سەرۆكی پەرلەمان ڕاستی وت

2021-04-28

گریمان ئەگەر وەزیرێكی حكومەتی هەرێم، بووبێتە هۆكاری گیانلەدەستدانی پەنجا هاووڵاتی ئەم هەرێمەو بەچەندان بەڵگەش تاوانی جەنابی وەزیر پشتڕاست كرابێتەوە، ئاخۆ پەرلەمانی كوردستان بە بێ مەیل‌و ڕازیبوونی پارتی‌و یەكێتی دەتوانێت متمانە لەو وەزیرە بسێنێتەوە.


ئەو نمونەو پرسیارەی سەرەوە كە وەڵامەكەی نەخێرە، گوزارشتە لە دۆخی ئەو دەزگا كۆڵەوارەی كە ناوی پەرلەمانەو سەرۆكەكەشی دان بە لاوازی‌و بێكاریگەریی‌و كڵۆڵییەكەیدا دەنێت.

،،

ڕەنگە جیاوازییەكی گەورەی " ڕیواز فایەق"ی سەرۆكی ئەم خولەی پەرلەمان لەتەك سەرۆكی خولەكانی پێشووی پەرلەماندا ئەوە بێت، كە ئەم ڕاشكاوانە پێ لە لاوازی‌و بچووكی ئەو دەزگایە دەنێت كە سەرۆكایەتی دەكات‌و چەندجارو بەشێوازو دەربڕینی جیاوازیش ئەم ڕاستییەی بەیان كردووە.


لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا كاتێك دەربارەی لاوازی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان پرسیاری لێكرا، ئەو وتی، خولەكانی دیكەی پەرلەمان چییان كردووە تا ئەم خولەی پەرلەمان نەیكردبێت، وتیشی كام وەزیر لە خولەكانی پێشووی پەرلەماندا متمانەی لێسەندراوەتەوە تا لەم خولەی پەرلەماندا متمانە لە وەزیر بسەنرێتەوە.
ڕێواز فایەق، بەو بەراوردەی وەڵامی ئەو ڕەخنانەی دایەوە كە ئەم خولەی پەرلەمان بە لاوازترین خولی پەرلەمان هەژمار دەكەن، ئەو وەڵامەی ئەو، هاوكات نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە كە پەرلەمان ناتوانێت لە ئێستا باشتربێت‌و نابێت چاوەڕوانی ئەوە بین كە ئەو دەزگایە بچێتە سەر ئەو هێڵەی كە پەرلەمانی ڕاستەقینە لە دونیادا لەسەری دەڕوات، ئەو پێیووتین هەردوو هێزی دەسەڵات، پارتی‌و یەكێتی، پەرلەمانیان بەمجۆرە دەوێت،

،،

ئەو گوزارشتی لەو ڕاستییەش كرد كە لە ستراتیژو دونیابینی ئەواندا پەرلەمان دەبێت لەناو سیستمی سیاسی هەرێمدا پەراوێزترین دامەزراوەو بێت‌و كەمترین‌و لاوازترین ڕۆڵیش بگێڕێت‌و بە ویست‌و مەیلی ئەوانیش بجوڵێتەوەو هەنگاو بنێت.


سەرۆكی پەرلەمان ڕوون‌و ڕەوانتر كڵۆڵی‌و بێدەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستانی نیشاندا، كاتێك ڕایگەیاند كە سەبارەت بە لێبڕینی مووچە نوسراویان بۆ حكومەت كردووە كە لەپەرلەمان ئامادەبن، بەڵام ئامادە نابن.

لەژێر فشاری بەشێك لە پەرلەمانتارانداو لەوەڵامی پرسیاری ئەواندا بۆ هاتنی حكومەت بۆ پرساندن سەبارەت بە لێبڕینی مووچە، ڕێواز فایەق وایووت.
ئەو بەم وەڵامەی ویستی تۆپەكە بخاتە قاچی تیمەكەی مەسرو بارزانی‌و قوباد تاڵەبانییەوەو بەرپرسیارێتییەكە لە ئەستۆی دەستەی سەرۆكایەت پەرلەمان لابدات، بەڵام

،،

بەر لە هەموو شت بێدەسەڵاتی‌و لاوازی خۆیی‌و پەرلەمانی كوردستانی دووپاتكردەوەو پێیووتین دەسەڵاتداران‌و ئەوانەی جڵەوی حكومەتیان لەدەستدایە، حساب بۆ پەرلەمان ناكەن‌و ئێمەش لەوە لاوازترین بتوانین چاودێریان بین‌و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكەین.

دەیان بەڵگەو ئاماژە هەن دەمانبەنەوە سەر ئەو ڕاستییەی كە پەرلەمانی كوردستان، دەزگایەكە سەدان فرسەخ لەو ڕێگایەوە دوورە كە دەبێت پەرلەمان پیایدا بڕوات، پێلێنانەكانی " ڕێواز فایەق"ی سەرۆكی پەرلەمانیش بوویە سەربارێكی گەورە بۆ ئەو ڕاستییەو پێیووتین لە ستراتیژو دونیابینی پارتی‌و یەكێتی دا پەرلەمان دەبێت بەمجۆرە بێت كە ئێستا هەیە.