان لە دانپیانان کردبێتەوە خێرا وەزارەتی دەرەوە، کۆنگریس، پەنتاگۆن هاتونەتەتە سەر خەت و ڕێگرییان کردوە.

،،

بەڵام ئەمجارە کەس نەبوو بەرگری بکاتلە تورکیا. جاران تەنانەت لۆبیی ئیسرائیلیش داکۆکیلە تورکیا دەکرد، کە جێگای سەرسوڕمانە، بەڵام سوپاس بۆ ئەردۆگان، تورکیا ئێستا بێدۆستە.

ڕەنگە پاشگەزبونەوەی ئۆباما پاڵنەری بایدن بوبێت، ئەو ڕۆژە هێنری بارکی وەهای دەگوت. بەڵام ئایرلەندی بونی بایدن هۆکارێکی سەرەکییە، لە دژایەتی ستەمی ئیمپراتۆرییەت. بە کورتی زۆر هۆکار لە ئارادابون کە دۆخەکەیان بەم ساتەوەختە گەیان کە ئاسانبێت بۆ بایدن بڕیاری لە سەر بدات.

بۆچی تورکیا دژ بە ئەم بە جینۆسایدناساندنەیە؟
ئەم تاوانە زیاتر لە سەدەیەک لەمەوپێش ڕویداوە، بەڵام بۆچی تورکیا دژایەتی دەکات؟ بە گشتی چەند هۆکارێک هەیە. یەکەم، پوچەڵبونەوەی حەقایەکی کۆماری تورکیا. جینۆسایدی ئەرمەن گەرچی لە دوا ساتەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا ڕودەدات، بەڵام دەبێەت بەشێکی سەرەکی چیرۆکی تورکیای نوێ. تورکیای نوێ لە سەر نکوڵی و سڕێنەو و زاڵبون دروست بوە. بۆیە کۆمەڵێک دێوزەمەی زۆر ڕاوەدوی دەنێت. دووەم، ترس لە داوای قەرەبوکردنەوە. هەرچەندە کارەکەی بایدن هیچ پێودانگێکی یاسایی نیە، زیاتر ئەخلاقییە، بەڵام تورکەکان لە قەرەبوی ماددی و خاکی دەترسن. سێیەم، ئەو چیرۆکە بەتاڵ دەبێتەوە کە تورکیا خاکی تورکە. هەبونی غرور و هەست بە کەمییکردن لە کەسایەتی تورکدا، وەهایکردوە کە دەترسێت جینۆساید وەک بەشێک لە مێژوی ببینرێت.



ئایا چۆن کاریگەری دەبێت لە سەر پەیوەندی تورکیا و ئەمریکا؟
هەتا ئیستا هەر وەڕین هەیە هیچ هەنگاوێكی کرداریی نیە. تورکەکان ماستەرن لەوەی کە بقیێڕێنن و هەروەها زووش فس ببنەوە. بۆیە مەگەر سودی هەڵبژاردنی هەبێت، ئەگینا ئەردۆگان هیچ کارێک ناکات.

،،

ئەمریکاش هەوڵیدا بە جۆرێک کارەکە بکات کە پەرچەکرداری کەم بێت. ئەوەتا تۆڵەی خۆی لە کوردی داماو دەکاتەوە.

ئایا وانەکانی چین بۆ ئێمە؟
یەکەم بە جینۆسایدناساندن پرسێکی سیاسیی و بەرژەوەندییە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. بەڵام ئەمە مانای ئەوەنیە کە ئەگەر سیاسەت و بەرژەوەندی نەبێت نابێت هیچ بکرێت. بە پێچەوانەوەی دەبێت بەردەوام کاربکرێت بۆ ئەوەی وڵاتان بتوانن وەک سودێک و کارێکی سیاسی بتبینن. ئەمە واقیعی دونیایە، تاڵە.
دەبێت ئەم دانپیانانە بەکاربێت بۆ دروستکردنی خیتابێک بۆ ڕێگرییکردن لە دوبارەبونەوەی بە سەر خەڵکانی تردا بە تایبەتی کورد نەک هەر لە باکور بەڵکو لە باشور و ڕۆژئاواش.